بەندەری ئوم قەسر کرایەوە

دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە داخستنی، رێگا سەرەکییەکانی بەندەری ئوم قەسر کرانەوە و بەندەرەکە دەستی بە کاری ئاڵوگۆڕی نەوت و بازرگانیی کردەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنیی سنوری پارێزگای بەسرە ئاشکرای کرد؛ دوای بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکان، پڕۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە بەندەر و پاڵیۆگەکانی باشوری عێراق و بەندەر ئوم قەسر دەستی پێکردەوە.

بەپێی ئەو سەرچاوانە؛ لە کۆتایی مانگی رابردوەوە و بەهۆی داخستنی رێگای سەرەکیی بەندەرەکەوە، جموجوڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و هەناردەی نەوت لە بەندەری ئوم قەسر بە تەواوەتی راگیرابو، تا دوێنێ چوارشەممە هێزە ئەمنییەکان توانیان بەتەواوەتی بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن و دەروازە سەرەکییەکانی بەندەرەکە بکەنەوە.

وتەبێژی بەناوی عادل عەبدولمەهدییەوە رایگەیاند: داخستنی بەندەر ئوم قەسر دەروازەی سەرەکیی عێراق بە روی کەنداودا زیانێکی زۆری بە ئابوریی عێراق گەیاندوە و بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە شەش ملیار دۆلار زیان بەر وڵات کەوتوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەریق روکن عەبدولکەریم خەڵەف رایگەیاند: فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرجەم ئەو "تێکدەران" دەرکراوە کە پرد و رێگا سەرەکییەکانیان داخستوە و فەرمان بە هێزە ئەمنییەکان کراوە یاسا جێبەجێ بکەن لەوبارەیەوە.

بەندەری ئوم قەسر دەکەوێتە پارێزگای بەسرەوە لە نزیک سنوری کوەیت، ساڵی (1930) بونیاتنراوە، بە گرنگترین بەندەری ئاوی عێراق دادەنرێت، هەروەها یەکێکە لە گرنگترین ئەو بەندەرانەی کە بەسەر کەنداوی عەرەبیدا دەڕوانێت و بە شادەماری ئابوریی عێراق دادەنرێت بەوپێیەی (80٪)ی داهاتی عێراق لەو بەندەرەوە سەرچاوەی گرتوە، سەرباری هاوردەکردنی شمەک و خۆراک.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، داهاتی ساڵی (2017)ی بەندەرەکە (167) ملیار بوە، ساڵی (2018) بەرزبوەتەوە بۆ (183) ملیار دینار و رۆژانە (500) کۆنتێنەر کەلوپەل و شمەک و خواردەمەنی لە بەندەرەکەوە ئاڵوگۆڕی پێکراوە و تەنها داهاتی پشکنینی سۆنەری ئەو کۆنتێنەران پێنج ملیار و (400) ملیۆن دینار بوە لە ساڵێکدا، ئەمساڵیش ئاستی داهاتی بەندەرەکە ژمارەی پێوانەیی شکاندوە، بە جۆرێک لە کۆتایی مانگی تەمموزی رابردو داهاتی رۆژانەی گەیشتوەتە نزیکەی دو ملیار دیناری عێراقی، کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە مێژوی بەندەرەکە تۆمار کرابێت.

ز.س

Hits: 18
Category: