هەولێر... لە ماوەی نیو كاتژمێردا 5 کەس بەهۆی نەمانی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی رزگاری گیانیان لەدەستدا

بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە ژمارەیەک تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر گیانیان لەدەستدا.

کەمی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر بووەتە جێگەی نیگەرانییەکی زۆر بۆ ئەوانەی کەسوکاریان لە نەخۆشخانەکەیە. هاونیشتمانییەک دەڵێت، تەنیا لەماوەی نیو کاتژمێر بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە 5 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەئەوەشدا، کەس بەهانایانەوە نەهات، ناچار نەخۆشەکان خۆیان چوونە دەرەوە ئۆکسجینیان بەدەستخست و تاکو ئێستا کێشەکە چارەسەرنەکراوە.
پیاوێکی بەتەمەن کە هاوژینەکەی لە نەخۆشخانەی رزگارییە لە بەردەم نەخۆشخانەکە بە گریانەوە داوای ئۆکسجینی بۆ هاوژینەکەی دەکرد بە میدیاكانی راگەیاند "چۆن دەبێت ئۆکسجین لە نەخۆشخانە نەمێنێت، بە هاوکاری کەسوکارەکەم ئەمڕۆ بەیانی دوو سێ بتڵی ئۆکسجینم کڕیوە، کەس نەما پەیوەندی پێوە بکەین و لێیان نەپاڕێینەوە".
بە گوتەی هاونیشتمانییەکی دیکە کە دایکی گیانی لەدەستداوە رایگەیاند، لە دوێنێوە ئۆکسجین لە نەخۆشخانە نەماوە، ئەو دەڵێت، "لە دوێنێوە بۆ خۆمان هەوڵ دەدەین لە دەرەوە ئۆکسجین پەیدا بکەین، بەڵام نییەو دەستمان ناکەوێت و خەڵکیش دەمرێت".
لەبارەی قسەی دکتۆرەکان ئەو هاونیشتمانیە دەڵێ: "پێیان گوتین چاوەڕێ دەکەین لە پارێزگای سلێمانییەوە ئۆکسجینمان بۆ بێت" .ئەو هاونیشتمانیە لەبارەی گیانلەدەستدانی دایکی گوتی: "دایکم 7 رۆژە لە نەخۆشخانەیە، تاوەکو ئەمڕۆش نانی خواردووە، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە وەفاتی کرد، لە ماوەی نیو کاژێری رابردوودا 5 کەس بەهۆی نەبوونی ئۆکسجین گیانیان لەدەستداوە".
لە ئێستادا ٢٢١ نەخۆشی تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ڕزگارین و ۹ نەخۆشیان لەبەشی چاودێری چڕدان، زیاتر لە ٢٠٠ نەخۆش لەژێر ئۆکسجیندان، چوار نەخۆش لەشەوی ڕابردووەوە گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان کارمەندی نەخۆشخانەی ڕزگاری بووە.

 

 

ز.س

Hits: 51
Category: