هەرسێ لایەنی چەپی كوردستانی هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ڕەوشی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق ڕاگەیاند

لە میانەی خوێندنەوەی هەر سێ لایەنەکانی لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ڕەوشی عێراق و بابەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژرادنی ئەو ئەنجومەنە، هەر سێ لایەن پێیان وایە کە بارگرژی و ناسەقامگیرییەکی بەرچاو لە ڕەوشی سیاسی عێراقدا لە پەرەسەندندایە، و هەڵبەتە بەشێک لە هۆکارەکانی بۆ قەیرانی کەڵەکەبووی دەوڵەتی عێراق دەگەرێتەوە، جگە لە پەرەسەندنە نوێکانی ئاڵۆزی ڕەوشی سیاسی لە عێراقدا و بوونی ئەم دەوڵەتە بە گۆڕەپانێکی ململانێی ئێران و ئەمەریکا کە بەشێک لە دەرئەنجامەکانی لە هێرشکردنە سەر پاڵوێزخانەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا و پێگەکانی سوپای هاوپەیمانان لە لایەن مێلشیاکانی حەشدی شەعبی ڕەنگی داوتەوە، کە ئەمەش هاوکاتە لە سەر بەرفراوانبوونی دیاردەکانی ڕفاندن و تیرۆرکردنی چالاکەوانانی مەدەنی و زیادبوونی دیاردەکانی گەندەڵی و خراپبوونی وەزعی ئابوری کە هەلومەرجێکی دژواری بۆ گوزەرانی خەڵکی زەحمەتکێش و کەمدەرامەت درووست کردووە و دیاردەکانی بێکاری و هەژاری فراوانتر کردوە. هەڵبەتە تێکڕای ئەم بابەتانە ڕەنگدانەوەی کارتێرکردنی دیاردەی دەوڵەتی قوڵە لە عێراقدا کە بریتییە لە هەژمون و دەسەڵاتی میلشیا تایفەگەرییەکان کە بە شێوەیەکی پراکتیکی کاروبار و بریاری دەوڵەت بە ریوە دەبات.

ئا لەم هەلەمەرجەدا و لە چوارچێوەی ململانییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێڕاق و بیرکردنەوە بۆ داڕشتنی یاسایەکی هەڵبژاردن کە قورسایی لایەنە دەسەڵاتدارەکان لەو ململانییە زیاد بکات و کورسی زیاتر لە پەرلەمان بەدەست بێنێت، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق هەموارکرایەوە و و کەفوکوڵ و درووشمەکانی خوپێشاندەرانی تشرینی 2019 لە لایەن ئەو هێزە سیاسییانە بەلارێدا برا و لە جیاتی کەموکوڕییەکانی یاسای سانتلیگۆی هەموارکراو چارەسەر بکرێت یاسایەکی خراپتر بڕیاردرا و سیستمی هەڵبژاردنی بۆ شێوازی بازنەی هەموارکرا، و ئێستا باس لە دابەشکردنی عێراق بۆ 240 بازنە یان 19 بازنە دەکرێت و بەمەش هێزەکانی ئێستای پەرلەمانی عێراق بە شێوازێکی دیکە خۆیان بەرهەم دەهێننەوە، و لە ئاکامی فەوتاندنی دەنگێکی زۆریان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان زیان بەر کوردستانیان دەکەوێت.
هەر سێ لایەنی لێژنەی چەپی کوردستان پێیان وایە لەبارترین یاسا بۆ هەڵبژاردنەکان لەوەدا دەبینرێتەوە کە عێراق بکرێت بە یەک بازنەی هەڵبژاردن و بەم جۆرە دەنگی هیچ هاووڵاتییەک نافەوتێت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەنگدانەوەی دەنگ و بریاری ڕای گشتی لە دەوڵەتی عێراقدا دەبێت.
جگە لە گرنگی یاسایەکی دیموکراتی عادیلانەی هەڵبژاردن، گرنگە پێداویستییەکانی هەلبژاردنێکی بێگەرد ئامادە بکرێت کە ئەمەش پێویستی بە بوونی دادگای ئیتحادی و چاودێری و سەرپەرشتی نێودەوڵەتی و کۆمسیۆنێکی سەربەخۆی هەڵبژاردن دوور لە بەشبەشێنە، و نەهێشتنی دیاردەی چەک و میلشیای سەربازی، هەیە.
لایەنێکی دیکەی بەردەوامبوونی ناسەقامگیری لە دەوڵەتی عێراقدا مانەوەی کێشەکانە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە لەم هەلومەرجەدا لە چوارچێوەی بابەتی موچە و بودجەدا تەسک کراوەتەوە. لێژنەی کاری هاوبەشی چەپ سەرەڕای ئاماژەکردنی بە گرنگی مەسەلەی موچە کە پەیوەندی بە قوتی خەڵکەوە هەیە و ناکرێ ببێتە بابەتێکی ململانێی سیاسی، پێی وایە کە ناوەڕۆکی کێشەکان برتییە لە جێبەجێنەکردنی دەستوری عێڕاق لەوانەش مادەی 140 و نەبوونی ئەنجومەنی فیدڕاڵی و قانونی نەوت و گاز و جێبەجێنەکردنی دەیان ماددەی دیکە لە دەستور عێراقدا. هاوکات لە گەڵ ئەمەشدا دیاردەی گوڕانکاری دیموگرافی لە ناوچەکانی ماددەی 140 بەردەوامە و مافی جوتیارانی ڕەسەنی ئەو ناوچانە فەرامۆش دەکرێت و زەوی و زیاریان زەوت دەکرێت و دەسوتێنرێت.
ئەم هەلومەجە نوێیە پێویستی بە هەڵوێستی بەکگرتووی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان هەیە بەتایبەتی سەبارەت بە هەموارکردنی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق، و داکۆکیکردنیان لەو مافانەی گەلی کوردستان کە لە دەستوردا هاتووە و یەک هەڵوێستی لەو دانوستانەی کە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەو بابەتانە لە گەڵ حکومەتی عێڕاق ئەنجامی دەدات.
لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان لەو باوەڕەدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆی ناکرێ ئەو ئەرکانە لە دانوستانەکان و لە هەڵسوکەوت لە گەڵ حکومەتی عێراقدا ئەنجام بدات ئەگەر پێداچونەوەیکی سەرانسەری بە سیاسەتەکانی خۆیدا نەکات، و لە سەرووی هەموویانەوە سیاسەتی ئابوری و ڕاگرتنی هەنگاوەکانی بەتایبەتیکردنی ڕەها لە بواری چالاکی ئابوریدا، و نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی ڕاستەقینە و زەوتنەکردنی ئازادییەکانی ڕادەڕبڕین، و چاوگێڕانەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان و ئیدارەکردنی چالاکی دەروازە سنورییەکان و نەهێشتنی دیاردەی قاچاخچێتی تیایدا، و چاوەڕێنەکردنی بەغدا لە ئەرکی زامنکردنی موچە و ژیانێکی پڕ کەرامەت بۆ خەڵکی کوردستان و پشتبەستن بە ئابوری کوردستان لە ئەنجامدانی ئەم ئەرکە.

لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان
- حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
- حزبی شیوعی کوردستان
- بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان

30ی ئەیلولی 2020

 

 

bestun

Hits: 48
Category: