ئەمەریکا: کڕینى (ئێس -400) لەلایەن تورکیاوە جێگەى قبوڵکردن نیە

جۆناسان ھۆفمان، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا، ئاشكرای كرد كه‌ پینتاگۆن ئاگاداری بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ھه‌واڵه‌یه‌ و گوتی: ئه‌گه‌ر ئه‌م ھه‌واڵانه‌ راست بن، وه‌زاره‌تی به‌رگریی به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ ده‌كات. به‌ ئاشكرای ئاماژه‌مان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ سیسته‌می S-400 له‌گه‌ڵ په‌یوه‌سته‌یی توركیا به‌ ناتۆ و ئه‌مریكا یه‌كناگرێته‌وه‌.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا، ئه‌وه‌شی وه‌بیرھێنایه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان دژی كڕینی ئه‌م سیسته‌مه‌ بوون له‌لایه‌ن توركیاوه‌ و گوتیشی: نیگه‌رانین له‌ به‌رامبه‌ر ھه‌واڵی به‌كارھێنانی سیسته‌مه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كرداریی له‌لایه‌ن توركیاوه‌. نابێ چالاك بكرێت. ئه‌نجامدانی ئه‌مه‌ مه‌ترسی كێشه‌ی جددی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌منیمان لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

جۆناسان ھۆفمان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ به‌ھۆی كڕینی سیسته‌می S-400 به‌شداری توركیا له‌ پرۆگرامی F-35 ھه‌ڵپه‌سێردراوه‌ و گوتیشی: " S-400 رێگره‌ له‌ ئه‌نجامدانی ھه‌ماھه‌نگی له‌ بواره‌كانی دیكه‌دا.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هۆشداری داوه‌ته‌ توركیا و رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر كاراكردنی سیسته‌می S-400 راست بێت،ده‌بێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌منییه‌كان چاوه‌ڕوانی سزای توند بكات

 

 

بيستون ...

کازمى بەرپرسێکى باڵاى تورکمان لەپۆستەکەى دوردەخاتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرپرسێکی باڵای تورکمان لەپۆستەکەی دووردەخاتەوە.

میدیاکانی عێراق لەزاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویانکردوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆرهان موفتی لەپۆستی نوێنەری حکومەت لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دورخستوەتەوە.

بەوتەی یسەرچاوەکە، تۆرهان موفتی بەگرێبەست لەو پۆستەدا دەستبەکاربوە، ئەمرۆش مستەفا کازمی فەرمانی کردوە گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنرێتەوە.

تۆرهان موفتی سەر بەپێکهاتەی تورکمانە و خەڵکی کەرکوکە، پێشتر وەزیری دەوڵەت بوە بۆکاروباری پارێزگاکان، لەکابینەکەی عادل عەبدولمەهدی دا وەک نوێنەری حکومەت لەئەنجومەنی نوێنەران دەست بەکاربوە.

 

 

 

z.s

كازمی داوای هاوكاری له‌ سیسی ده‌كات دژی له‌شكركێشی توركیا

موسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق داوای هاوكاری له‌ میسر ده‌كات بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی له‌شكركێشی توركیا بۆسه‌ر خاكی عیراق.

میدیا عیراقییه‌كان به‌پشت به‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی میسری تایبه‌ت ئاماژه‌یان به‌وه‌كردوه‌ كه‌ پێش كۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵی نێوان وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عیراق و میسرو ئوردن، مو‌سته‌فا كازمی نامه‌یه‌كی بۆ عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسر ناردوه‌و داوای هاوكاری لێكردوه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی توركیا.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، له‌ نامه‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ چۆن ئه‌نقه‌ره‌ هه‌وڵی وێرانكردن و داگیركردنی "باكوری عیراق" ده‌دات، و ئاماژه‌ش به‌و مه‌ترسییانه‌ كراوه‌ كه‌ ده‌ستوه‌ردانه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان بۆ عیراق و ناوچه‌كه‌ی دورست ده‌كه‌ن.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی میسریشدا دوای به‌ده‌ستگه‌یشتنی نامه‌كه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ قاهیره‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی عیراق ده‌كات بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عیراق و میسرو ئوردن له‌‌ قاهیره‌ به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ر سێ وڵات رێكه‌وتن له‌سه‌ر هاوئاهه‌نگی و هاوكاری بۆ پاراستنی ئاسایشی عه‌ره‌بی و رێگرتن له‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان له‌ناوچه‌كه‌.

 

ز.س

 

حكومه‌تی هه‌رێم پێنج سایلۆی نوێ دروستده‌كات

به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێریی بازرگانی هه‌ولێر رایگەیاند، لە ئێستادا ژمارەی سایلۆکانی هەرێم بەشی هەڵگرتنی گەنمی جوتیاران ناکات، بۆیە حكومه‌تی هه‌رێم پێنج سایلۆی نوێ به‌گوێره‌ی پێویستی شاره‌كان و ژماره‌ی جوتیاران دروستده‌كات.

هێمن سه‌ید موراد به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێریی بازرگانیی هه‌ولێر به‌ ماڵپه‌ڕی پارتی راگه‌یاندووە، "ئێستا له‌ هه‌ولێر یه‌ک سایلۆ و له‌ دهۆک سێ سایلۆ و له‌ سلێمانی چوار سایلۆ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش به‌شی هه‌ڵگرتنی گه‌نمی جوتیاران ناكات."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بۆ گرنگیدان به‌ به‌رهه‌می جوتیاران و پاراستنی گه‌نم وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی خۆراك و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، حكومه‌تی هه‌رێم پێنج سایلۆی نوێ دروستده‌كات، كه‌ له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كانی هەرێم و به‌گوێره‌ی پێویستی شاره‌كان و ژماره‌ی جوتیاران و قه‌باره‌ی سایلۆ‌كان ده‌بێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوودا سایلۆیه‌كی دیكه‌ له‌سه‌ر رێگای قوشته‌په‌ ده‌خرێته‌ خزمه‌ت جوتیارانی سنوری پارێزگای هه‌ولێر، به‌م شێوه‌یه‌ش ژماره‌ی سایلۆكانی هه‌ولێر ده‌بنه‌ دوو سایلۆ."

 

 

ز.س

گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و تورکیا دەستپێدەکەنەوە

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و تورکیا دەستپێدەکاتەوە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی لە عێراق، دووبارە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان عێراق و تورکیای راگەیاند، کە پێشتر لەلایەن ئەنقەرەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە راگیرابوو.

دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە ئەمڕۆ پێنج شەممەوە دەستدەکرێت بە دووبارە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانیەکانیان لەگەڵ وڵاتی تورکیا کە لە هەفتەیەکدا حەوت گەشت دەبێت بۆ هەر لایەکیان.

ئەم بڕیارەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا تورکیا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ عێراق بۆ ماوەی دوو هەفتە راگرت.

رۆژی یەکشەممەی رابردووش، عێراق و ئێران دەستیان بە گەشتە ئاسمانییەکانیان کردەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک و لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی ئێران راگیرابوو.

 

 

ز.س