دادوەرێکی پێشووی دادگای پێداچوونەوە: دادوەرەکانی دادگای پێداچوونه‌وه سەربەخۆنین

ئەندامێکی پێشووی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم رایگەیاند، دادگا و دادوەرەکان سەربەخۆ نین، بە تایبەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، دەشڵێت، "ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ی چالاکوانان و رۆژنامەوانانی بادینان به‌وجۆره‌ بۆم ره‌وانە بکرایە به‌ تاوانم ره‌چاو نەدەکرد."

دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر ئەندامی پێشووی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "ئەگەر بڵێم دۆخی دادگاکان و دادوەری لە هەرێم باشە، راست ناڵێم دادگاكان سه‌ربه‌خۆ نین، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ن."

لەبارەی بڕیارەکەی دادگاشەوە بۆ سزادانی سزادراوانی بادینان وتی، "حه‌زم ده‌كرد دادگا دڵی فراوانتر بووایه‌ و دادوه‌ره‌كان زیاتر سنگ فراوان بوونایه‌."

راشیگەیاندووە، "ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ی چالاکوانان و رۆژنامەوانانی بادینان به‌وجۆره‌ بۆم ره‌وانەبکرایە به‌ تاوانم ره‌چاو نەدەکرد."

دادوەر عەبدولکەریم حەیدەر ئاماژەی بەوەشکردووە، "دانیشتن لەگەڵ کونسوڵەکان زۆر زۆر ئاساییە و تاوان نیە، ئەگەر تاوان بێت خۆ بەرپرسە سیاسی و حیزبییەکانمان لەگەڵییان دادەنیشن."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لێبوردنی تایبەتی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ریناكات ئه‌گه‌ر حوکمه‌كه‌ی پله‌ی كۆتایی وه‌رنه‌گرێت چونكه‌ ئێستا حوكمه‌كه‌ نه‌چووەته‌ پله‌ی كۆتاییه‌وه‌ و سەرۆکی هەرێم ناتوانێت چونكه‌ هێشتا داواكاری راستكردنه‌وه‌ ماوه‌كه‌ی ماوه‌، كێ ناڵێت دادگای پێداچوونه‌وه‌ خۆی بڕیاری خۆی چاک ناكاته‌وه‌؟"

رۆژی ٦ی ئەم مانگە، سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی دادگای تاوانەکانی هەولێری بە سزای شەش ساڵ زیندانیكردن بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد.

 

z.s

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٦٨ هاوڵاتی هەرێم لەهیندستانەوە گەڕێنرانەوە هەرێم

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 68 هاوڵاتی كوردستان كە بۆ چارەسەری پزیشكی لە هیندستان بوون، لەڕیگەی فرۆکەخانەی هەولێرەوە گەیشتنەوە هەرێمی كوردستان.

بڕیارە ئەو 68 كەسە دوای ئەوەی پشكنینی كۆڕۆنایان بۆ دەکرێت لە هوتێلێك لە هەولێر بۆ ماوەی هەفتەیەك لەسەر ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەرەنتین بكرێن. دواتر دووبارە پشكنینیان بۆ دەكرێت، ئەگەر تووشی كۆڕۆنا بووبن چارەسەر وەردەگرن و دوو هەفتەی دیكەش كەرەنتین دەكرێن، ئەگەریش تووش نەبووبن دەچنەوە ماڵەوە.

بەپێی زانیارییەكانیان لەئێستادا نزیكەی 200 هاوڵاتی هەرێم لە هیندستان گیریان خواردووە و سەرەتا هەوڵی هێنانەوەی ئەوانە دەدرێت کە نەخۆشن.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق تاوەکو ئێستا دوو گەشتی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتیانە رێکخستووە، کە کاروانی دووەمیان شەوی رابردوو لە رێگەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراق گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو لە هیندستان، حکومەتی عێراق لە رۆژی 28-4-2021 گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئەو وڵاتە راگرت و بڕیاریشی دا بە گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی لەو وڵاتە گیریان خواردووە، کە ژمارەیان بە 3000 کەس مەزەندە دەکرێت.

 

z.s

ئێران هەبوونی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ له‌گه‌ڵ سعودیه‌ پشتڕاستكرده‌وه‌

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار هەبونی گفتوگۆ لەگەڵ سعودیە پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ئەو گفتوگۆیانەی کراون باس لە کێشەکانی نێوان هەردو وڵاتە کراوە.

بەپێی ماڵپەڕی روسیا تودەی، سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، "ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ سعودیە کراون، گرنگیان بە کێشەکانی نێوان هەردو وڵات و ناوچەکە داوە، ئێمە هەمیشە بە هەر شێوە و لە هەمرو ئاستێک پێشوازیمان لەو دیالۆگانە کردوە، با چاوەڕێ بکەین و ئەنجامی دیالۆگ و گفتوگۆکان ببینین".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، کەمکردنەوەی گرژییەکان لە بەرژەوەندی ئێران و سعودیەیە لە ناوچەکەدا.

سعودیە و ئێران لەبارەی چەندین پرسی جیاوازەوە ناکۆکن، بەتایبەت شەڕ لە یەمەندا کە ئێران بە پشتیوانیکردنی حوسیەکانی ئەو وڵاتە دژی سعودیە تۆمەتبار دەکرێت، لە ساڵی 2016ەوە هیچ پەیوەندیەکی دیپلۆماسی فەرمیان نەماوە.

 

z.s

ئێران: هەرکەس دەستی لە کوشتنی سولەیمانی هەبێت سزادەدرێت

یەکەم کاردانەوەی فەرمیی ئێران بە راپۆرتەکەی ماڵپەڕە ئەمریکییەکە لەبارەی چۆنیەتیی کوژرانی قاسم سولەیمان، هەڕەشەیەکی تووندە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، هەرکەس راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەستی لەو کوشتنە هەبێت باجەکەی دەدات.

سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە راپۆرتەکەی یاهوونیوز لەبارەی وردەکاریی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس رایگەیاند: "ئەو کەسانەی کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە هەر وڵاتێک بن و دەستیان لە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانیدا هەبووبێت، بێگومان بەرپرسایەتیی تاوانەکەیان لە ئەستۆدایە و لەڕێی رێکارە پەیوەندیدارەکانەوە رێکاری تایبەتی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر".

خەتیبزادە لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو راپۆرتەدا دەڵێ: زۆربەی ئەو راپۆرتانە لای ئێمە ئاشکران و لە راستی و دروستییەکانیان دەکۆڵینەوە. رێڕەوی دۆسیەکە لە دەزگای داد و گفتوگۆ دوولایەنە سیاسی و ئەمنییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەدواداچوونی بۆدەکرێت.

ماڵپەڕی یاهوونیوز لە لە راپۆرتێکی تایبەتدا کە رۆژی شەممە بڵاوی کردەوە و وردەکاریی نوێ لەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە رۆژی 3ی ژانویەی 2020دا خستووەتەڕوو.

بەپێی راپۆرتەکەش لانیکەم 4 ئەندامی دژە تیرۆری کوردستان CTG هاوکاریی هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکایان کردووە و رۆڵی زۆر گرنگیان لە کوشتنی قاسم سولەیمانیدا هەبووە.

هەرچەندە لە راپۆرتەکەدا باس لە CTG کراوە کە دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و بۆ ئەو مەبەستەش راپۆرتێک لەسەر دژەتیرۆری یەکێتی هایپەرلینک کراوە، بەڵام دەزگای دژەتیرۆر رەتیدەکاتەوە کە لە کوشتنی قاسم سولەیمانی بەشداربووبێت و لە راگەیێندراوێکدا باس لەوەکراوە کە نازانم مەبەست کام دژەتیرۆری کوردستانە و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاگاداربوون و به‌شداربوونی هێزه‌كه‌یان له‌ كرده‌وه‌ی له‌وجۆره‌دا ره‌تدە‌كه‌نه‌وه‌.

دەزگای دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند: "شه‌وی 8/9-5-2021 راپۆرتێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕوون تۆمه‌تی به‌شداربوون له‌ كه‌یسی تیرۆركردنی ژه‌نراڵ قاسم سولەیمانی ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی كوردی و له‌ شوێنێكی دیکە ناوی هێزێكی دژه‌ تیرۆری سه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌، گه‌رچی ئێمه‌ نازانین كه‌ نووسه‌رانی راپۆرته‌كه‌ مه‌به‌ستیان له‌ كام هێزی دژه‌ تیرۆره‌ له‌ كوردستان، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ ‌‌ تا ئێستاش وه‌ك ئاشكرایه، دوو هێزی پێشمه‌رگه‌ و دوو ئاسایش و دوو هه‌واڵگری و دوو دژه‌ تیرۆر له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ ئێمه‌وه‌ وه‌ك هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر هه‌بێت، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاگاداربوون و به‌شداربوونی هێزه‌كه‌مان له‌ كرده‌وه‌ی له‌وجۆره‌دا ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".

لە راگەیێندراوەکەدا باس لە پەیوەندیی نێوان قاسم سولەیمانی و مام جەلال کراوە و تێیدا هاتووە: "ژه‌نراڵ قاسم سولەیمانی هاوڕێیه‌كی نزیكی خوالێخۆشبوو هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بووه‌ و، دەزگای دژە تیرۆر رۆژگارێك لەو سەنگەرەدا شەڕی دژ به‌ تیرۆریزمی كردووه‌ کە قاسمی سولەیمانیش تیایدا دەجەنگا. ئاشکرایە کە بە تیرۆرکردنی سه‌ركرده‌یه‌كی له‌م ئاسته‌، هەرێمی کوردستان دۆستێکی مێژوویی خۆی لەدەستدا و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هاوڕێیەکی مام جەلالی لەدەستچوو".

 

z.s

 

کازمی: به‌م نزیكانه‌ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كرێن

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، به‌م نزیكانه‌ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كرێن، دەشڵێت، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌ سه‌رده‌می زێڕینی خۆیاندان.

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیری عێراق لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک میدیای عێراقیدا ئەوەشی خستەڕوو، پێویستیان به‌ بنیاتنانی متمانه‌یه‌ له‌ نێوان كورد و عه‌ره‌ب بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ناوچه‌ کێشەلەسەرەکان.

مستەفا کازمی دەشڵێت، ئێستا له‌ قۆناغی كۆتایی دابه‌شكردنی به‌شه‌كانی بودجه‌ی ٢٠٢١دان، دەشڵێت پڕۆژه‌ی سیاسی سه‌ركه‌وتوو ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنێکی پاک و بێگه‌رد به‌ڕێوه‌بچێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، كێشه‌ی ناوچه‌ کێشەلەسەرەکان له‌ رێگه‌ی پێشنیازێكه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن كه‌ به‌غدا ده‌یخاته‌ به‌رده‌م هه‌ولێر و له‌ ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا شاندێک سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئەو ناوچانە.

دوێنێش، فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، "بۆ مانگی پێنج بەغدا پارە بۆ هەرێم دەنێرێت و پێشبینیش دەکرێت فەرمانبەران بەبێ لێبڕین موچە وەربگرن."

ئەوەش لەکاتێکدایە، پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتی هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنی نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان.

 

 

z.s