هیوا سەید سەلیم :مەترسیی داگیرکاریی لەسەر باشوری کوردستان لە پارچەکانیتر زیاترە

 

دەربارەی هەڵمەت و پەیامەکانی کەجەکە بۆ یەکڕیزی کورد و هۆشداریدان لە خیانەت و داگیرکاریی دەوڵەتی تورک، چاودێرێکی سیایی باس لە مەترسییەکانی سەرکوردستان دەکات و پێیوایە مەترسیداترین مەترسییەکان لەسەر باشوری کوردستان، هەروەها پەیامەکەی کەجەکە بە گرنگ دەزانێت و داوای یەکڕیزیی لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات.

١٠ی ئەم مانگە، کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە هەڵمەتێکی دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان بە دروشمی “گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکاری بەسە، کاتی ئازادییە” لە هەرچوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا ڕاگەیاند، تێیدا ئەوەی داوا لە باشوری کوردستان کراوە، پێکهێنانی یەکێتییە لەگەڵ هەڵمەتی پارچەکانی دیکەی کوردستان، هەروەها هەموو هەوڵێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکان و دورکەوتنە لە خیانەت.

هیوا سەید سەلیم چاودێری سیاسیی لە شاری هەولێر لەم بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و خوێندنەوە بۆ هەڵمەتەکەی کەجەکە دەکات و بۆچوونی خۆی دەخاتەڕوو.

هیوا سەید سەلیم دەڵێت، کەجەکە لەسەر دوو خاڵ دەوەستێت، یەكێکان هەڵوێست وەرگرتنە دژ بە داگیركاری، دووەمیان دژ بە فاشیەت، “بە ڕاستی هەردووكیان هەست دەكرێت مەترسێكی گەورەن نەك لەسەر باشور، بەڵكو لەسەر تەواوی پارچەكانی كوردستان، ئەو ئاراستەی ئێستا ئەردۆغان كاری لەسەر دەكات لە ناوخۆی توركیای كردووەتە زیندان، ئەمەش ئاراستەیەكە بە هەمان ئاراستەی فاشیەت و نازییەتی سەدەی رابردوو، لەسەر پرسی داگیركاریش ئەوەی هەستی پێدەكرێت بەڕاستی ئەوە بیركردنەوەی عوسمانییە، لە پەلاماردان لە هەموو جیهان، لە ڕۆژئاوای عەرەبیەوە لە لیبیا بگرە تا دەریای ناوەڕاست و سوریا و باشوری كوردستان.

هیوا سەید سەلیم
ئەو چاودێرە باس لەوە دەکات، کە ئەو مەترسییانەی لەسەر کوردستان هەیە لەلایەن داگیرکەرانەوە، بۆ باشور لە هەمووان زیاترە مەترسییەکەی، لەسەر هۆکارەکەشی دەڵێت: چونكە دەزانین لە دوای ١٩٩٢ـەوەوە توركیا تەماحی بڕیوەتە خاكی ئێرە و دەیەوێت ئەوەی لە جەنگی جیهانی یەكەم لەدەستی داوە ئێستا بەدەستیبێنێتەوە، بەتایبەتی قسە لەسەر ویلایەتی موسڵ دەكات، كە ‘كوردستان بەشێكە لە ویلایەتی موسڵ‌ قسە لەسەر ئەوە دەكات گێرانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر نەخشە گەورەكە، نەخشە گەورەكەی سەردەمی عوسمانی، بۆیە بەراستی دەبێت ئێمە بەر لە پارچەكانیتری كوردستان لەبەر ئەوەی ئێمە زیاتر لە بەرچاوین بۆ ئەوەی بە ئامانج بگیرێین، كە هەروەختێك توركیا بیەوێت خاكمان داگیر بكات سیادە و سەروەری هەرێم پێشێل بكات، دەبێت بەرا،بەر بەو نیازانی هەڵوێستی خۆمان هەبێت .

کە پیلانەکان بەو شێوەیە مەترسیدارن بەرامبەر باشوری کوردستان، دەبێت کورد چی بکات؟، لەم بارەیەوە هیوا سەید سەلیم دەڵێت: دۆخەکە وادەخوازێ لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان كە بەڕاستی لە دەوری پەیامێكی سیاسی و هەڵوێستێكی یەكگرتوویی كۆببنەوە بۆ ئەوەی تێبگەن كە مەترسییەكان مەترسی جدین.

سەرچاوە: رۆژنیوز

Hits: 23
Category: