ئەمڕۆ، كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بڕیاری لەسەر دەدرێت

دوای چەند جارێك لە دواخستنی پڕۆسەی خوێندن بەهۆی مەترسی زیاتر تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بڕیارە ئەمڕۆ چوار شەممە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لەسەر ئاستی هەرێم كۆببێتەوە و بڕیاری نوێ لەبارەی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن و ڕێكارە خۆپارێزییەكان دەربكات.

لای خۆشیەوە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەمەبەستی تاوتوێكردنی پڕۆسەی خوێندن و میكانیزمی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكە لەكاتێكدا بڕیاری كردنەوەی دەرگای خوێندنگاكان درا، ئەمڕۆ چوار شەممە كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجام دەدەرێت.
ئاشكراشیكرد، ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەرانی‌ خوێندنگە ئامادەیی‌ و پیشەییەكانی‌ سنووری‌ پەروەردەی‌ ڕۆژئاوای سلێمانی دەكەین، كاتژمێر 11:30 خولەكی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەو كۆبوونەوە فراواندا ئامادەبن.

ئەمەش لەكاتێكدایە، هلز ئەحمەد ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی كوردستان ڕاگەیاند، هۆكار نەكردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان نەبوونی مووچەیە نەك ڤایرۆسی كۆرۆنا.

هاوكات مامۆستایانی ناڕازی ئاشكرایدەكەن، لە ئەگەری كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، ئەوان پابەندی ڕێنمایی و بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردە نابن تاكو ئەوكاتەی 30 ڕۆژ جارێك مووچەكانیان وەردەگرن.

ك-س

Hits: 21
Category: