وەزیری پەروەردەی هەرێم: هەوڵ دەدەین دوای جەژن دەرگای قوتابخانەکان بکەینەوە

ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "لە هەموو جیهان کێشەی نەکردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان هەیە تەنها کوردستان نییە"، دەشڵێت، "بەهۆی نەکردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان رێژەی نەخوێندەواری بەرزبووەتەوە."

ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامانجمان لە داخستنی دەرگای قوتابخانەکان تەنها پاراستنی گیانی خوێندکار و مامۆستایانە."

باسی لەوەشکردووە، "هەوڵ دەدەین لە پاش جەژن دەرگای قوتابخانەکان بکەینەوە و لەم چەند رۆژەدا ئەو پڕۆگرامانەی خوێندن، کە کەم و پوخت دەکرێتەوە ئاشکرادەکرێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەمساڵدا بەبیانووی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها دوو مانگ خوێندکاران لە ناوەندەکانی خوێندندا وانەیان خوێندووە.

حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەلیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات

حەمەڕەش ئەحمەد بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ئێستا نیوزی ڕاگەیاند،

حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەلیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات،
لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەرکوک کاندیدی پێشکەش بەکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە ،

لە بازنەی( 3)ی هەولێر( گۆران جەلال ) و لەبازنەی( 3 )و( 4)ی سلێمانی (نەبەز جەمال) و(ئەحمەد خدر) لەبازنەی( 1)لەدهۆک (ڕزگار عەونی) لەبازنەی(1 )لەکەرکوک (شوان محمد) بەربژێر کراون.
کاندیدەکان هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بەسەرەوە.

 

بێستون لەتیف

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی هێرشەکەی داعش پەیامێکی بڵاوکردەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی پەلاماری شەوی رابردووی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە زوورگەزراو بڵاوکردەوە و رایگەیاند "چەندین جار حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردووەتەوە".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: "لێرەدا جارێكی دیكە داوا لە پەرلەمان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەكەین، بەخێرایی كاربكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان".

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک' هەرێمی کوردستان

كاتژمێر 12:30ی شەوی رابردوو، چەكدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە نزیك گوندی قایەباشی لە سنووری شارۆچكەی پردێی پارێزگای كەركووك، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە كە بە قارەمانانە بەرەنگاری داعش بوونەوە، گیانیان لەدەستدا و شەهیدبوون. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەرسێ پێشمەرگەی شەهید دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

ئێمە چەندین جار حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردووەتەوە. هێرشی شەوی رابردووی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا هاوكات بووە لەگەڵ چەند هێرشێكی دیكەی داعش دا.

لێرەدا جارێكی دیكە داوا لە پەرلەمان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەكەین، بەخێرایی كاربكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو ناوچانە وەك كۆریدۆری جموجۆڵە تیرۆریستییەكان لەلایەن داعشەوە بەكارنەهێندرێت، چونكە ئەوە مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەموو ناوچەكە و جیهان. هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەپێناو دروستكردنی ئەو هاوبەشی و هاوئاهەنگییە بەشێوەیەكی خێرا.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

1ی ئایاری 2021

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ باره‌ی په‌لاماره‌كه‌ی داعش بڵاوكرده‌وه‌

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی له‌ باره‌ی په‌لاماره‌كه‌ی نیوه‌شه‌وی رابردووی تیرۆریستانی داعش بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایده‌گه‌یه‌نێت، چەندین جار دووپاتمان کردووەتەوە، داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و هێشتاش هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە سوود لەو بۆشاییە ئەمنیە وەردەگرێت کە لەو سنوورانەدا هەیە.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "بەردەوامبوونی ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بە گرنگ و پێویست دەزانین".

نیوه‌شه‌وی رابردوو، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش، له‌ سنووری به‌رزاییه‌كانی دوبز، بۆشایی ئه‌منی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمه‌رگه‌یان قۆسته‌وه‌ و له‌ دوولاوه‌ په‌لاماری سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌یاندا و له‌ ئاكامدا 3 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید و 2 پێشمه‌رگه‌ش برینداربوون.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت:

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

بە داخێکی زۆرەوە شەوی ڕابردوو، لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە سنووری پردێ ، چەند پێشمەرگەیەك شەهید و برینداربوون . پرسە و سەرەخۆشی خۆم بە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەكان ڕادەگەیەنم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم . هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم .

وەک چەندین جار دووپاتمان کردووەتەوە، داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و هێشتاش هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە سوود لەو بۆشاییە ئەمنیە وەردەگرێت کە لەو سنوورانەدا هەیە. بۆیە جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە. هەروەها بەردەوامبوونی ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لە عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بە گرنگ و پێویست دەزانین بۆ شکستپێهێنانی یەکجارەکی داعش و نەمانی هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/5/1

پیرۆز و شكۆدار بێت ڕۆژی جیهانی كرێكاران!

یەكی ئایار ڕۆژی جیهانی كرێكاران، ڕۆژی بەرەنگاری و تێكۆشانی نێونەتەوەیی كرێكارانە، لەو رۆژەدا كرێكارانی بیروبازو، پارتە چەپ و كۆمۆنیستەكان لە سەرتاسەری جیهان بەرێگای جۆراو جۆر ئەو یادە پڕ شكۆیە بەرز ڕادەگرن‌و بە هەموو توانایەنەوە تێدەكۆشن بۆبەدەستهێنانی جیهانێكی باشتر، لەمرۆدا دادپەروەری كۆمەڵایەتی و ڕووبەڕووبونەوەی هەژاری و پەتای كۆرۆنا و مافی بیمەی تەندورستی و پیس بوونی ژینگە و چەوساندنەوەی چینایەتی بنەمای گەردوونی ئەم ڕووبەڕوو بونەوەو تێكۆشانەیە، بێگومان بارودۆخی كرێكارانی كوردستانیش دابڕاونییە لەدۆخی گشتی كرێكارانی جیهان سەرباری تایبەتمەندیی خۆی بەهەلومەرجێكی سەختدا تێپەردەبێت.
لیبرالیەتی نوێ‌ و پەتای كۆرۆنا كاریگەری لەسەر هەموو مرۆڤایەتی داناوە، بەڵام كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر شێوەی كاركردن و بڵاوبونەوەی بێكاری زیاتر و دابەزینی هەقدەستی‌ كرێكاران دروست كردووەو ژینگەی كارو مافەكانی كرێكارانی لە ناوەندەكانی كاردا ڕووبەڕووی چەندین پێشێلكاری جۆراو جۆر كردۆتەوە .
لێژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستانی خۆرێكخستنی كرێكاران و فەرمانبەران و توێژە پەراوێزخراوەكان بە هەنگاوی گرنگی بەرەوپێش چوونی تێكۆشانی چینایەتی دەزانین هاوكات چەند داواكاریەكی ڕەوای كرێكاران وەك ئەركی هەنووكەیی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم لەم قۆناغە دەخەینەروو:
- دابینكردنی بیمەی بێكاری بۆ كرێكاران و دیاریكردنی لایەنی كەمی كرێ‌ كە كەمتر نەبێت لە 700 هەزار دیناری عێراقی.
- زیادكردنی لیژنەكانی پیشكنینی شوێنی كارو جێ‌ بەجێ‌ كردنی مافی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و خانەنشینی بۆ كرێكاران، پێویستە هیچ كرێكارێك لە دەرەوەی سیستەمی بیمەی كار لەهەرێمی كوردستان كارنەكات.
-قەرەبوكردنەوەی قوربانیانی كارو دابینكردنی سەلامەتی شوێنی كارو دادگایكردنی ئەو خاوەنكارو سەرمایەدارانەی كە هۆیەكانی خۆپارێزی بۆ كرێكاران دابین ناكەن.
- گرتنەبەری ڕێكاری پێویست بۆ رێگریكردن لەهەراسانكردن‌و دەستدرێژی سێكسی دژ بە كرێكارانی مێیەنە بەتایبەتی لە كەرتی تایبەتدا.
- دانەوەی مووچەی پاشەكەوتی ئیجباری هەموو كرێكاران‌و مووچەخۆران و نەهێشتنی لێبرین و دابەشكردنی مووچە و لەكاتی خۆیدا .
- ئاشكراكردنی چارەنوسی بڕ و داهاتی( سندوقی زەمان و خانەنشینی كرێكاران) و خەرجكردنی لە خزمەتی كرێكاران بە پێی یاسا، بە تایبەتی لەسەردەمی ئەمرۆی بێكاری و بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنادا.
- دابینكردنی مافی (مۆڵەتی دایكایەتی) بۆ كرێكارانی ژن وەك لە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیدا هاتووە.
- دابینكردنی كار بۆ بێكاران و یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێكاران وەك سەرەتایترین مافی ژیان.
- دامەزراندنی سەندیكایی نوێ كرێكاران، كە بەدەنگی ڕاستەقینەی كرێكاران دامەزرابێ و لەسەربنەمای پێوەرە نیودەوڵەتیەكان بێت‌و دوور بێت لەهەژموونی دەسەڵات تاكو بتوانێ دەستەبەری مافی كارووكرێ گونجاوو خانەنشین ودەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ هەمووكرێكاران دابین بكات و زامنی ئازادی فرە ڕەنگی سەندیكایی بكات.
لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان
حزبی شیوعی كوردستان
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان.
٣٠-٤-٢٠٢١