لەبارەی سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا روونكردنەوە دەدرێت

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داواکاریەکی زۆر هەیە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، "ئێمە حەزدەکەین بچین، بەڵام حەزدەکەین بزانین لەگەڵ کێ قسە بکەین، دوەمیش چارەسەرەکە بە چ ئاستێک دەڕوات"، دەشڵێت، "چەندین بانگهێشتنامەی لە وڵاتانی دەرەوە بۆ هاتوە بەڵام تا ئێستا بڕیارنەدراوە بچێت".

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دوشەممە لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "تا ئێستا بڕیار نەدراوە کە سەرۆکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات، داواکاریەکی زۆر هەیە سەردان بکات، ئێمە حەزدەکەین بچین، بەڵام حەزدەکەین بزانین لەگەڵ کێ قسە بکەین، دوەمیش چارەسەرەکە بە چ ئاستێک دەڕوات".

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەکانی بەغدا هەندێک قوڵترن بەهۆی نزیکبونەوەی هەڵبژاردنەکان، "رۆژ بە رۆژ موزایەداتی سیاسی زۆر زیاتر دەبێت، بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بڕوات، بەڵام کە دەچین دەبێت بزانین دەستکەوتێکمان دەبێت، هەرچون بەبێ نەتیجە هیچ سودێکی نیە".

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، "لە کۆتا کۆبونەوەی کە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان و سێ سەرۆکایەتییەکە کرا لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بڕیادرا کە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان بچین، ئێمە ئامادەین، سەرۆکایەتی هەرێم بەردەوام چەترێک بوە بۆ لایەنە سیاسیەکان، هەتا ئێستا ئەو بڕیارە نەدراوە".

لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی تورکیا و ئێران، فەوزی هەریری وتی، "بۆ ئێستا نیە، سەرۆکی هەرێم چەندین بانگهێشتنامەی هەیە، بەڵام تا ئێستا بڕیارنەدراوە بچێت".

 

 

z.s

Hits: 66
Category: