وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا حیزبوڵڵا دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

حكومەتی سڕبیا بڕیاری دا حزبوڵڵای لوبنانی بخاتە لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش دوای ئەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆسۆڤۆ ئاسایی كردەوە و ئەمریكاش پێشوازی لەو هەنگاوە دەكات.

لەماوەی رابردوودا ئیدارەكەی دۆناڵد ترامپ رۆڵی هەبوو لەوەی هەردوو وڵاتی سڕبیا و كۆسۆڤۆ پەیوەندیەكانیان ئاسایی بكەنەوە، بەتایبەت لە بواری ئابوریدا، دوای ئەم هەنگاوە، بەلگراد بڕیاریداوە حزبوڵڵای لوبنانی بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

هەر لەمیانی رێككەوتنەكەی كۆسۆڤۆ و سڕبیا، حكومەتی كۆسۆڤۆ بڕیاریدا دان بە ئیسرائیلدا بنێت و قودس-یشی وەكو پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیل ناساند.

لەبارەی بڕیارەكەی سڕبیا بۆ خستنە لیستی تیرۆری حزبوڵڵا، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە بڵاوكراوەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای ئەوەی ترەمپ توانی رۆڵی هەبێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندی ئابووری لەنێوان سربیا و كۆسۆڤۆ، سربیا ئەم هەنگاوەی نا و ئێستا هەردوو وڵاتەكە بەرەو بەدەستهێنانی ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاودەنێن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لە وڵاتانی دیكەی ئەوروپا كرد هەنگاوی هاوشێوە بنێن و حزبوڵڵای لوبنانی بخەنە لیستی تیرۆرەوە، ئەمە لەكاتێكدا ساڵی رابردوو هەریەك لە وڵاتانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و لیتوانیا هەنگاوی هاوشێوەیان ناوە.

بۆیە پۆمپیۆ پێی وایە، خەریكە كردەوە تیرۆریستی و پیلانگێڕییەكانی حزبوڵڵا لە ئەوروپا كۆتاییان پێدێت.

 

 

ز.س

Hits: 29
Category: