په‌یامی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌ ساڵیادی راپه‌ریندا

حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان به‌بۆنه‌ی ساڵیادی راپه‌رین په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

با یادی راپەڕین دەرفەتی تازەمان بۆ دروست بكات

هاوڵاتیانی تێكۆشەری كوردستان..كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان:

 لە ساڵیادی راپەڕینی شكۆمەندانەی خەڵكی كوردستان لە 5/3/1991، درودو سڵاو دەنێرین بۆ رۆحی شەهیدان و كەسوكاری سەربەرزیان، سڵاوێكی گەرم لە پێشمەرگەدێرینەكان‌و جەماوەری راپەڕیوی ئەوێ رۆژێ دەكەین. سڵاو دەنێرین بۆ دەروازەی راپەڕین.

 هاوڵاتیانی خۆشەویست: یادەوەری راپەڕینی ئەمساڵ لە هەلومەرجێكی ناوخۆیی هەستیاردا دەكرێتەوە، كەلێن و دووبەرەكی لەنێوان هێزە سیاسیەكاندا هەیە، هەرێمی كوردستان گیرۆدەی قەیرانی دارایی و بژێوی و موچە بۆتەوە. مەترسی جدی هەیە لەسەر دەستكەوتەكانی راپەڕین و كاری هەرێمایەتیشی بۆ دەكرێت.

 حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە یادی راپەڕیندا جەخت لەچارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عێراق دەكاتەوە، پێداگیری لەسەر مافە دەستوریەكانی گەلی كوردستان دەكەین‌و خواستمان ئەوەیە هەرچی زووە یاسای بودجەی حكومەتی عێراق بەپێی رێككەوتنێكی شایستە دەنگی لەسەر بدرێت‌و دەستەبەری مافە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بكات.

 لە یادی راپەڕیندا جەخت دەكەینەوە كە هەرچی زووە هەموو هەوڵێك بدەین بۆ یەكڕیزی نیشتمانی‌و چارەسەری كێشە سیاسیەكانی ناوخۆمان، كە باشترین دەستكەوتی گەلەكەمان هەمیشە لە یەك ریزیەوە بووە. لەئێستاشدا بە یەكڕیزی نێوماڵی كوردی دەتوانین روبەروی ئاستەنگەكان ببینەوەو دەستكەوتەكانی راپەڕینیش بپارێزین.

 یادی راپه‌ڕین ئه‌وه‌مان لێ ده‌خوازێ، كه‌ هه‌م ده‌ست به‌ ده‌ستكه‌وته‌ به‌دیهاتووه‌كانی راپه‌ڕینه‌وه‌ بگرین، هه‌میش په‌ره‌ به‌ ده‌ستكه‌وته‌كان بده‌ین‌و بنه‌ما ئازادی و دیموكراتیه‌كان  بپارێزین‌و ده‌سته‌به‌ری سه‌ربه‌خۆیی دادگاكان و چه‌سپاندنی یاسا بكه‌ین له‌كوردستان رێزی زیاتر بۆ كاری رۆژنامه‌گه‌ری و ئازادی را ده‌ربڕین بچه‌سپێنین. وه‌ هیزی پێشمه‌رگه‌و هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ژێر هه‌ژموونی حزبایه‌تی ده‌ربهێنین‌و بیكه‌ین به‌ هێزێكی نیشتمانی كه‌ زامنی ئاینده‌یه‌كی باشتر ده‌كات بۆ گه‌لی كوردستان.

  راپه‌ڕین تاجی رزگاری له‌سه‌ر كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابڕێندراوه‌كانی دیكه‌ نا، بۆیه‌ جارێكی دیكه‌ له‌م یاده‌ مه‌زنه‌دا جه‌خت له‌ كوردستانی بوونی كه‌ركوك و ته‌واوی ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌و به‌توندی ئیدانه‌ی هه‌ر هه‌وڵیكی ته‌عریب و گۆڕینی دیموگرافیای ئه‌م ناوچانه‌ ده‌كه‌ین.

 با یادی راپەڕین لەبری مەترسیەكان، دەرفەتی تازەمان بۆ دروست بكات لەپێناو بەدیهێنانی مافە نەتەوەیی‌و سیاسی و كوردستانیەكانمان لە ژێر ئاڵای كوردستان و خەونی ئازادیخوازانی گەلەكەماندا. هەروەك دەخوازین چارەسەری پرسی چاكسازی‌و گەندەڵی‌و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی‌و ناسۆری ژیانی زەحمەتكێشان‌و كرێكاران هەنگاوی حوكمڕانی بێت، تاوەكو ئەو خەونە بەدی بهێنین كە شەهیدەكانمان‌و خەڵكی راپەڕیوی كوردستان لە دژی جەورو ستەمی بەعس بەخوێن‌و فرمێسك خەباتیان بۆ كرد.

سڵاو لە رۆحی بەرگری و تێكۆشانی گەلی كوردستان

   درود بۆ شەهیدان.

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

5/3/2021

Hits: 116
Category: