گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌كه‌ركوك دۆزرایه‌وه‌. گومانده‌كرێت ڕوفاتی پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان بن

له‌سنوری پارێزگای كه‌ركوك گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵیه‌وه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری كاروبای شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوانی كه‌ركوكیش ئاشكرایده‌كات، "گومانمان هه‌یه‌ له‌وه‌ی ڕوفاتی نێو ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌، ته‌رمی پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌ دیله‌كانی ده‌ستی داعش بن".

سه‌ید خه‌لیل به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروبای شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوانی كه‌ركوك له‌لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد، دوێنێ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی عێراقه‌وه‌ گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌نزیك مه‌كته‌ب خالید دۆزراوه‌ته‌وه‌.

وتیشی:"گۆڕه‌كه‌ كه‌وتۆته‌ نێوان گونده‌كانی داود عه‌لۆو موغاد كه‌ نزیكه‌ له‌سه‌ربازگه‌ی مه‌كته‌ب خالیدو ژماره‌یه‌كی زۆر ڕوفاتی تێدایه‌، به‌ڵام ڕێگه‌یان نه‌داوه‌ هیچ تیمێك بچێته‌ ئه‌و شوێنه‌، چونكه‌ ناوچه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌".

ئه‌وه‌شی وت:"ئێمه‌ گومانمان هه‌یه‌ له‌وه‌ی ڕوفاتی نێو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ ته‌رمی پێشمه‌رگه‌ دیله‌كانی ده‌ستی داعش بێت، بۆیه‌ داوامان له‌وه‌زاره‌تمان كردوه‌ هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌زگای شه‌هیدانی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌ماهه‌نگی ئێمه‌ ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌ هه‌ڵبدرێته‌وه‌".

ك-س

كه‌مپه‌كان داده‌خرێن و ئاواره‌كان ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان

وه‌زاره‌تی‌ كۆچ و كۆچبه‌رانی‌ عێراق به‌منزیكانه‌ ده‌ست به‌ داخستنی‌ كه‌مپی‌ ئاواره‌كان ده‌كات و، له‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا پێنج كه‌مپ داده‌خرێن.

بریكاری وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند، داخستنی‌ كه‌مپه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ په‌نابه‌ران به‌پێی فه‌رمانێكی مسته‌فا كازمی سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ عێراقه‌ و، سه‌ره‌تا پێنج كه‌مپ له‌ به‌غدا و دیاله‌ داده‌خرێن.
هه‌روه‌ها تا ئێستا نزیكه‌ی پێنج هه‌زار خێزان كه‌ كه‌مپه‌كانیان جێهێشتووه‌ و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدی‌ خۆیان، له‌ پێدانی مینحه‌یه‌ك سوودمه‌ند بوون كه‌ بڕه‌كه‌ی‌ یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار دیناره‌.
وه‌زاره‌تی‌ كۆچ و كۆچبه‌رانی‌ عێراق، به‌پێی‌ پلانێكی‌ سێ‌ قۆناغی‌، پاش گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان بۆ زێدی‌ خۆیان سه‌رجه‌م كه‌مپه‌كانی‌ ئاواره‌كان داده‌خات. كه‌مپه‌كانی‌ هه‌رێم له‌ دوایین قۆناغدا داده‌خرێن.
بۆ خێراكردنی‌ پلانه‌كه‌یش، حكوومه‌تی‌ عێراق هاوكاریی‌ ماددی‌ پێشكه‌ش به‌و خێزانانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی‌ خۆیان. به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق، نزیكه‌ی‌ 300 هه‌زار ئاواره‌ له‌ ناوخۆی‌ عێراقدا ماون كه‌ زۆرینه‌یان له‌ كه‌مپه‌كانی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمدان.

karwan

تووشبووانی كۆرۆنا لە جیهان 41 ملیۆنی تێپەڕاند

بە گوێرەی دواین ئامار، تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتە 41 ملیۆن و 50 هەزار و 369 حاڵەت.

بە گوێرەی ئامارە جیهانییەكان، تاكو كاتژمێر 9:30ی ئەمڕۆ چوار شەممە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتە 41 ملیۆن و 50 هەزار و 369 حاڵەت، لەو ژمارەیەش ملیۆنێك و 129 هەزار و 741 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش هەبووە.

لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، ئەمریكا زۆرترین ڕێژەی تووشبوون بە پەتاكەی تێدا تۆماركراوە و گەیشتووەتە هەشت ملیۆن و 520 هەزار و 307 كەس و 226 هەزار و 149 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ڤایرۆسی كۆرۆنا نەخۆشییەكی كوشندەیە و مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو لەشاری وۆهانی وڵاتی چین سەریهەڵداو لەئێستاشدا لە زیاتر لە 210 وڵات و ناوچەی جیهان بڵاوبووەتەوە.

karwan

ڕوسیا لەتێکشکاندنی فڕۆکە دڕۆنە تورکییەکان یارمەتیی ئەرمینیا دەدات

پێگە هەواڵیە ڕوسییەکان ڕایده‌گه‌یه‌نن، ئەرمینیا بەهۆی یارمەتییەکانی ڕوسیاوە دەستیکردوە به‌ لەناوبردنی بەکۆمەڵی فڕۆکە دڕۆنە پێشکەوتوەکانی تورکیا، بەشێوەیەک تەنها لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا پێنج فڕۆکەی درۆنییان تێکشکاندوە.

لەوبارەیەوە پێگەی Actual Newsی ڕوسی باسی لەوەکردوە، تاماوەیەک پێش ئێستا، ئەرمینیا لەڕوبەڕوبونەوەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا دەستەوەستان بون کە لەخاکی ئەرمینیاوە هەڵدەستان، بەڵام بەهۆی یارمەتییەکانی ڕوسیاوە، تەنها لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری Bayraktar TB2یان تێکشکاندوە، بۆئەوەش پێشبینیکراوە کە ئەرمینیا چەکی نوێی ڕوسی بەدەستگەیشتبێت.

بەگوێره‌ی ئەو وێنانەی لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردودا وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا بڵاویکردونەتەوە، دەردەکەوێت کە ئەو فڕۆکانەی تێکشاون لەجۆری Bayraktar TB2ن‌و سیستەمی ECO n Wescam CMX15Dی دروستکراوی کەنەدی‌و بزوێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی UAV IAI Haropی ئیسرائیلی ناسراونەتەوە.

پسپۆڕانی سەربازی دەڵێن، مەرج نییە ڕوسیا چەکی نوێی ڕادەستی ئەرمینیا کردبێت، بەڵکو ئەگەری هەیە سیستەمی ڕاداری ڕوسی پەیوەستکردبێت بەسیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەرمینیاوە، هەربۆیە توانای سیستەمە ئەرمینییەکە لەدۆزینەوەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان زۆر گەشەیکردوەو لەئێستادا هێزەکانی ئەرمینیا دەتوانن بەشێوەیەکی زۆر کاراتر گورز لەفڕۆکە تورکی‌و ئازەرییەکان بوەشێنن.

k-s

شەڕ لە نێوان شەڕڤانان و گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا ڕوویدا

شەڕو پێكدادان لە نێوان شەڕڤانان و گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا لە گوندێكی ناوچەی عەین عیسا ڕوویدا.

ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە 21-10-2020 شەڕێكی قورس لە گوندی سەیدای سەربە ناوچەی عەین عیسا لە ڕۆژئاوای كوردستان، لە نێوان شەڕڤانانی هەسەدە و چەكدارانی سەر بە دەوڵەتی توركیا ڕوویدا و تاكو ئێستاش شەڕو پێكدادانەكە بەردەوامی هەیە و فڕۆكەی سیخوڕی بەسەر ئاسمانی ناوچەكەدا دەسوڕێتەوە.

گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا بە پشتیوانی توركیا بەشێك لە خاكی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان داگیركردووە و دوێنێش درۆنەكانی دەوڵەتی توركیا گوندەكانی مەزرێ و دێركا بەراڤێێ شاروچكەی دێركی رۆژئاوای كوردستانیان بۆردومان كرد و لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون.

ئەمەش لەكاتێكدایە، د.تاریق خێرەكی جێگری سەرۆكی شەپۆلی ئازادی ڕۆژئاوای كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەمیشە هەڕەشەیەك لە دژی ڕۆژئاوای كوردستان دەكرێت و ئەگەری هێرشی دووبارەی سوپای توركیا دوور لە چاوەڕوانی نییە

karwan