یەکێتی ئەوروپا هەوڵدەدەین ناوی عێراق لە لیستی وڵاتانی زۆر مەترسیدار دەربهێنین

باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق دەڵێ هەوڵدەدەن عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانە دەربهێنن، کە زۆر مەترسیدارن.

رۆژنامەی سەباح-ی نیمچەفەرمی، ئەمڕۆ (سێشەممە، 12-1-2021) بڵاویکردەوە، مارتن هوت، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق پێی راگەیاندوون، سەقامگیریی عێراق و خۆشگوزەرانی و سەروەرییەکەی، مەرجی بنچینەیی هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەکە بە گشتی، هەنگاوەکانی حکومەتی ئەو وڵاتەشی، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە گرنگ زانی.

لە لێدوانەکەی بۆ رۆژنامە عێراقییەکە، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێ "یەکێتیی ئەوروپا، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ سڕینەوەی ناوی عێراق لە لیستی وڵاتانی زۆر مەترسیدار" لەسەر ئاستی جیهان.

لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، یەکێتیی ئەوروپا لیستێکی بە ناوی ئەو وڵاتانە بڵاوکردەوە کە زۆر مەترسیدارن لەسەر دارایی یەکێتیی ئەوروپا، بەهۆی کەمتەرخەمییان لە رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر. عێراق یەکێک بوو لەو وڵاتانە، هەروەها هەریەک لە: ئەفغانستان، سووریا، پاکستان، یەمەن، ئێران و کۆریای باکووریش لە لیستەکەدابوون.

Hits: 20
Category: