چەند سەرە قەڵەمێك بە یادی شەهید رۆستەم!

        بێكەس قادر

                              1

بۆ گەلی كورد‌و شۆڕشە چەكداریەكەی، ساڵی 1988، ساڵێكی سەخت‌و قۆناغێكی دژوار بوو، سەرەڕای جێبەجێكردنی سیاسەتی خاپووركردنی گوندەكان، راگواستنی زۆرەملێ، شاڵاوی قۆناغ بە قۆناغی ئەنفالەكان، رژێمی بەعس بە فراوانی چەكی قەدەغەكراوی كیمیاوی بەكارهێنا. هەر لەو ساڵەدا بەهۆی كەڵك وەرگرتن لە پشتیوانی دەرەكی، رژێم لەشەڕی عێراق- ئێران دا، جۆرێك لە هاوسەنگی هێزی بۆ گەڕابوەوە، لەو سۆنگەشەوە پتر لە ساڵانی پێشوو، رووی شەڕو پەلاماری لەكوردستان بوو.

                              2

پاش كۆنفرانسی 1988، تەشكیلاتی پێشمەرگایەتی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەشێوەی هەرێم رێكخرایەوە، فەرماندەو پێشمەرگەكان بە بڕیاری سەروو دابەش دەكران، ئەوسا ئیلتیزام كردن بە بڕیاری سەروو و دیسپلینی حزبی، بە نیشانەی دڵسۆزی دەژمێردرا. حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەسەردەمی شۆڕش بەپێی پرەنسیپی پشت بەخۆبەستان تێ دەكۆشا، نەك پشت بەستان بە فاكتەری دەرەكی‌و كۆمەكی دەوڵەتە داگیركەرەكان، بەپێچەوانەی ئەوانیدی ئێمە لە شۆڕش نان‌و مەبدەئمان دەخوارد‌و پشتمان لە خەڵك نەكرد.

                            3

لە رێكخستنەوەی هەرێمەكاندا، شەهید رۆستەم كە پێشتر پێشمەرگەی قوەی بەڕانەتی بوو، بەر هەرێمی (3) كەوتبوو، هەرێمی (3) بە فەرماندەیی هەڤاڵ ئاوارە- محەمەد عەلی- پێكهاتبوو. كە فەرماندەیەكی ئازاو لێهاتوو، پارتیزان ‌و قاڵ بوەوەی رۆژە سەختەكانی تێكۆشان بوو.

شەهید رۆستەم ساڵی 1968 لە گوندی سیاو، سەر بە ناوچەی شەمامك، زێدی شەهید لوقمان، شەهید مامۆستا جەمال شینە، شەهید یوسف مەجید، لەدایك بووە، ساڵی 1986 دەبێتە پێشمەرگە، هەم ئەندامێكی هۆشیار، هەم  پێشمەرگەیەكی مولتەزیم بوو، نمونەی مرۆڤی شۆڕشگێر، لەخۆبووردوو بوو. رەفتاری هاوڕێیانە بوو، جێگەی متمانە بوو، لە ئەركی پێشمەرگایەتی چاپووك، لە ئێشكگرتن وریا بوو، لە بەجێگەیاندنی ئەركی رۆژانەی پێشمەرگایەتی، نەك هەر پێشمەرگەیەكی ماندوو نەناس ‌و بێ كێشە بوو، بەڵكو هاوكاری هاوڕێیانی بوو، لەخوێندنەوە‌و خۆ پەروەردەكردن بەردەوام بوو، هەموو تایبەتمەندیەكانی پێشمەرگەی نمونەیی لەشەهید رۆستەم بەرجەستە ببوو.

                              4

لەساڵی 1988دا، جگەلە چڕكردنەوەی هێرش‌و پەلاماری سەربازی، رژێم شەڕی دەروونی‌ و بێ متمانەیی لە نێو پێشمەرگە و خەڵك پەرە پێ دەدا، خانەوادەی پێشمەرگەی زیندانی دەكرد، دەستی بەسەر خانووی ماڵە پێشمەرگە دادەگرت، ئەوانەی لەنێو شۆڕش دەستیان لەگەڵ رژێم تێكەڵ كردبوو، سەنگەری پێشمەرگایەتیان بەجێ دەهێشت‌و پێیان هەڵدەزنا نێو زەلکاوی خیانەت‌و دەستیان دەچووە خوێنی هاوسەنگەرەكانیان‌و  تاوانی گەورەیان ئەنجام دەدا. ئەوێ رۆژێ راوە پێشمەرگە رەواجی پەیدا كردبوو، كەوڵی پێشمەرگە نرخی پتر ببوو، تەنانەت ئەوانەی لە پێشمەرگایەتی هەڵدەگەڕانەوە، ئەگەر دەرفەتی شەهیدكردنی پێشمەرگەیان بۆ هەڵنەكەوتبا، ئەوا لەبری پێشمەرگە شوانیان دەگرت‌و سەریان دەبڕی، بەناوی پێشمەرگە سەری ئەو شوانە بێ تاوانانەیان بۆ جەلادەكانی رژێم دەبردەەوە.

لەو رۆژانەدا، كە بێ ئومێدی باڵی كێشابوو، بەشێكی پێشمەرگە چەكی دادەنا، لەنێو هەندێ یەكەی پێشمەرگەدا، لەكاتی ئێشكگرتنی شەوانەدا، ئەوپەڕی بێ متمانەیی سەری هەڵدابوو.

                              5

هەرێمی (3) چەند مانگ بوو، لە دەوروبەری شەقڵاوە و دەشتی هەریر گیرسابووینەوە، ناوە ناوە مەفرەزە بۆ شوێنی دیكە بەڕێ دەكرا. بەشێكی هێزەكەمان بەفەرماندەیی هەڤاڵ ئاوارە لەناوچەی كۆیە بوون، بەشەكەی دیكە بە فەرماندەیی هەڤاڵ فەرهاد مەنتك لەو دەڤەرەدا مابوەوە. بەهۆی تێكدانی گوندەكان، زۆرتر لەو گوندانەی نزیك شارو شارەدێیەكان نزیك دەبوینەوە، كە هێشتا تێکنەدرابوون، بەڵام بۆ خەوتن لەبەر باری ئەمنی لەو گوندانە نەدەماینەوە، شەوی ½- ئابی 1988، لە گوندی ئاڕماوانی سەروو، نزیك كۆڕێ، بەسەر چەند ماڵێك دابەش بووین، پاش نان خواردن، لەنزیك مزگەوت، یەكمان گرتەوەو بەهەستیاری‌و دوور لە یەكدی چەك بەدەستەوە لەگوند هاتینە دەرەوە، بە ئاراستەی گوندی زرگیز بەرێكەوتین، پاش كەمێك رێ رۆیشتن، خۆمان لەناو گەمارۆی كەمینێكی فراوانی  گەلە جاشێكی خائینی تازە هەڵگەڕاوە لە پێشمەرگایەتی دیتەوە، لەدەستە راست‌و لە پێشمانەوە، لەچەند جێگە گوللە باران كراین، پاش پتر لە یەك كاتژمێر رووبەڕووبونەوە، جگە لە هاوڕێ رۆستەم، كە لە نزیك من‌و چەند هەنگاوێك دوور لە كاوە، فازل‌و رەنجدەر، بەپێوە شەهید بوو. هاوڕێ نەهرۆ بە تەنیا دابڕابوو، کە رۆژی پاشتر گەڕایەوە لامان، ئەوەی دیكە (فەرهاد مەنتك، كرمانج، فازل، كاوە، وریا، رەنجدەر، رێبین، مەلا هەندرێن‌و بێكەس) هەموومان نزیك بە خۆرهەڵاتن، لەسەر بەرزایی زنجیرە شاخەكانی كۆڕێ كە دەڕوانێتە سەر چیای پیرمام، یەكترمان گرتەوە.

                              6

لەو سەردەمە تاریك ‌و ئەنگوست لەچاوەدا، كە پەتی شۆڕشی چەكداری لە باریكی‌و بێ ئومێدی دەهاتە پسان، داخی گرانم هەرێمەكەمان پێشمەرگەیەکی هەرە خۆڕاگری رۆژانی سەختی تێكۆشانی لە دەستدا. شەهید رۆستەم، وەك كوڕە جوتیارێكی گوندنشین، لەهەڕەتی لاویدا دەست بەكاری سیاسی دەكا، لەتەمەنی هەژدە ساڵی چەكی پێشمەرگایەتی لەشان دەكا، لە تەمەنی بیست ساڵی گیانی بەخت دەكا، ئەگەر گەنجەكانی ئێستا دیقەتی لێ بدەن، كە چۆن گەنجێك دەست لە ژیانی ئاسایی خۆی هەڵدەگرێ، یان راستیەكەی لەتێكۆشان ژیان دروست دەكا، هەموو ئارەزووە تایبەتیەكانی خۆی بەلاوە دەنێ‌و بیر لە پاشەرۆژێكی باشتر بۆ گەلەكەی دەكاتەوە. ئەوا چیرۆكی بەرخۆدان‌و قوربانیدانی شەهید رۆستەم، لەلای نەوەی تازە، بۆبەرەنگاربوونەوەی ستەمكاری ، پێویستە نمونەی بەرز‌ی تێكۆشانی قۆناغی نوێ بێ.

                                7

ئێستا كە یادی 32 ساڵەی شەهیدبوونی، شەهید رۆستەم دەكەینەوە، یادی رۆڵەیەكی گیان بەختكردووی گەلەكەمان دەكەینەوە، یادی پێشمەرگەیەكی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەكه‌ینه‌وه‌، زه‌ق زه‌ق سته‌م له‌ شه‌هیدانی كوردستان ده‌كرێ، سته‌م له‌ به‌ ئامانج گه‌یاندنی ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانیان ده‌كرێ، سته‌م له‌ خودی خۆیان ده‌كرێ، لیسته‌كه‌یان پاك ناكرێته‌وه‌، به‌ناوی حزبه‌وه‌ جیاوازی له‌نێوان شه‌هیدان دروست ده‌كرێ، سوكایه‌تی به‌ناوی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێ، سته‌م له‌ مێژووی پڕ له‌ داستان‌و فیداكاری شۆڕش‌و پێشمه‌رگایه‌تی ده‌كرێ.

داستانه‌كانی پێشمه‌رگایه‌تی‌و به‌رخودانی زیندانیان، فیداكاری ئه‌وان رۆژان، كه‌ هێشتا گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی مێژووی نه‌ته‌وایه‌تیمان پێك ده‌هێنن، ده‌بێ پارێزگاریان لێ بكرێ‌و هه‌ر له‌ پارێزراوی بمێننه‌وه‌، نابێ رێگه‌بدرێ به‌ر شه‌واره‌ی گه‌نده‌ڵچی‌و به‌رژه‌وه‌ندی په‌رست، خه‌ڵكی ناپاك، نۆكه‌ر‌و باب نۆكه‌ر بكه‌وێ.

دیاره‌ له‌م باسه‌دا یادی شه‌هید رۆسته‌م جێگه‌ی مه‌به‌سته‌، به‌ڵام مه‌علومه‌ رۆسته‌می دیكه‌ی مانه‌ندی شه‌هید رۆسته‌ممان زۆره‌. هه‌روا هه‌ر سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مێك پێویستی به‌ باسێكی تایبه‌تی ‌و زۆرتره‌.

سلاو له‌گیانی پاك‌و بێگه‌ردی شه‌هید رۆسته‌م‌و هه‌موو شه‌هیدانی رێگای ئازادی‌و سه‌رفرازی.

Hits: 56
Category: