پارەی زبڵ ناڕەزایەتی لێدەكەوێتەوە

وەرگرتنی بڕی پێنج هەزار دیناری زبڵ لەهاوڵاتییان ناڕەزایەتی لێ كەوتۆتەوە و پەرلەمانتارێكی كوردستانیش ئەمە بەگەندەڵی ئیداری ناودەبات، كە حكومەت مافی بۆ هاوڵاتی دابیننەكردووە، بەڵام ئەركی لەسەر زیاد دەكات.

حكومەتی هەرێم لەجێگەی ئەوەی كارگەی ڕیسایكلینی زبڵ دابمەزرێنێت، ڕێككەوتنی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ئەهلی كردووە، بۆئەوەی زبڵ بە هەڕەمەكی كۆبكەنەوە و لەناوچەیەكی نزیك شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییان فڕێیبدەن، لەلایەكی دیكەوە ڕێكەوتنی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی دیكە كردووە بۆئەوەی پارە لەهاوڵاتییان كۆبكەنەوە، بەمەبەستی پێدانی پارە بە كۆمپانیای كۆكەرەوەی زبڵ، ئەمە لەكاتێكدایە لەبەشێك لەوڵاتانی جیهان كارگە گەورەكانی ڕیسایكلین پارەدەدەن بەهاوڵاتی و حكومەت، كە زبڵیان بۆ بەرن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكەوتنی لەگەڵ دوو جۆر كۆمپانیا كردووە، یەكەمیان بۆ كۆكردنەوەی زبڵ، دووەم بۆ كۆكردنەوەی پارە لەهاوڵاتی، كە هەردوو جۆرە كۆمپانیاكە پارە لەحكومەت وەردەگرن، لەكاتێكدا دەبوو كۆمپانیای دووەم نەبووایە و كۆمپانیای یەكەمیش كارگەی ڕیسایكلینی هەبووایە و پارەی بدایە بەهاوڵاتی كە زبڵ بۆ كۆمپانیاكە دەبات.

سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشت و گوزار و ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان لەپەرلەمانی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، وەك لیژنەكەیان لەگەڵ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەدا نین، لەكۆبوونەوەی لیژنەكەیاندا ئەم بابەتە دەكەنە تەوەرێكی سەرەكی و قسەی لەسەر دەكەن.

باسی لەئەوەشكرد، حكومەتی هەرێم پارەیەكی زۆر قەرزدارە و خزمەتگوزارییەكانیشی وەك پێویست نین، بەڵام پارەی زبڵ لە هاوڵاتی وەردەگرێت، ئەمەش جۆرێكە لەخواردنی مافی هاوڵاتی، لەكاتێكدا دەبوو لەبەرپرسە باڵاكانی حكومەت و حزبەوە دەست بەوەرگتنی زەریبە بكرایەوە، نەك حكومەت هیچی نەكردبێت و پارەش لەخەڵك وەربگیرێت.

ئەوەش خستەڕوو، لیژنەكەیان داواكارە ئەم بڕیارە ڕابگیرێت،و سەرۆكی لیژنەكەش هەمان ڕای هەبووە، چونكە ئەم بڕیارە بارگرانی لەسەر هاوڵاتی دروستدەكات، لەلایەكی دیكەشەوە داهاتی كۆكردنەوەی زبڵ دیارنابێت و نازانرێت چی لێ دەكرێت، چونكە حكومەت ناشەفافە.

وتیشی:”چەند ساڵە یاسای بودجە نایەتە پەرلەمانی كوردستان، بۆیە نازانرێت داهاتەكان چەندن و چۆن خەرجدەكرێت”.

دەشڵێت:”لەوڵاتانی جیهاندا زبڵ پارە دەكات، بۆیە دەبوو كۆمپانیای كۆكردنەوەی زبڵ پارە بداتە حكومەت و هاوڵاتی، نەك لەسەر حسابی هاوڵاتی حكومەت پارە بدات بەكۆمپانیایەك، كە ئەمەش گەندەڵییەكی ئیدارییە، لەكاتێكدا كە حكومەت ئاڵای چاكسازی بەرزكردۆتەوە، دەبوو ئەم گەندەڵییەی قبوڵنەكردایە”.

بەهۆی قەیرانی داراییەوە ماوەی چەند ساڵێكە بڕیاری وەرگرتنی پارەی زبڵ لەهاوڵاتییان ڕاگیراوە، بەڵام لەم چەند ڕۆژەدا دووبارە ئەم بڕیارە هێنرایەوە و جێبەجێدەكرێت.
سەرچاوە:ماڵپەڕی خەڵك
ب - ل

Hits: 47
Category: