مەسعود بارزانی داوا دەکات لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان کۆببنەوە

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات لایەنەکان لەگەڵ یەکتر دابنیشن.

مەسعود بارزانی لە پەیامەکەدا دەڵێت" لەپێناو تێپەڕاندنی تەحەددیات و ئەو بارودۆخە سەختە ئەركی هەموو لایەكمانە كە بە ئاراستەی تەبایی و برایەتی و كاری هاوبەش و قووڵكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان هەنگاو بنێین.

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە لایەنە سیاسیەکانیش کردوە كە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات و بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و تێپەڕاندنی كێشەكان لەگەڵ یەكتردا دابنیشن.

سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەشکردوە، هەردەم بەتەبایی و یەكڕیزی كێشەكان باشتر چارەسەر دەبن و لەسایەی پێكەوەیی و یەكڕیزیدا دەستكەوتی گەورە بۆ گەلەكەمان هاتوونەتە دی و بە دڵنیاییەوە خەڵكی كوردستانیش هەر یٔەوە لە لایەنە سیاسییەكان چاوەڕێ دەكەن.

مەسعود بارزانی داواشیکردوە لایەنە سیاسیەکان لەئاست چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستاندا بن و لە هەمانكاتیشدا ڕەچاوی فەرهەنگی باڵا و دەوڵەمەندی كوردەواری بكەن و خۆیان لە گوتاری زبر و گرژ و ناشیاو لە بەرانبەر یەكتر بپارێزن.

 

 

 

ز.س

Hits: 29
Category: