لە کرماشان دوو کچ لەسەر گۆرانیگوتن دەستگیردەکرێن

پۆلیسی کرماشان دوو کچی دەستگیرکرد کە لە ریکلامێکدا گۆرانییان گوتووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردووەتەوە.

حەسەن حەیدەری، بەرپرسی پۆلیسی ئاسایشی گشتیی کرماشان رایگەیاند ئەو دوو کچە رێکلامیان بۆ یەکەیەکی پیشەیی کردووە و لە رێوڕەسمێکدا گۆرانییان گوتووە.

پۆلیسی ئاسایشی گشتی کرماشان دەڵێت: "کاری ئەو کچانە دژی داب ونەریتە کۆمەڵایتییەکان بووە و خەڵکی بێزار کردووە" بۆیە ئەوانیش بەدواداچوونیان بۆ کردووە. ئەو دوو کچە و خاوەنی دووکانەکە و خاوەن ناوەندە بەرهەمهێنەرەکەی کلیپەکەش گیراون و ئەو پەیجانەش کە کلیپەکەیان بڵاوکردووەتەوە، داخراون.

ئەوە یەکەمجار نییە کچانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر گۆرانیگوتن و ریکلام و کلیپ دەستگیردەکرێن، ماوەیەک لەمەوبەریش کچێک کە بەشداری لە کلیپێکدا کردبوو لە تەکیەیەکی کرماشان دەستبەسەرکرا. دوو کچی دیکەش لەسەر رێکلام بۆ پێشانگایەکی فرۆشتنی جلوبەرگ گیراون. پۆلیسی کرماشان دەڵێ: ئەوانە حیجابیان نەپاراستووە.
پۆلیسی کرماشان ئەو کلیپەی بە لادان لە "نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان" لە قەڵەمدا و گوتی: تەحەمولی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە ناکات.

لە کلیپەکەدا تەکیەی موعاون و موڵکی کرماشان، کە شوێنێکی ئایینییە دەرکەوتبوو، کەچی دواتر دەرکەوت کلیپەکە ساڵی 2016 دروستکراوە و کچەکە لەو تەکیەیەشدا نەبووە و تەنیا مۆنتاژ بووە، بەڵام پۆلیس قەناعەتی بەمە نەهێنا، بۆیە کچەکە و وێنەگرەکە دەستبەسەرکران.

تەکیەی موعاون و موڵک 120 ساڵ لەمەوبەر و لە سەردەمی پاشایەتی قاجارەکان دروستکراوە، شوێنێکە بۆ ماتەمگێڕانی ئیمام حوسێن، سێهەمین ئیمامی شیعەکان.

پێش ئەو ریکلامەش دوو کچ کە لە شەقامی کەسرای کرماشان کلیپیان بۆ دوکانێکی جلوبەرگ فرۆشی کردبوو و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووبووەوە، رۆژی 6ی دیسەمبەری 2020 لەگەڵ دوو وێنەگری ریکلامەکە گیران. پۆلیس دووکانەکە و وێنەگرییەکەشی داخست.

 

 

z.s

Hits: 63
Category: