سەفین دزەیی: نەوەیەکی نوێ لە بەغدا دروستبون کە بەشێوازێکی جیا رەفتار لەگەڵ هەرێم دەکەن

به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد، هه‌ندێك له‌سیاسییه‌كانی به‌غدا به‌شێوازێكی جیا ره‌فتار له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌كه‌ن ، ئه‌وه‌ش بۆته‌ جێگه‌ی نیگه‌رانیمان و ده‌ڵێت: پرسی كورد له‌ بابه‌تی موچه‌ و بودجه‌ گه‌وره‌تره‌.

سه‌فین دزه‌یی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "گرفت له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌، و له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی كازمی رێگه‌چاره‌یه‌ك بدۆزرێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ یاسای بودجه‌ی 2021 كه‌ ئێستا له‌ په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت.

وتیشی ، به‌داخه‌وه‌ ئێستا له‌ به‌غدا نه‌وه‌یه‌كی نوێی سیاسه‌تمه‌دار دروستبون كه‌ به‌شێوازێكی جیا ره‌فتار له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی نیگه‌رانیمانه‌ چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا ته‌نها له‌سه‌ر موچه‌ نه‌بوه‌.

رونیشیكرده‌وه‌، له‌رابردو شۆڕشه‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌تی له‌ دوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ له‌ زه‌مه‌نی شێخ مه‌حمودی نه‌مره‌وه‌ و بۆ شۆڕشه‌كانی بارزان و شۆڕشی ئه‌یلول و شۆڕشی گوڵان و شۆڕشی نوێ هه‌مویان به‌مه‌به‌ستی ئازادكردنی هه‌رێمی كوردستان و تێگه‌یشتن له‌ مافه‌ ڕه‌واكانیان بوه‌، به‌ڵام ئێستا گفتوگۆ له‌سه‌ر موچه‌ و بودجه‌ ده‌كرێت، راسته‌ ئه‌وه‌ گرنگه‌ بۆ بژێوی، به‌ڵام خه‌ڵكی كوردستان دۆسیه‌یه‌كیان هه‌یه‌ و پێویسته‌ چاره‌نوسی گفتوگۆكان راستبكرێته‌وه‌، ئه‌ویش ته‌نها به‌ یه‌كڕیزی و ته‌بایی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.

 

 

z.s

Hits: 101
Category: