ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا 17 ملیۆنی تێپەڕاند

ژماره‌ی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به‌شێوه‌یه‌كی خێرا به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌رزبونه‌وه‌ و به‌پێی ژماره‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كان توشبوان گه‌یشتنه‌ سه‌روو 17 ملیۆن و زیاتر له‌ 670 هه‌زار كه‌سیش گیانیانله‌ده‌ستداوه‌.

به‌پێی داتاكانی ماڵپه‌ڕی worldometers تا به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 17 ملیۆن و 189 هه‌زار و 755 كه‌س له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون، به‌ڵام 10 ملیۆن و 701 هه‌زار و 141یان چاكبونه‌ته‌وه‌.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و داتایانه‌، تائێستا 670 هه‌زار و 256 كه‌س له‌ توشبوانی په‌تاكه‌ گیانیانله‌ده‌ستداوه‌.

داتاكانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ئه‌وه‌ پیشان ده‌ده‌ن، زیاتر له‌ چوار ملیۆن و 568 هه‌زار توشبو به‌ ته‌نها له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكادان و به‌دوایشیدا به‌ڕازیل دێت به‌ زیاتر له‌ دوو ملیۆن و 555 هه‌زار، پاشان هیندستان به‌ ملیۆنێك و 584 هه‌زار، به‌دوای ئه‌وانیشدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ روسیا، ئه‌فریقای باشور، مه‌كسیك، پیرۆ، چیللی، ئیسپانیا، به‌ریتانیا، ئێران و پاكستان له‌ زه‌ره‌رمه‌ندترین وڵاته‌كانی جیهانن.

عیراقیش تائێستا 118 هه‌زار و 300 حاڵه‌تی كۆرۆنای تێدا تۆماركراوه‌ و پله‌ی بیست و یه‌كه‌مینی ریزبه‌ندی وڵاتانی گیرۆده‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ی گرتوه‌، كه‌ 4 هه‌زار و 603یان گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ و 83 هه‌زار و 461یشیان له‌ ڤایرۆسه‌كه‌ رزگاریان بوه‌.

 

ز.س

Hits: 20
Category: