به‌ریتانیا : په‌ڕله‌مان هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختە ئەنجامدەدرێت

لەچوارچێوەی بڕیاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە بەریتانیا، پەرلەمان ھەڵوەشێنرایەوە و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، بۆریس جۆنسن داوایکرد لە ھەڵبژاردنەکەدا دەنگ بە پارتی پارێزگاران بدرێت بۆ جێبەجێکردنی برێکسیت .

بۆریس جۆنسن لە کۆشکی بەکینگھام سەردانی شاژنە ئێلیزابێسی دووەمی کرد و داوای رێگەپێدانی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لێکرد. بەوشێوەیەش بەریتانیا بە فەرمی پرۆسەی بەرەو ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە ١٢ی کانوونی یەکەمدا، دەستپێکرد.

جۆنسن لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە کاتی رۆشتنی بەرەو کۆشکی بەکینگھام تۆمارکراوە، روونکردنەوەی داوە و رایگەیاندووە "بۆچی بەرەو ئەم ھەڵبژاردنە دەچین؟ یەک ھۆکاری ھەیە، ئەوەیە کە پەرلەمان پەککەوتەیە. رێککەوتنێکی نایابی برێکسیتمان ھەبوو بەڵام لە پەرلەمان تێنەپەڕی".

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داوایکرد بەمەبەستی تەواوبوونی برێکسیت دەنگ بە پارتی پارێزگاران بدرێت و رایگەیاند: "یەکەم رۆژ دووبارە رێککەوتننامەکە دەبەینەوە پەرلەمان و دەنگی لەسەر دەدەین و لە مانگی کانوونی دووەمدا (لە یەکێتیی ئەورووپا) جیادەبینەوە".

بۆریس جۆنسن باسی لەوەش کردووە وەک جێگرەوە ئەگەر بێت و پارتی کرێکاران کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەوا برێکسیت زیاتر دوادەکەوێت و ساڵی ٢٠٢٠ دەبێتە کابوسێک کە تێیدا دوو ریفراندۆمی تێدا ئەنجام دەدرێت کە یەکیان تایبەت دەبێت بە یەکێتیی ئەورووپا و ئەوی دیکەشیان ریفراندۆمی سەربەخۆیی سکۆتلەندا دەبێت.

حکوومەتی بەریتانیا بەھۆی ئەوەی کە پەرلەمانی وڵاتەکەی نەیتوانیبوو رێککەوتن لەسەر برێکسیت بکات، داوایکردبوو ھەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت. دواتر بە پشتیوانیی پارتی کرێکاران بڕیاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە ١٢ی کانوونی یەکەمدا درابوو.

ب - ل

Hits: 21
Category: