تەندروستی جیهانيی: مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی کۆرۆنا لە جەژنی قوربان زۆرە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، لە ئێستادا ژمارەی توشبون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روی لە کەمیکردوە، بەڵام هێشتا مەترسی زیاتر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوە، بەتایبەت ئەگەر رێکارەکانی خۆپارێزی لە جەژنی قورباندا پەیڕەونەکرێت.

ناوەندی راگەیاندنی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە،"شەش مانگ تێپەڕبوە بەسەر تۆمارکردنی یەکەمین حاڵەتی توشبون بە کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە مانگی ئایاری رابردوشدا بڵاوبونەوەی پەتاکە لەو ناوچەیەدا گەیشتە لوتکە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئێستادا لە زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژمارەی توشبوانی نوێی ڤایرۆسەکە بە رێژەی بەرچاو کەمیکردوە و تێکڕایی مردنیش بەو ڤایرۆسە تیایاندا روی داكشان کردوە".
تەندروستی جیهانی هۆشداریشیدا لە بەرزبونەوەی ئاستی مەترسی کۆرۆنا لە ناوچەکەدا، ئەگەر لە جەژنی قورباندا رێکارەکانی خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە نەگیرێتەبەر.

لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران زۆرترین زیانی بەهۆی کۆرۆناوە پێگەیشتوە، تا ئێستا 298 هەزار و 909 توشبوی کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمارکراوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش، تا ئێستا زۆرترین توشبوی کۆرۆنا لە شانشینی عەرەبی سعودیە تۆمارکراوە، ژمارەی توشبوانی ئەو وڵاتە تا ئێستا گەیشتوەتە 272 هەزار و 590 کەس.

 

ز.س

 

Hits: 33
Category: