ئەمریکا... داوا لە مایك پێنس دەکرێت جێگای ترەمپ بگرێتەوە

 

نانسی پێڵۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنەکەی دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەک دەدات کە تێیدا، داوا لە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەکرێت جێگای دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای وڵاتەکە بگرێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، لێکۆڵینەوەی لە ٢٥ هەوڵی "تیرۆریستیی ناوخۆیی" بەردەوامە.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، پێڵۆسی راشیگەیاندووە، دەنگ لەسەر چالاککردنی ماددەی ٢٥ی دەستوری ئەمریکا دەدەن و بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای لابردنی ترەمپ و جێگرتنەوەی لەلایەن پێنسەوە پەسەند دەکەن.

لە ماددەی ٢٥ی دەستوری ئەمریکادا هاتووە، جێگرەکەی جێگای سەرۆک دەگرێتەوە ئەگەر هاتوو سەرۆک مرد، دەستی لەکار کێشایەوە یان لە پۆستەکەی لادرا. هەر لەو ماددە دەستورییەدا چۆنێتی گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک بۆ جێگرەکەی دیاریکراوە.

نانسی پێڵۆسی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە سبەینێ سێشەممە داوا لە مایک پێنسی جێگری دۆناڵد ترەمپ دەکەن تا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا دەست بە جوڵە بکات و رێکارەکانی جێگرتنەوەی سەرۆک دەستپێبکات.

پێشتر، کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە مایک پێنسەوە بڵاویکردەوە، کە ناوبراو ئامادەی هەنگاوێکی لەو جۆرە نییە، مەگەر لە حاڵەتێکدا، "دۆناڵد ترەمپ زیاتر وڵاتەکە بخاتە مەترسییەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٦ی ئەم مانگە، لەکاتێکدا کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی دەستی بە دانیشتن کرد، دۆناڵد ترەمپ لایەنگرانی خۆی هاندا بەرەو باڵەخانەی کۆنگرێس بەڕێبکەون. خۆپیشاندەران بەڕێکەوتن و چوونە ناو باڵەخانەکەوە و گرژی دروستبوو، هەر بەو هۆیەشەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دانیشتنەکە راگیرا.

دواتر و پاش ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی مایکس پێنسی جێگری دۆناڵد ترەمپ دانیشتنەکەی دەستپێکردەوە و تیایدا، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە پەسەندکرا و بەوەش، ترەمپ دەبێت لە ٢٠ی ئەم مانگەدا بە ناچاری دەسەڵاتەکانی رادەستی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە بکات.

 

ز.س

Hits: 45
Category: