ئەمریکا، تورکیای لە كڕینی فڕۆکەی ئێف 35 بێبەشكرد

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە فەرمی بە تورکیای راگەیاندووە کە لە لیستی وڵاتانی بەرهەمهێنەری فڕۆکەی جەنگی F-35 دووردەخرێتەوە. ئەنقەرەش لە 2019ـەوە هیوادەخوازێت ئەم هەنگاوە نەنرێت. هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ـش لەبارەی دوورخستنەوەی تورکیا لە پرۆگرامی F-35 رەخنە لە سیاسەتی ئاکپارتی دەگرێت و دەڵێت، هەڵەی خۆیانە.

رۆژی چوارشەممە 21-04-2021 جێسیکا ماکسوێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن بە کەناڵی ئەلعەرەبیەی راگەیاند، کارکردن لەسەر پرۆسەی دوورخستنەوەی تورکیا لە بەرنامەکە بەردەوامە کە لە تەممووزی 2019دا لەسەردەمی دۆناڵد ترمپ راگەیێندرا.

واشنتن دەیەوێت بەمجۆرە سزای تورکیا بدات لەبەرامبەر کڕینی سیستەمی مووشەکی ئێس 400 لە رووسیا.

ئیین لۆرد، بریکاری وەزیری بەرگری بۆبەدەستهێنان و برەودانی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2019 بە رۆژنامەڤانانی رایگەیاندبوو، "ئەمریکا و هاوبەشەکانی دیکەی F-35 لەسەر بڕیاری دوورخستنەوەی تورکیا لە بەرنامەکە و دەستپێشخەریکردن بۆ لابردنی تورکیا بە فەرمی لە بەرنامەکە کۆکن."

تورکیا گوێی بە هۆشدارییەکانی ئەمریکا نەداو سیستەمی ئێس-400ی لە رووسیا کڕی و دەڵێت، پاشگەزبوونەوەش لەو بڕیارە نییە و ئەنقەرە بەرهەڵستی سزاکانی ئەمریکاش دەکات لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەی کە ناویەتی.

واشنتن لە کانوونی یەکەمی 2020دا لەچوارچێوەی یاسای سزادانی کاتسا سزای بەسەر تورکیای هاوپەیمان لە ناتۆ سەپاند، بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازی بەرگریی تورکیا و بەڕێوەبەری دەزگاکە و سێ کارمەندی دیکەی لەسەر کڕینی ئێس 400 لە رووسیا سزادا.

رۆژی 16-12-2020 رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی سزاکەی ئەمریکای دایەوە و گوتی "لە 2017 بەدواوە، لەبابەتی کاتسا، ئەو گەمارۆیەی کاتسا جگەلە تورکیا بەسەر هیچ وڵاتێکی دیکە جێبەجێنەکراوە. بۆ یەکەمجار بەسەر وڵاتەکەمان کە ئەندامێکی ناتۆیە، جێبەجێدەکرێت. ئەمە چ هاوپەیمانێتییەکە؟ ئەم بڕیارە هێرشێکی ئەنقەستە بۆ سەر سەروەری وڵاتەکەمان؟"

تورکیا لە 2002ـەوە چووەتە نێو بەرنامەی F-35 و لە پلانی دابوو 100 فڕۆکە بکڕێت، کڕینی هەر F-35ـێک، 90 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، ئەنقەرە بەردەوامە لە بەکارهێنانی پارچەکانی ئەو فڕۆکەیە کە لە ئەمریکا کڕاون، گرێبەستی کڕینی پارچەکانی F-35 لە 2022 بەسەردەچێت.

هەروەها رۆژی 15-01-2021 رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی گوتبوو "F-35ـەکانمان بەدەست نەگەیشتوون سەرەڕای ئەوەی بڕە پارەیەکی زۆرمان پێداون. ئەوەی ئەمریکا کردوویەتی لە دژی ئێمە، وەکو هاوپەیمانێک، هەڵەیەکی جیدییە."

سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا لە پرسی کڕینی سیستەمی بەرگریی ئێس400، تورکیا لەلایەن رووسیاش لەژێر گوشارە لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە ئۆکراینا.

یوری بۆریسۆڤ، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا دەڵێت، مۆسکۆ چاو بە رێککەوتنە سەربازی و تەکنیکییەکان لەگەڵ تورکیا دەخشێنێتەوە ئەگەر ئەنقەرە ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە رادەستی ئۆکراینا بکات کە لە 2019ـەوە رێککەوتنیان لەسەرکردووە.

ئێستا تورکیا درۆنی بە ئۆکراینا فرۆشتووە، بەڵام سیستەمی بەرگریی ئێس400یشی کارا نەکردووە، گوشارەکانیش بۆ ئەوەن، هەنگاوەکانی تورکیا تاوەکو ئێرەبێت و بەس.

هەدەپە: دوورخستنەوەی تورکیا لە پرۆگرامی F-35 هەڵەی ئاکەپەیە  

میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) تویتێکی لەبارەی دوورخستنەوەی تورکیا لە پرۆگرامی F-35 لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکردەوە و رەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی ئاکپارتی گرت.

لە تویتەکەی سانجاردا کە کاژێر 9:09 خولەکی شەوی چوارشەممە 21-04-2021 بڵاوکراوەتەوە. هاتووە: "دوورخستنەوەی تورکیا لە پرۆگرامی F-35، ئەنجامی سیاسەتی بێ پرەنسیپانەی ئاکەپەیە لە 6 ساڵی رابردوودا لە سیاسەتی دەرەوە. ئەو خاڵەیە کە لە ئەنجامی یاریکردن لە نێوان هێزە گەورەکاندا پێیدەگەیت. ئاکەپە بەو یارییە ویستی هەناسە لە کوردەکان ببڕێت".  

تورکیا لە ساڵی 2006 بەشداریی لە بەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی F-35ی ئەی و بی کرد. پابەندبوونی خۆی راگەیاند بەدروستکردنی هەزار و پێنج پارچەی ئەم فڕۆکە شەڕکەرانە. بەڵام بەهۆی ئەوەی تورکیا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئێس-400ی رووسی کڕی، ساڵی 2018 ئەمریکا ئەندامێتیی تورکیای لە بەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی F-35 بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسارد.

پێنتاگۆن لە پشکی تەرخانکراوی بودجەی ساڵی 2020ی ئەمریکادا، ئەو شەش فڕۆکەیەی تورکیای کڕی کە بڕیاربوو رادەستی تورکیا بکرێت و خستییە خزمەتی هێزی ئاسمانیی تایبەتی مارێنز. بەمەش، کۆمپانیای لۆکهید-مارتن-ی ئەمریکی کە خاوەن پرۆژەی دروستکردنی فڕۆکەکانی F-35ـە، بەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، دانیمارک، کەنەدا و نەرویج بەبێ تورکیا بەردەوام دەبن لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەکان.

ئەمریکا لە رابردوودا هۆشداریی دایە تورکیا لەوەی پاشگەزببێتەوە لە کڕینی سیستەمی بەرگریی ئێس400، بۆ ئەوەی بتوانێت لە پرۆژەی دروستکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 بەردەوامبێت. بەڵام تورکیا هەنگاوی بۆ ئەمە نەنا و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابوو هەم لەگەڵ ئەمریکا و هەمیش لەگەڵ رووسیادا لە بابەتەکانی ئێس400 و F-35 بەردەوامبێت. ئێستا تورکیا سیستەمی بەرگریی ئێس400ی لەبەردەستدایە بەڵام هێشتا کارای نەکردووە.

 

 

z.s

Hits: 72
Category: