گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ دووشەممە 41 کەس لەسەر کەیسی سلێمان هەڵشۆیی دەستگیرکراون.
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین ئاشكرایكرد، تاوەکو ئێستا کەیسی سلێمان هەڵشۆیی بە کراوەیی ماوەتەوە و ئێستاش خەڵک هەیە کە سكاڵا لە دژی تۆماردەکەن و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.
بەگوتەی شۆڕش ئیسماعیل، پێشتر چەند کەسێک کە لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی هاوبەش بوون و مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکدا کردبوو دەستگیرکرابوون، بەڵام ئێستا ژمارەی دەستگیرکراوان کە تۆمەتبارن بەوەی لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکی دیکەدا کردبێت گەیشتووەتە 41 کەس.
سلێمان هەڵشۆیی، کە خۆی بە بازرگان و سەرمایەدار لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەزانی، رۆژی 20ی مانگی 12ی ساڵی رابردوو مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و دواتر پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین دەستگیری کرد و تاوەکو ئێستاش لە زیندانەوە و ئازادنەکراوە. ئەوانەیشی پارەیان لای سلێمان هەڵشۆییە بەردەوام سکاڵا تۆماردەکەن و هەندێک رۆژێیش گردبوونەوە دەکەن و داوای مافی خۆیان دەکەن.
لە دوایین کاردانەوەکان سەبارەت بە کەیسی سلێمان هەڵشۆیی، شەوی رابردوو مامۆستایەکی ئایینی بەناوی ئیسماعیل تووەسوورانی لە سنووری قەزای پشدەر رایگەیاند، پێش ئەوەی کتێبەکەی چاپ و بڵاوبکاتەوە، سلێمان هەڵشۆیی لەگەڵ مامۆستایەکی دیکەی ئایینی سەردانی ماڵەکەی کردووە و بڕی 2000 هەزار دۆلاری بۆ چاپکردنی کتێبەکەی پێداوە و ئەویش وەریگرتووە. بەڵام دواتر کوڕێکی ئەو مامۆستا ئایینییە چووەتە لای سلێمان هەڵشۆیی و بڕی 11 هەزار دۆلاری پێداوە و تاوەکو ئێستا پارەکەی نەداوەتەوە.
z.s