كازمی و فەرماندە باڵاكانی سوپای عێراق و پێشمەرگە كۆبوونەوە

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، شەوی رابردوو بە سەرپەرشتیی مستەفا کازمی لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە "هەڕەشە جیدییەکانی چەکدارانی داعش" ئەنجامدراوە و بڕیاردرا بۆشاییە ئەمنییەکان بە هاوبەشی پڕبکرێنەوە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، شەوی رابردوو "لە بەغدادی پایتەخت لەگەڵ فەریق جەمال، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداربووین لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی سەبازی و ئەمنی کە لەلایەن مستەفا کازمییەوە سەرپەرشتی کرا بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و دارایی لە حکومەتی فیدراڵی".

راشیگەیاند، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە هەڕەشە جیددییەکانی داعش کە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی بۆشایی ئەمنی و سەربازییەوە دروستیان کردبوو، بووە هۆی شەهیدبوونی چەند پێشمەرگەیەکی  لیوای ١٠ی وەزارەتی پێشمەرگە و سەربازانی وەزارەتی بەرگری لە حکومەتی فیدراڵ.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بڕیاردرا بە زیاتر چالاککردنی هەماهەنگی و کارە هاوبەشەکانی لیژنە هاوبەش و تیمە هاوبەشەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پێشمەرگە لە سەنتەرە هاوبەشەکانی نێوانمان، پڕکردنەوە بۆشاییەکان و ئاڵووێرکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان تاوەکو رێگربین لە دووبارەبوونەوەی کاری لەو جۆرە و زیاتر پتەوکردنی پشتێنە ئەمنییەکان و زیادکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان".

هاوکات، نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە کۆبوونەوەکەی کازمی و فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە و فەرماندەکانی هێزە ئەمنییەکانی فیدڕاڵی دا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، کازمی فەرمانی کردووە بە چالاک کردنی دەزگای هەواڵگری و ئەمنی و خێراکردنی جموجوڵەکانی سوپا و دەزگای ئەمنی و هێزەکانی پێشمەرگە لە پێناو رێگری کردن لە جموجوڵەکانی چەکدارانی داعش و وشکردنی  سەرچاوەکانی و لێدان لە بنکە و پێگەکانیان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، درەنگانی شەوی شەممە و کاتژمێر ١٢ و ٣٠ خولەک، چەکدارانی داعش لە سنوری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، هێرشیانکردە سەر دوو سەنگەری سەربازی پێشمەرگە و روبەڕوبوونەوە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعشدا دروست بوو، کە تیایدا شەهید و بریندار لە ریزەکانی پێشمەرگەدا کەوتەوە.

z.s

لەهەرێمی كورستان بۆ 46 كورسی پەرلەمانی عێراق ١٤٨ كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن

لەهەرێمی كورستان بۆ ٤٦ كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ١٤٨ كاندیدی لایەنە سیاسییەكان و هاوپەیمانی و پێكهاتەكان كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن.

حوسێن رەقیب، بەڕێوەبەری دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لەكۆنفڕاسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوێنێ شەو وادەی تۆماركردنی كاندیدی لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی عیراق كۆتایی هات و ئەوانەشی تاوەكو ١٥ی نیسان تۆماری بایۆمەتریان كردووە، كارتی دەنگدانیان بۆ دەگەڕێتەوە.

دەشڵێت، لەعیراق ٢٦٧ لایەنی سیاسیمان هەیە خۆیان تۆماركردووە، كۆی ڕێژەی كورسییەكانی هەرێمی كوردستان ٤٦ كورسییە بۆ ١٢ بازنەی هەڵبژاردن كە سلێمانی ١٨ كورسی، هەولێر ١٦ كورسی، دهۆك ١٢ كورسی، لەم ژمارەیەش ٢ كورسی بۆ مەسیحییەكانە.

ئەوەش دەخاتەڕوو، لەهەولێر ٨ كاندیدی سەربەخۆ و ٣٣ كاندیدی لایەنە سیاسییەكان تۆماركراون، ژمارەی كاندیدی هاوپەیمانیەتی ١٢ كەس تۆماركراون، مەسیحییەكانیش ١٠ كەس خۆی كاندید كردووە كۆی گشتی ٥٣ كاندید، لەپارێزگای دهۆك ٨ كاندیدی سەربەخۆ و ١٨ كاندیدی لایەنە سیاسییەكان تۆماركراون، ژمارەی كاندیدی هاوپەیمانیەتی ۲ كەس تۆماركراون، مەسیحیەكانیش ۲ كەس خۆی كاندید كردووە كۆی گشتی ٣٠ كاندید.

وتیشی، لەپارێزگای سلێمانی ١٧ كاندیدی سەربەخۆ و ٣٣ كاندیدی لایەنە سیاسییەكان تۆماركراون، ژمارەی كاندیدی هاوپەیمانیەتی ١٥ كەس تۆماركراون، كۆی گشتی ٦٥ كاندید.

لە بەندیخانەیەکی عێراق 20 زیندانی هەڵاتن

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 20 زیندانی لە بەندیخانەیەکی عێراق، کە تایبەتە بە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، هەڵاتن.
 
ئەحمەد مەنفی، پارێزگاری موسەننا، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ژمارەی زیندانییە هەڵاتووەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی شارۆچکەی هیلال لە 20 زیندانی تێناپەڕێت".
 
ئەو کەسانەی لە بەندیخانەکە هەڵاتوون، بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر بەندکراون، پارێزگاری موسەننا دەڵێت: "بڕیارمان دا بەڕێوەبەری بەشی مادە هۆشبەرەکان و چەند ئەفسەرێک دەستبەسەر بکەین بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە ئەوان ئەرکی خۆیان پشتگوێخستووە".
 
پارێزگاری موسەننا راشیگەیاند: "هەڵمەتێکی فراوانمان دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی هەڵاتووەکان" داواشی لە دانیشتووانی شارۆچکەی هیلال کرد هاوئاهەنگی هێزە ئەمنییەکان بن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارە هەڵاتووەکان.
 
پارێزگاری موسەننا هاوکات لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی فەیسبووک بڵاویکردەوە رایگەیاند: "هەر کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان یان هاووڵاتییەک ئاگادارمان بکاتەوە یان هەر کام لە هەڵاتووەکانی بەندیخانەی هیلال لە موسەننا دەستگیر بکات، خەڵاتی دارایی دەکەین".
 
هەروەها لیوا روکن جەواد عەباس، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سۆمەر، فەرمانیدا هەموو ئەو کارمەندانەی کە لە بەندیخانەی هیلالن لە موسەننا رابگیرێن، تاوەکو لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا کۆتایی دێت.

حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەلیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات

حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەلیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات
ئيستانيوز
حەمەڕەش ئەحمەد بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ئێستا نیوزی ڕاگەیاند،
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەلیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات،
لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەرکوک کاندیدی پێشکەش بەکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە ،
لە بازنەی( 3)ی هەولێر( گۆران جەلال ) و لەبازنەی( 3 )و( 4)ی سلێمانی (نەبەز جەمال) و(ئەحمەد خدر) لەبازنەی( 1)لەدهۆک (ڕزگار عەونی) لەبازنەی(1 )لەکەرکوک (شوان محمد) بەربژێر کراون.
کاندیدەکان هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بەسەرەوەن.

هاوپەیمانی نەسر لەسەر داگیرکارییەکان هۆشداریی دەداتە تورکیا

هاوپەیمانی نەسر سێیەم گەورە هێزی ناو عێراق، راگەیاندنەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیا سەبارەت بە نیازی تورکیا بۆ دروستکردنی مۆڵگەیەکی سەربازیی نوێ لە عێراق ڕەتدەکاتەوە و هۆشداری دەدات لە دەستوەردانە بەردەوامەکانی تورکیا لەناوخۆی عێراق.

ئاوێنه‌: دوابەدوای لێدوانەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیا سەبارەت بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی تورک لە هەرێمی مەتینان لە باشووری کوردستان، هاوپەیمانی نەسر ئەو هەنگاوە بە درێژەی سیاسەتەکانی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق هەژماری دەکات و داواکارە لە لایەنە فەرمیی و نیشتیمانییەکان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق.

هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، سێیەم گەورە هێزی ناو پەرلەمانی عێراقە کە خاوەن ٤٢کۆرسی پەرلەمانە ، داوا لە حکومەتی تورکی دەکات چاو بخشێنیتەوە بە سیاسەتەکانیدا بەرامبەر بە عێراق، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و سەقامگیریی و دراوسێتی باش.