رۆژنامەیەکی ئەمریکی: بایدن بەنیازە لە ناوبردنی ئەرمەنییەکان وەك "جینۆساید" بناسێنێت

رۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەو وڵاتە بەنیازە بەفەرمی "لەناوبردنی ئەرمەنییەکان" لەسەر دەستی عوسمانییەکان وەک "جینۆسایدی ئەرمەنییەکان" بناسێنێت.

رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە لە هەنگاوێکی دەگمەندا بەنیازە "لەناو بردنی ئەرمنییەکان" لەسەر دەستی عوسمانییەکان لە سەدەی رابردوودا بە "پاکتاوکردن و جینۆساید" بناسێنێت.

ئاماژەیان بەوەشدا، بایدن پرۆسەی کۆچپێکردنی بە زۆر و برسی کردن و سەربڕینی ئەرمنییەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە لە تورکیا وەک جینۆسایدی ئەرمنییەکان بناسێنێت.

ئەوەشیان خستەڕوو، تا ئێستا بایدن بەفەرمی هیچ رێوشوێنێکی پێویستی بەو ئاراستەیە نەگرتووەتەبەر، بەڵام تەنها دەرکردنی راگەیاندراوی لە بارەی ساڵیادی ئەو روداوە دەرکردووە و تیایدا بە جینۆسایدیش وەسفی نەکردووە.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم هەنگاوەی بایدن پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا ئاڵۆزتر دەکات.

پێشتریش، حکومەتی ئەرمینیا داوای لە تورکیا کرد بە فەرمی دان بە پاکتاوکردنی ئەرمەنییەکاندا بنێت، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە رەتی کردەوە و تەنها بە "کارەسات" وەسفی کرد.

کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان بە یەکێک لە روداوە دیارەکانی سەرەتاکانی سەدەی بیست دادەنرێت. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩١٤ و لە سەردەمی حوکمڕانی دەستەی یەکێتی و پێشکەوتن "جەمعییەتی ئیتیحاد و تەرەقی" لە تورکیا لە سەرەتاکانی جەنگی یەکەمی جیهانی پرۆسەی کوشتنی ئەرمەنییەکان، کە هاوڵاتی کریستیانی ژێردەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوون، دەستی پێکرد. لە ٢٤ نیسانی ١٩١٥ بەهەزاران کەس لە رۆشنبیران و کەسایەتی دیار و ناسراوی ئەرمەنی دەستگیرکران و بەرەو ئەنقەرە بران. هاوکات، لە نێوان ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩١٦ زیاتر لە ٨٠٠ هەزار ئەرمەنی بە دوو قۆناغ، کە لە قۆناغی یەکەمدا زۆرینەی پیاو و کوڕە لاوەکانیان کوشت، لە قۆناغی دووەم ژن و منداڵ و پەککەوتەکان ناچار بە پیادەرۆیی کران، بەشێکی زۆر لەو ژمارەیە گیانیا لەدەستدا. جگە لەوەی روبەڕوی برسی کردن و دەستدرێژی و ئەشکەنجدان و سەربڕین کرانەوە.

z.s

 

Hits: 79
Category: