لەیادی رۆژنامەگەری كوردیدا، پەیامێك لە مەكتەبی راگەیاندنی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە

لە رۆژێكی وەك ئەمڕٍۆدا 123  ساڵ لەمەوبەر لە 22/4/1898 یەكەمین رۆژنامەی كوردی بەناوی (كوردستان) لەسەر دەستی بنەماڵەیەكی رووناكبیرو نیشتمان پەروەر، لەوڵاتی تاراوگە و دوور لە زێدی خۆی  لەدایك بوو. لەو سەردەمەدا گەلی كوردستان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بەهەموو شێوەیەك دەچەوسێنرایەوەو تەنانەت قسەكردنیشی بەزمانی دایكی خۆی لێ قەدەغە بوو، لەم قۆناغە سەختەدا هەردوو كوڕانی بەدرخان پاشا (میقداد مەدحەت بەدرخان و عبدالرحمان بەدرخان)ی بیریان لە دەركردنی رۆژنامەیەك كردەوەو لە ڕۆژی 22/4/1898 دا لە قاهیرەی پایتەختی میسر یەكەم ڕۆژنامەی كوردی بەناوی كوردستان لەلایەن (میقداد مەدحەت بەدرخان)ەوە دەرچوو.

لەم رۆژەوە تاوەكو ئێستا رۆژنامەگەری كوردی چەندین قۆناغی جیاوازو پڕ دەستكەوت و جوامێرانەی بڕیوە، رۆڵی گەورەی لە پاراستنی شوناس و زمان و فەرهەنگی گەلی كوردستان گێڕاوە. لە جۆشدانی خەبات و تێكۆشانی رۆڵەكانی كورد بۆ دەستەبەركردنی مافی ئازادی و رزگاری، رۆژنامەگەری كوردی خاوەنی مێژوویەكی پڕشنگدارە.

لەهەر چوارپارچەی كوردستان بە جیاوازی خەبات و شێوەی زمان و تێكۆشانی گەلەكەمان، رۆژنامەگەری كوردی پێگەی بەهێزو شایستەی خۆی گرتووەو چرای دەستی رۆڵەكانمانە بۆ ئەوەی چاویان روناكتر ببینێت بۆ داهاتوویەكی باشتر.

لەباشوری كوردستانیش دوای راپەڕینی شكۆمەندانەی 1991، خاوەنی كیان و دامەزراوەی خۆمانین و تاوەكو ئێستا كەناڵێكی زۆری بواری رۆژنامەگەری و راگەیاندن لە برەودان و لەكاردان.

رۆڵیان لە گەشەی سیاسی و كولتوری رۆشنبیری و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان جێگای بایەخە، بەڵام ئەم دیدە بۆ رۆژنامەگەری دوای راپەڕین بێ كەموكورتی و رەخنەش نیە. بەشێكی بەرچاو لە سیاسەتەكانی دەسەڵاتداریەتی باشوری كوردستان گرفت و ئاستەنگ و ئاریشەی بۆ ئازادی رادەربڕین دروست كردووە، تەنانەت چەندین رۆژنامەنوسیش شەهیدكراون.

بەداخەوە بەشێكیش لە رۆژنامەنوسانیش بونەتە سێبەری سیاسەتی خراپ و لەرێگای میدیای سێبەرەوە رۆڵێكی باش ناگێڕن. ئەمەش كێشەیەكی دیكەی ناو ماڵی رۆژنامەگەری كوردییە.

لەیادی رۆژنامەگەری كوردیدا، پیرۆزبایی گەرم لەسەرجەم رۆژنامەنوسان و كەناڵەكانی راگەیاندن دەكەینەوەو درود بۆی رۆحی بوێری بەدرخانیەكان و شەهیدانی قەڵەم..

دووپاتیشی دەكەینەوە كە بەهەموو توانامان پشتیوان و هاوكاری گەشەی ئازادی و سەربەخۆیی رۆژنامەگەری كوردستان دەبین.

 

مەكتەبی راگەیاندنی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

22/4/2021

Hits: 59
Category: