فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ ئەفسەری پلەداری کورد لە کەرکووک دەرکرا

فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ ئەفسەری پلەداری کورد لە کەرکووک دەرکرا

بەشی کاروباری ناوخۆ و ئاسایشی پارێزگای دیالە سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ناوخۆ و ئاسایش لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سێ ئەفسەری پلەداری کورد لە پۆلیسی پارێزگای کەرکووک کرد.

بەشی پۆلیسی ناوشار سەربە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرجەم بنکەکانی پۆلیسی کردووە، تیایدا ئاماژەی بە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک ژمارە ٥٧٣٤ لە رێکەوتی ٢٠٢٠/٧/٢٠ کردووە کە هاوپێجی نووسراوی بەشی کاروباری ناوخۆ و ئاسایشی دیالە ژمارە ٧٧/٤٣٥٧/٦٩٩ لە رێکەوتی ٢٠٢٠/٧/٦ دەرچووە و رەوانەی پۆلیسی کەرکووک کراوە، بەپێی ماددەی ٢٢٢/١ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ لەساڵی ١٩٦٩، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە عەمید سەرحەد قادر محەمەد ئەمین و عەقید کامەران عەلی حەمەڕەشید و جێگری عەریف پشتیوان غێدان حەمەزێدان دەرکراوە.

لەسەر ئەو نووسراوەی بەشی کاروباری ناوخۆ و ئاسایشی دیالە کە بە واژۆی عەمید ئەعقوب یوسف رازی دەرچووە، بەڕێوبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحییەکانی کەرکووک، عەمید سەرحەد قادر رایگەیاند "مانگانە چوار بۆ پێنج نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ و دادگا و پۆلیسیم پێدەگات کە داوای ناونیشان و شوێنی نیشتەجێبوون و چوونم بۆ بەردەم دادگا دەکەن، لە سەرجەم ئەو نووسراوانەشدا بەتاوانی بەشداریکردنم لە پرۆسەی ریفراندۆم داواکراوم".

سەرحەد قادر وتیشی: "ئەگەر حکوومەتی هەرێم نایەوێت پشتگیرییمان بکات ئەوا با رایبگەیەنێت بۆ ئەوەی خۆمان کاری جددی بکەین و هەوڵی خۆمان بدەین، من دڵنیاشم ئەم کەیسەی دژی من جوڵاوە سیاسییە و خەڵکانێک لەپشت ئەو کەیسەوەن و کەیسەکە دەجوڵێنن ئەگەرنا پۆلیسی دیالە چ پەیوەندی بە کەرکووکەوە هەیە تا لەوێ فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەربکەن".

karwan

Hits: 38
Category: