گەڕان بە دوای سندوقی ڕەشی فڕۆکە تێکشکاوەکەی ئیندۆنیزیا بەردەوامە

 

گەڕان بەدوای پارچەی تێکشکاوی فڕۆکە ئیندۆنیزییەکە و سندوقی رەشی ئەو فڕۆکەیە لە ئیندۆنیزیا بەردەوامە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەش کەشتییەکی تایبەت بە گەڕان و پشكنین کە چەند تیمێکی تایبەتی گەڕان و ژێرئاوی هەڵگرتبوو بەندەری جاکارتای بەرەو دەریای جاڤا بەجێهێشت.

ئەو کەشتییە کاری سەرەکی گەڕانە بەدوای سندوقی رەشی فڕۆکەی بۆینگ 737 تایبەت بە هێڵی ئاسمانی سیرویجایا کە رۆژی شەممە بە 62 سەرنشینەوە دوای نزیکەی شەش خولەک لە فڕینی دیار نەما، پاشان کەوتە خوارەوە.

فڕۆکەکە دوای جێهێشتنی فڕۆکەخانەی جاکارتا پەیوەندیی پچڕاوە، دواتر دەرکەوت تێکشکاوە و کەوتووەتە دەریاوە، بەڵام بۆ زانینی هۆکاری کەوتنە خوارەوەکەی پێویستە سندوقی رەشی فڕۆکەکە بدۆزرێتەوە.

دەسەڵاتدارێتی ئاسمانیی جاکارتا ئاماژەی بەوە کردووە شوێنی سندوقە رەشەکەیان لەناو دەریای جاڤا دەستنیشانکردووە و تیمەکان لەو ناوچەیە لە قوڵایی دەریا بەدوای ئەو سندووقەدا دەگەڕێن.

تائێستا نزیکەی 53 کەشتی سەربازی، 20 بەلەم و 2600 کارمەندی تیمەکانی فریاگوزاری بەدوای تەرمی قوربانیان، پارچەی فڕۆکەکەدا دەگەڕێن. چەند تیمێکی تایبەتیش کاری سەرەکییان دۆزینەوەی سندوقی رەشی ئەو فڕۆکە تێکشکاوەیە.

 

 

ز.س

Hits: 61
Category: