هەولێر... دیبەیتێک بۆ باسکردن لە دۆخی سیاسی كوردستان بەڕێوەچوو

  پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەمە 6/11/2019 رێکخراوی لاوان بۆ گەشەی دێموکراسی لە هۆڵی شەهیدان و لەشاری هەولێر، دیبەیتێکی بۆ چوار كەسایەتی سیاسی لەهەر چوار بەشی کوردستان رێکخست بۆ باسکردن لە گۆڕانكاریە سیاسی و خەباتی رزگاریخوازی کورد لەو قۆناغەدا، پانێلی یەکەم تەرخانکرابوو بە دۆخی باکووری کوردستان کە لە لایەن بەڕێز عابد ئیکە نوێنەری هەدەپە لە هەولێر پێشکەش کرا، بەڕێزیان بە ئاماژە بە فشارە سیاسی و میلیتارییەکانی رێژیمی تورکیە، باسی لە هەڵسوکەوتی هستریکی دەوڵەتی ئەردۆغان کرد سەبارەت بە دۆزی کورد لە باکووری کوردستان و هەروەها وتی گەلی کورد هەردەم ئامادەیە بۆ چارەسەری پرسی خۆی لە رێگای ئاشتییەوە بەڵام دەوڵەتی ئەردۆغان وەڵامی ئاشتی بە شەڕ و زیندانیکردن دەداتەوە.
پانێلی دووهەم تەرخانکرابوو بە دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەلایەن پێشەوا عەلی پوور سکرتێری لاوان و ئەندامی راوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرا، پێشەوا عەلی پوور لە پانێلی رۆژهەڵاتدا ئاماژەی بە دۆخی سیاسی کورد لە سەد ساڵی رابردوو تابە ئێستا کرد کە دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکان چۆن لە رێگای قەزیەیک بەناوی ناسیۆنالیزمی ئێرانی هەوڵی پاکتاوی نەژادی کوردیان داوە و لەو نێوەدا ناسیۆنالیزمی کوردی وەک پەرچەکردار چۆن شکڵی گرتوە و لە قۆناغی کۆماری کوردستان کە قۆناغی بە هزرکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی بوو چۆن ئەم شعوورە دەگاتە لوتکە. ناوبراو ئاماژەی بە رەهەندەکانی خەباتی کورد لە چل ساڵی رابردوو رووبە کۆماری ئیسلامی کرد و بەرگری چەکدارانە و نافەرمانی مەدەنی و خوڵقاندنی هونەر و ئەدەبیات و چالاکی مەدەنی و دیالۆگی ئاشتیخوازەنەی کوردی وەک دەربڕینەکانی خەباتی شوناسخوازانەی کورد لە رۆژهەڵات هێنایە گۆڕێ و باسی لە زەرورەتەکانی یەکیەتیی و یەکگرتوویی کورد لەو قۆناغەدا کرد.
لە پانێلی رۆژئاوای کوردستان بەرێز سلێمان عەرەب تێکۆشەری سیاسی رۆژئاوا و نوێنەری پەیەدە لە هەولێر باسی لە دۆخی هەنووکەیی کورد لە رۆژئاوا کرد و سیاسەتەکانی کورد وەک تاکتیک و ستراتێژی بۆ پاراستنی کورد و کیانی کوردی لە رۆژئاوا هێنایە گۆڕێ.
لە پانێلی باشووری کوردستان بەڕێز هیوا سەید سەلیم ئەندامی مەكتەبی سیاسی  حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان باسێکی سەبارەت بە دۆخی باشوور و كێشەكانی هەرێم و بەغدا و نەبوونی یەك خیتابی سیاسی كوردستان كە كاریگەریان لەسەر سەنگی كورد لە بەغدا دانەوە  باس كردوو، هەروەها تەئکیدی کردەوە کە پێویستە باشوور ئاوڕی جدی لە پرسە نەتەوەییەکانی رۆژهەڵات و پارچەکانی تر بداتەوە و ببێتە پشتیوان بۆ کوردانی پارچەکانی تر.
لەکۆتاییدا بەشداربوان را و سەرنجی خۆیان هێنایە ئاراوە

Hits: 25
Category: