وەزارەتی کارەبا لەبارەی فرۆشتنی کارەبا بە عێراق رونکردنەوە دەدات

وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند ئەوان هیچ کارەبایەکیان نیە بیفرۆشن بە بەغدا،بەڵکو ئەوەی بەغدا باسی دەکات لەگەڵ وەبەرهێنەرەکان رێکدەکەوێت.

دیار بابان بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕایگەیاند، ئەو کارەبای حکومەتی عێراق ڕایگەیاندوە لە هەرێمی دەکڕێت، لە کەرتی تایبەتی دەکڕێت و نابێتە هۆی کەمبونەوەی کارەبای نیشتیمانی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک یەکەی کارەبا هەیە وەستاون و کار ناکەن،چونکە هەرێم توانای دابینکردنی سوتەمەنی نیە بۆیان بۆیە حکومەتی عێراق سوتەمەنیان بۆدابین دەکات و لێان دەکڕێت.

ڕوونیشی كردەوە "حكوومەتی عێراق لەگەڵ وەبەرھێنەرەكان رێككەوتن دەکات، ئەوان دەبنە خاوەن كارەبا، بۆیە ئەوە بەو شێوەیە نییە كە كارەبای نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان ببڕدرێت و بدرێتە عێراق".

بەڕێوەبەری گشتیی بەرھەمهێنانی كارەبای ھەرێمی كوردستان جەختی کردەوە"بەرهەمی كارەبای هەرێمی کوردستان ئێستا زیاتر لە 3 هەزار و 150 مێگاواتە، ئەو کارەبایە  وەکو خۆی دەمێنێتەوە، ئێمە کارەبامان بۆ فرۆشتن نییە".

ئەوە لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی ڕابردوودا وەزیری کارەبای عێراق ڕایگەیاند بڕیاریانداوە کارەبا لە هەرێم و چەند وڵاتێکی دراوسێ بکڕن.

 

ز.س

Hits: 40
Category: