حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان : پاراستنی رۆژئاوای كوردستان ئەركێكی ئەخلاقی هێزە نێودەوڵەتیەكانە

دوایین هەڵوێستی كۆشكی سپی سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانیان لە سەر سنووری باكوور و رۆژئاوای كوردستان هەڵكردنی چرای سەوزە بۆ پەلاماری سوپای توركیا بۆ داگیركردنی ئەو ناوچانە، كە جگە لەوەی كارەساتی مرۆیی لێدەكەوێتەوە پێشێلكردنی یاساو ڕێسا نێودەوڵەتییەكانە، پێویستە رێگای لێبگیرێت.

رۆژئاوای كوردستان كە كراوەتە ئامانجی ئەو پەلامارە، لە چەند ساڵی ڕابردوو رۆڵی دیار و بەرچاوی لە شەڕی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆرستانی داعش گێڕاوە، لەوبارەیەوە بە هەزاران شەهیدی داوە، بۆیە لەپاداشتی ئەو هەموو قوربانی دانەیدا پێویستە نەتەوەیكگرتووەكان و وڵاتە زلهێزەكانی وەك ئەمەریكا و روسیا و ئەندامانی دیكەی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و یەكێتی ئەوروپا بە ئەركی ئەخلاقی خۆیان هەستن لە :
- دەركردنی بڕیارێك لە نەتەوەیەكگرتووەكان كە زامنی پاراستنی ئیدارەی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا بكات لەهەر هێرشێكی دەركی.
- دامەزراندنی دادگایەكی نێودەوڵەتی تا ئایندەی داعشە دیلەكان یەكلایی بكاتەوە كە مانەوەیان بەو شێوەیە مەترسی دەبێت لەسەر سەرهەڵدانەوەی داعش.
- لەسەر ئاستی ناوخۆیی، رۆژئاوای كوردستان هەنگاوبنێت بە ئاڕاستەی یەكڕیزی نێو ماڵی خۆیان كە زامنی پارستنیان دەبێت لەبەردەم هەر هەڕەشەیەكی دەرەكی .
- داوا لە سەرجەم هێزە كوردستانیەكان و كەسایەتیە د ڵسۆزەكان و ڕای گشتی كوردستانی دەكەین بۆ پێشگرتن لە داگیركاری توركیا بە هەموو شێوازێك بە ئەركی نیشتمانی خۆیان هەستن.
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان وەك پڕەنسیپی نەگۆڕی خۆی جارێكی دیكە هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ ماف و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان لە ڕۆژئاوای كوردستان دووپات دەكاتەوە.

 

مەكتەبی سیاسی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
08/10/2019

Hits: 196
Category: