قایمقامیەتی سلێمانی: کەبابخانەیەکمان داخست گۆشتی لەنێو توالێتدا هەڵگرتبوو

سەرۆکی لیژنەی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی رەمەزانەوە تاوەکو ئێستا 22 شوێنکاریان بەهۆی سەرپێچی و بەکاربردنی خۆراک و پێداویستی بەسەرچوو داخستووە و گوتیشی" شەوی رابردوو کەبابخانەیەکمان داخست کە گۆشتی لە توالێتدا هەڵگرتبوو".

قایمقامیەتی سلێمانی لەڕێگەی 38 لیژنەوە چاودێریی دووکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکات، بەپێی خشتەی کارکردنی لیژنەکان لە بەرەبەیانێکی زووەوە تاوەکو درەنگی شەو، سەردانی شوێنەکان دەکەن و پشکنین بۆ ئەو کاڵا و شمەک و خواردەمەنییانە دەکەن رۆژانە لەلایەن هاونیشتمانییانەوە بەکاردەهێنرێن.

سەرۆکی لیژنەی قایمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی پێنجشەممە (22-04-2021)، کەبابخانەیەکیان داخستووە کە گۆشتی لە توالێتدا هەڵگرتووە و گوتیشی "جگە لە داخستن، سکاڵای یاساییشی لەسەر تۆمار دەکەین.

لە راگەیێندراوێکدا قایمقامییەتی سلێمانی لەبارەی داخستنی ئەو کەبابخانەیە کە گۆشتی لەنێو توالێتدا هەڵگرتبوو، دەڵێت "بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و رێنماییەکانی دیکەی کارکردن لە شوێنەکەدا و نەشیاوی شوێنی هەڵگرتنی گۆشت و بەکارهێنانی توالێت وەک کۆگای عەمبارکردنی خواردەمەنی، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی کەبابخانەی بەهار لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی دادەخات."

هاوکات قایمقامی ناوەندی هەولێر رایگەیاند، لە هەشت رۆژی یەکەمی مانگی رەمەزاندا، 20 شوێنکار بەهۆی بەکاربردنی خواردن و خواردنەوەی خراپ و نەشیاوی شوێنەکەوە داخراون و سزا دراون.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر رایگەیاند، لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێر لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانەوە گەڕانیان چڕترکردووەتەوە و لە هەشت رۆژی یەکەمی مانگی رەمەزاندا 20 شوێنکار داخراون. نەبەز عەبدولحەمید گوتی "جگە لە داخستن، خاوەنی هەریەکە لەو شوێنانە لە یەک ملیۆنەوە بۆ 5 ملیۆن دینار سزای ماددی دراون".

قایمقامی هەولێر باسی یەکێک لە شوێنکارەکان کرد کە دوور لە چاوی خەڵک شیرەمەنی دروستکردووە و گوتی " لیژنەی قایمقامیەت زانیارییان دەستکەوت کە لە گەڕەکی منارە چەند کەسێک لەناو کەلاوەیەکی پیسدا پاقلاوە دروستدەکەن، دەستبەجێ لیژنەکەمان ناردە شوێنەکە و دەرکەوت لەو کەلاوەدا بەشێوەیەکی ناتەندروست سەرقاڵی دروستکردنی پاقلاوەن، ئێمەش شوێنەکەمان داخست و سزای ماددیشمان دان".

 

z.s

Hits: 83
Category: