ئەمشەو رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی یۆرۆپالیگ کۆتاییان دێت

ئەمشەو رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی یۆرۆپالیگ کۆتاییاندێت، هەشت یانە دەگەنە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە، بەهێزترین رووبەڕووبوونەوەی ئەمشەو دوو یانە دەهێنێتە بەرامبەر یەکدی کە خاوەنی مێژوو و ناوبانگێکی زۆرن لەسەر ئاستی تۆپی پێی ئەوروپا.

لە یاریی لووتکەی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ، هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی و ئەیسی میلانی ئیتالی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

یاریی چوونی نێوان ئەم دوو یانەیە بە 1-1 لە ئۆڵدترافۆرد کۆتاییهاتووە، ئەمشەو لە سانسیرۆ یەکێکیان بۆ قۆناخی داهاتوو و ئەوەی دیکەشیان کاروانەکەی کۆتاییدێت، بۆ یارییەکە میلان چەکی بەهێزی بۆ گەڕاوەتەوە و هەریەکە لە زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ، ئانتی رێبیچ و ماریۆ مانزۆکیچ بەتەواوی ئامادەن، کە لە یاریی رابردوودا یارییان نەکرد.

هەرچی تایبەتە بە مانچێستەر یونایتد، دەیڤد دیخیا گەڕاوەتەوە، پۆڵ پۆگبا، دۆنی ڤان دی بیک و ئیدینسۆن کاڤانی بەتەواوی ئامادەن بۆ یارییکردن، بەڵام ئانتۆنی مارسیال بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات.

میلان سەرەڕای ئەوەی لە دوایین یاریی خولی ئیتالیادا لە یاریگەی خۆی بە ناپۆلی دۆڕا، دەیەوێت ئەمشەو نوێنەرێکی راستەقینەی ئیتالییەکان بێت و خۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتوو، مانچێستەر یونایتدیش بەهەمان شێوە بە هەموو هێز و توانایەکەوە دەیەوێت ئەوەی لە ئۆڵدترافۆرد نەیکرد لە سانسیرۆ بیکات و جێگەی خۆی لە قۆناخی داهاتوو بکاتەوە.

ئەم دوو یانەیە پێشتر 13 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، کە دوو یارییان دۆستانە بووە و جگە لە یاریی چوونی ئەم قۆناخە، سەرجەم رووبەڕووبوونەوەکانیان لە چامپیۆنزلیگدا بووە و لەو پاڵەوانێتییەدا هەریەکەیان 5 بردنەوەیان بەدەستهێناوە.

بۆ ئەم یارییە فیلێکس بریش، ناوبژیوانی بەنێوبانگی ئەڵمانی بۆ بەڕێوەبردنی دیارییکراوە.

یارییەکانی دیکەی یۆرۆپالیگ بەمشێوەیە دەبن

ئارسیناڵ - ئۆڵیمپیاکۆس 20:55، یاریی چوون 3-1 بۆ ئارسیناڵ
مۆلدێ - گرانادا 20:55، یاریی چوون 0-2 بۆ گرانادا
شاختار - رۆما 20:55، یاریی چوون 0-3 بۆ رۆما
دینامۆ زەگریب - تۆتێنهام 20:55، یاریی چوون 0-2 بۆ تۆتێنهام
میلان - مانچێستەر یونایتد 23:00، یاریی چوون 1-1
یەنگ بۆیز - ئایاکس 23:00، یاریی چوون 0-3 بۆ ئایاکس
ڤیاریال - دینامۆ کیێڤ 23:00، یاریی چوون 2-0 بۆ ڤیاریال
گلاسکۆ رێنجەرز - سلاڤیا پراگ 23:00، یاریی چوون 1-1

 

 

Z.S

دوای شكاندنی ریکۆردەکەی، پێلێ پەیامێكی بۆ كریستیانۆ رۆنالدۆ نارد

پێلێ، ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل، دانی بەوەدانا کە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی ریکۆردەکەی شکاندووە وەک باشترین گۆڵکاری مێژووی تۆپی پێ لە یارییە فەرمییەکاندا.

رۆناڵدۆ دوای ئەوەی لە گەڕی 27ـی سێریا ئەیدا هاتریکی بۆ یانەکەی لە تۆڕی گۆڵی کالیاری تۆمارکرد، بووە خاوەنی 770 گۆڵ لە یارییە فەرمییەکاندا، بەمەش ریکۆردی پێلێی شکاند، کە 767 گۆڵ بوو، خودی پێلێش دانی بەوەدانا کە دۆن ریکۆردەکەی شکاندووە و پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کریستیانۆ کرد.

پێلێ لە ئەکاونتی ئینستاگرامەکەیدا، پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ ئەستێرەی مادێرا ناردووە و نووسیویەتی "کریستیانۆ، ژیان گەشتێکە بە تەنیا، هەموو کەس گەشتی خۆی دەکات، چ گەشتێکی جوان دەکەیت".

پێلێ تەمەن 80 ساڵ، زیاتر نووسیویەتی "زۆرم پێخۆشە، زۆر سەرسامم بە تۆ، زۆر حەز بە سەیرکردنی یاریکردنت دەکەم، کە ئەوە لای کەس شاراوە نییە".

ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل و جیهان، لە بەردەوامی قسە جوانەکانیدا بۆ دۆن کریستیانۆ، دەڵێت "پیرۆزبایی شکاندنی ریکۆردەکەمت لێدەکەم کە بوویتە خاوەنی زۆرترین گۆڵ لە یارییە فەرمییەکاندا، تەنیا پەشیمانیم ئەوەیە کە ئەمڕۆ ناتوانم لەباوەشت بگرم".

پێلێ کە وێنەیەکی خۆی و کریستیانۆی داناوە، لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی "بەڵام من ئەم وێنەیە لەسەر شەرەفی تۆ و بە سۆزێکی گەورەوە دادەنێم، وەک هێمایەک بۆ ئەو دۆستایەتییە جێدەهێڵم کە چەندین ساڵە لەنێوانماندا هەیە".

 

z.s

لاپۆرتا بووە سەرۆکی بارسێلۆنا و هێشتنەوەی مێسی پێشەنگی کارەکانی دەبێت

هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی بەشەلۆنە دواجار، متمانەی دایەوە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی پێشووی یانەکەیان و جارێکی دیکە ئەو کەسایەتییە دوای 11 ساڵ دوورکەوتنەوە جارێکی دیکە دەبێتەوە سەرۆکی یانەکە.

درەنگانێکى شەوى رابردوو بە کاتى هەرێمى کوردستان، ئەنجامى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى یانەى بەرشەلۆنەى ئیسپانى راگەیەنرا، کە تێیدا خوان لاپۆرتا سەرۆکى پێشوترى بلوگرانا جارێکى تر متمانەى بەدەست هێنایەوە و هەڵبژاردنەکەى بردەوە. بەپێى ئەنجامەکان، لاپۆرتا (54.2%)ى دەنگەکانى بەدەستهێناوە و ڤیکتۆر فۆنتى رکابەریشى (29.99%)ى دەنگەکانى بردووە، هەرچى تۆنى فریشیایە توانیویەتى تەنها (8.58%)ى دەنگەکان بباتەوە.

لاپۆرتا ئەزموونێکی دوور و درێژی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا هەیە، پاڵپشتییەکی گەورەی لەنێو خەڵکی کەتەلۆنیا و ئەندامانی یانەی بارسێلۆنا هەیە، وەک سەرۆکی بارسێلۆنا پێشتر 12 نازناوی بردووەتەوە، 2 چامپیۆنزلیگ، 4 لالیگا، جارێک جامی شا، 3 جامی سوپەری ئیسپانیا، جارێک جامی سوپەری ئەوروپا و جارێکیش مۆندیالی یانەکانی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە.

لاپۆرتا دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەگەڵ تیمەکەی بە ماسکێکی پرتەقاڵییە کە ژمارە 14ـی لەسەربوو، وەک رێزێک بۆ رۆحی یۆهان کرۆیف، ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا و داهێنەری تیکی تاکا هاتە بەردەم کامێرە و میدیاکان و بۆ یەکەمجار وەک سەرۆکی نوێی بارسێلۆنا قسەیکرد.

خوان لاپۆرتا گوتاری سەرکەوتنی پێشکێشکرد و گوتی " ئەمڕۆ 20 ساڵ ئەوە تێدەپەڕێت کە کوڕێک بە ناوی مێسی لە تیپی 12 بۆ 13 ساڵانی تیپەکەدا دەرکەوت، بینینی باشترین یاریزانی جیهان بە یاوەریی کوڕەکەی لە دەنگداندا نموونەیەکی بۆ ئەوەی ئێمەی دەیڵێین.

لاپۆرتا دەڵێت " لیۆ بارسێلۆنای خۆشدەوێت، باشترین یاریزانی جیهان بارسێلۆنای خۆشدەوێت، هیوادارم یارمەتیمانبدات بۆ مانەوە لە بارسێلۆنا، ئێمە ئەمەمان دەوێت".

خوان لەبارەی مێسییەوە زیاتر گوتی " پەیوەندی بە مێسی دەکەم بۆ ئەوەی متمانەی پێبکەم لە یانەکەدا بمێنێتەوە، ئەو یاریزانێکە بۆ پارە یاریی ناکات و دەیەوێت نازناوی زیاتر بباتەوە، بەتایبەتیش خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، بۆ ئەوەش دەستەوارەی نوێ و پرۆژەی وەرزشی خۆمی دەخەمە بەردەم کە ئەمەمان پێویستە، بەشداریکردنی ئەویش لە هەڵبژاردنەکاندا پێشانی دەدات کەو ئەو چەندە بارسێلۆنای خۆشدەوێت".

سەرۆکی نوێی بارسێلۆنا رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردە گرنگترین هەڵبژاردنی بارسێلۆنا بوو، سەرەڕای پەتای کۆرۆنا، سوپاسی تایبەتم بۆ هەموو ئەندامانی یانەکە، یاریزانان بە تیپی پیاوان و خانمانەوە، پیرۆزباییتان لێدەکەم و سوپاس بۆ پاڵپشتیتان، ئێمە یانەیەکی گەورەمان هەیە و هەڵبژاردنەکان وەک جەژنێک وابوو بۆ هەموو بارسێلۆنا.

لاپۆرتا گوتی " دڵخۆشم بەم شێوازەی هەڵبژاردن، ڤیکتۆر فۆنت و ئەنتۆنی فرێچا کاری باشیان کرد، ئێمە هەموومان یەک خانەوادەین و ئەوان شایستەی چەپڵەیەکی بەهێزن، دەبێت هەموومان پێکەوە کار بۆ ئەوە بکەین کە بۆ یانەکە خێری تێدایە و ئەوان رکابەری من نین".

ئەو زیاتر دەڵێت " کاتێک دەگەڕێمەوە ماڵەوە یەکەم کارم ئەوەدەبێت، هەموو خانەوادەکەم لە باوەش دەگرم، من بە خەڵکی بەهێز و خاوەن ئەزموون و تایبەتمەند لە بوارە جیاوازەکان دەوردراوم، هەست بە بەرپرسیارەتییەکی گەورە دەکەم بۆ ئامانجەکانی یانەکە بەدیبهێنن، بەتایبەت دەزانم خانەوادەی بارسێلۆنا لە بارودۆخێکی خراپدایە و زەحمەتیی زۆری لە ماوەی رابردوودا بینیووە".

لاپۆرتا یۆهان کرۆیفی لە کاتی قسەکردنیدا لەبیر نەکرد و گوتی " سوپاسگوزاری زۆرم بۆ یۆهان کرۆیف هەیە، ئێمە هەموومان شوێنکەوتووی ئەوین، بۆ هەمیشە لەگەڵمان دەمێنێتەوە".

بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، جۆردی کرۆیف، کوڕی یۆهان کرۆیف، ئەستێرەی کۆچکردووی تۆپی پێی هۆڵەندا و یانەی بارسێلۆنا، لە ئیدارەی نوێی خوان لاپۆرتادا پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە وەردەگرێت و ماتیۆ ئالیمانیش دەبێتە دانوستکاری یانەکە.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی دەڵێت " ڤیکتۆر ڤالدێز، دەگەڕێتەوە یانەی بارسێلۆنا و پۆستی راهێنەرایەتی گۆڵپارێزانی یانەکە وەردەگرێت".

بەپێی ئەنجامەکان، لاپۆرتا (54.2%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و ڤیکتۆر فۆنتی رکابەریشی (29.99%)ی دەنگەکانی بردووە، هەرچی تۆنی فریشیایە توانیویەتی تەنها (8.58%)ی دەنگەکان بباتەوە.

بەوەش خوان لاپۆرتا تا ساڵی (2026)، لەسەر کورسی سەرۆکایەتی بەردەوام دەبێت.

 

 

 

z.s

پالمێراس بووە پاڵەوانی جامی بەرازیل

یانەی پاڵمیراس بوو پاڵەوانی جامی یانەكانی بەڕازیل پاش ئەوەی لەیاری گەرانەوەی كۆتایی بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لە گریمیۆی بردەوە.

گێمی یەكەم بە بەرامبەر بوون بەبێ گۆڵ كۆتایی هات، ویسلی لەگەڵ دەست پێكردنەوەی گێمی دووەم بە هەشت خولەك گۆڵی یەكەمی تۆمار كرد، بەر لەكۆتایی یارییەكەش بە شەش خولەك گابرێیل میتیتۆ گۆڵی دووەمی پاڵمیراسی تۆمار كرد، لەیاری چوونیش بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر براوە بوو بوو، بەكۆی هەردوو یاری پاڵمیراس بووە پاڵەوان.

ریال مەدرید ئەمشەو ئەركی قورسە و بۆ یارییەکی قورستر خۆی ئامادە دەکات

لە دوایین یاری گەڕی 25ـی لالیگادا، ئەمشەو ریال مەدرید لەسەر یاریگەی ئەلفرێدۆ دیستیفانۆ میوانداری ریال سۆسیداد دەکات و یارییەکە کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان دەستپێدەکات.

یارییەکی گرنگە بۆ هەردوو یانە، کە ریال مەدرید دەیەوێت بە بردنەوەی 3 خاڵی ئەم یارییە پلەی دووەمی ریزبەندیی لە بارسێلۆنا وەربگرێتەوە و بە ورەیەکی بەرزیشەوە خۆی بۆ یاری دێربی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدریدی پێشەنگ ئامادەبکات، کە هەفتەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.

یارییەکە بۆ ریال سۆسیدادیش زۆر گرنگە، کە بە کۆکردنەوەی 41 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندیدایە و دەیەوێت بەردەوام بێت لە رکابەریکردن لەسەر کورسییەکی چامپیۆنزلیگ.

زینەدین زیدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید کارنامەی تیپەکەی بۆ رووبەڕووبونەوەی ریال سۆسیداد راگەیاندووە و دڵخۆشە بە چاکبوونەوەی 4 لە یاریزانە پێکراوەکانی، کە بریتین لە هەریەک لە مارسێلۆ، رۆدریگۆ، ڤالڤێردی و ئۆدریۆزۆلا.

بەڵام زیزۆ هێشتا بێبەشە لە تواناکانی کۆمەڵێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی پێکهاتەکەی، بەتایبەتی لە هێڵی بەرگری، کە سێرخیۆ رامۆسی کاپتن و دانی کارفاخال و میلیتاو ناتوانن یاری بکەن، زێدەباری ئیدین هازارد و کەریم بنزیما لە هێڵی هێرشبردن.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە ریال سۆسیدادیش بەمدواییە هاوسەنگی خۆی بەدەستهێناوەتەوە و ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، کە لە دوایین 3 یاری لالیگادا 3 سەرکەوتن و 9 خاڵی بەدەستهێناوە.

ئەم دوو یانەیە پێشتر 147 جار لە لالیگادا رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە و یانەی شاهانە 83 یاری بردووەتەوە و یانەی باسکی تەنیا 26 جار براوە بووە و 38 جاریش هەردوو یانە یەکسان بوونە. مەدریدییەکان 318 گۆڵیان کردووە و باسکییەکانیش 180 جار تۆڕی گۆڵی ریال مەدریدیان هەژاندووە.

 

Z.S