مێسی: خۆزگە کەس نەیناسیبام

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لە ژیانی نێوبانگ و ئەستێرەیی بێزارە و دەڵێت "خۆزگە کەس منی نەناسیبا".

ئەستێری ئەرجەنتینی، لە کۆی 96 کاژێری پشوودا 30 کاژێر لەنێو فڕۆکەدا بەسەردەبات، چونکە رۆناڵد کۆمانی راهێنەری بارسێلۆنا 4 رۆژ پشووی بە یاریزانەکانی داوە بە بۆنەی کریسمسەوە، لەبەرئەوەی رۆژی سێشەممە 29ـی ئەم مانگە یارییەکانی لالیگا دەستپێدەکەنەوە، کەچی مێسی بڕیاریدا لەو ماوە کورتەیەدا بگەڕێتەوە وڵاتەکەی و لەوێ ئاهەنگی کریسمیس بکات.

رۆژی 29ـی ئەم مانگە لە گەڕی 16ـی لایگادا، بارسێلۆنا لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری ئیبار دەکات و پێویستە مێسی بۆ ئەو یارییە بگەڕێتەوە بارسێلۆنا.

لیۆنێل مێسی

ئەگەرچی هەندێک پێیانوایە کە نەدەبووایە مێسی ئەو گەشتە بکات، لەبەرئەوەی تووشی ماندووبوونێکی زۆر دەبێت، کە دوای یاری ڤایادۆلید راستەوخۆ لەگەڵ خێزانەکەی بە فڕۆکە تایبەتەکەی بەرەو ئەرجەنتین گەشتی کرد، بەڵام هەندێکیش پێیانوایە ئەو گەشتە پێویست بوو بۆ لیۆنێل بۆ ئەوەی کەشێک بگۆڕێت و هەندێک لە گوشارە دەروونییەکانی رزگاری ببێت، بەتایبەتیش کە هەست دەکرێت ئێستا مێسی لە بارودۆخێکی باشتردایە و ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆی بۆ مانەوەی لە بارسا کردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەگەری ئەوە هەیە رۆناڵد کۆمانی راهێنەر لە یاری ئیباردا پشوو بە مێسی بدات، ئەگەر هەستیکرد ماندووە، ئەگەرچی زەحمەتە مێسی بەوە رازی بێت یاری نەکات، کە تاوەکو ئێستا هەموو یارییەکانی لالیگای کردووە، تەنیا لە یاری ریال بێتیسدا لە گێمی دووەمەوە بەشداری کردووە و دوو گۆڵی لەو یارییەدا کرد.

مێسی زۆر پێویستی بەوەیە هەندێجار پشوو بدات و بگەڕێتەوە نێو خێزانە گەورەکەی لە ئەرجەنتین، چونکە زۆر بێزارە لە ژیانی ناوبانگ و ئەستێرەیی، ئەو دەڵێت "هەندێجار دەڵێم خۆزگە کەس نەیناسیبام"، هەروەها دەڵێت "ناتوانم جارێک بە ئارامی لەگەڵ منداڵەکانم بچمە بازاڕ، سینەما، یان چێشتخانەیەک".

مۆرینهۆ بە پێكەنینەوە لەبارەی خەڵاتەكەی كلۆپ چی وت؟

 

جەنگی ساردی نێوان یۆرگن كلۆپ و خۆزێ مۆرینهۆ چەند رۆژێكە دەستی پێكردووە ، راهێنەرە پورتوگالیەكە گاڵتە بە كلۆپ دەكات و پێی وایە شایستەی خەڵاتی باشترین راهێنەری جیهان نییە.

یۆرگن كلۆپ لە (17)ـی ئەم مانگە لە مەراسیمێكدا لەلایەن فیفاوە خەڵاتی باشترین راهێنەری ساڵی (2020)ـی پێدرا.

لەمبارەیەوە خۆزێ مۆرینهۆ بە پێكەنینەوە لەبارەی بوونی كلۆب بەباشترین راهێنەری جیهان بۆ ساڵی (2020) وتی : " پێم وایە هانز فیلیكی راهێنەری بایرن میونخ شیاوی خەڵاتی باشترین راهێنەر نییە چونكە ئێستا (5) نازناوی بردۆتەوە ، دەبێت (3) نازناوی دیكە بدۆزێتەوە و بەدەستی بهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە باشترین راهێنەری جیهان".

ئەفسانەیەكی تۆپی پێی ئیتاڵیا كۆچی دوایی كرد

پاوڵۆ رۆسی، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئیتالیا و براوەی مۆندیالی 1982 لەگەڵ هەڵبژاردەکە کۆچی دواییکرد.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پاوڵۆ رۆسی، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتالیا، یانەکانی یوڤێنتوس و ئەیسی میلان لە تەمەنی 64 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، هەردوو یانە ئیتالییەکەش بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی ئاراستەی هاندەرانیان دەکەن.

میدیای ئیتالیا بڵاویکردەوە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بارودۆخی تەندروستیی رۆسی تێکچووە و لەژێر چاودێریدا بووە، ئەمڕۆش کۆچی دواییکرد.

پاوڵۆ رۆسی ئەستێرەیەکی دیاری تۆپی پێی ئیتالیا بووە، لە 1977 تاوەکو 1986 لە ریزەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا 48 یاریی نێودەوڵەتیی ئەنجامداوە.

لەگەڵ ئازووری نازناوی مۆندیالی 1982ـی بردووەتەوە، پێشتر تۆپی ئاڵتۆنی و پێڵاوی زێڕینی بردووەتەوە.

پاوڵۆ رۆسی، لە کاروانی یارییکردنیدا لەسەر ئاستی یانەکان 338 یاریی ئەنجامداوە، 134 گۆڵی تۆمارکردووە، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتالیاش خاوەنی 20 گۆڵ بوو.

 

ز.س

 

کێ زە بێست دەباتەوە؟

ئەمشەو کاژێر 21:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە بارەگای فیفا لە شاری نیۆنی سویسری ئاهەنگەکە دەستپێدەکات، کە بۆ ئەمساڵ بە سیستم و ستایلێکی جیاواز ئەنجامدەدرێت، بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. 

ئاهەنگەکە بە ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت و میوانی نابێت، بەهەمانشێوەی رێوڕەسمی تیروپشکی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، کە بەر لە چەند رۆژێک بەڕێوەچوو.

دوایین یاریزان خەڵاتەکەی بردبێتەوە، لیۆنێل مێسی ئەستێری ئەرجەنتینی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانییە، کە لە ساڵی 2019 بەدەستیهێنا.

 

گەڕانەوەی خەڵاتەکە...

 

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، فیفا بڕیاریدا خەڵاتەکانی ئەمساڵی زە بێست هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵام دواتر فیفا پێداچوونەوەی بە بڕیارەکەیدا کرد و دواجار بڕیاریدا خەڵاتەکە بگەڕێتەوە.

پێشتر زۆر لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە بەرپرسانی فیفا لە ژێر کاریگەری گوشاری چەند لایەن و کەسیەتییەکدا پاشگەزبوونەتەوە و بڕیاریانداوە جارێکی دیکە خەڵاتەکە بگەڕێننەوە، بەتایبەتیش بەرپرسانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی کە پێیانوایە راهێنەر و یاریزانەکانی شایەنی زۆرترین خەڵاتەکانی ئەمساڵی فیفان، بەتایبەتیش رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی، کە نزیکترین و بەهێزترین بەربژێرە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.

 

بەربژێرەکان...

 

وەک هەموو ساڵ فیفا ئەمساڵیش چەند خەڵاتێک دەبەخشێت، کە گرنگترینیان خەڵاتی باشترین یاریزانی پیاوە، هەروەها خەڵاتی باشترین راهێنەر.

باشترین یاریزان...

1 - رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی، یاریزانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی

2 - لیۆنێل مێسی، یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی

3 - کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یاریزانی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی

 

باشترین راهێنەر...

 

1 - مارسیلۆ بێلسا، راهێنەری یانەی لیدز یونایتدی ئینگلیزی

2 - یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی

3 - هانز فلیک، راهێنەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی

 

باشترین گۆڵپارێز...

 

1 - ئەلیسۆن بیکەر، گۆڵپارێزی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی

2 - یان ئۆبلاک، گۆڵپارێزی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی

3 - مانوێل نۆیەر، گۆڵپارێزی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی

هەروەها باشترین یاریزان و راهێنەری خانمانیش دەستنیشاندەکرێت و جوانترین گۆڵی ساڵیش دیاری دەکرێت.

 

براوەکانی خەڵاتەکە...

 

تەنیا 3 یاریزان خەڵاتی زە بێستیان بردووەتەوە، بەو ناوە نوێیەوە، واتە دوای ئەوەی خەڵاتی باشترینی فیفا لەگەڵ فرانس فۆتبول جیابووەوە، لە ساڵی 2016 فیفا خەڵاتی زە بێستی گەڕاندەوە، کە لەو کاتەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دووجار بەدەستیهێناوە، لە ساڵانی 2016 و 2017، ئینجا لوکا مۆدریچی یاریزانی کرواتی لە ساڵی 2018 خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە و لیۆنێل مێسیش بووە خاوەنی زە بێستی 2019.

 

کێ دەیباتەوە؟

 

کەس نازانێت کێ خەڵاتەکە دەباتەوە، چونکە براوەکە لە رێگەی دەنگدانەوە دەستنیشان دەکرێت، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی نزیکترینیانە، تەنانەت بەپێی هەندێک زانیاری دزەپێکراو، رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی خەڵاتی زەبێستی بەدەستهێناوە، رۆناڵدۆ دووەمە و مێسی سێیەم.

ئەو زانیارییانە، باس لەوە دەکەن کە رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی بە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ هەردوو رکابەرەکەی، خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە.

 

بەپێی ئەو زانیارییانە رێژەی دەنگەکانی هەرسێ بەربژێری سەرەکی بەمشێوەیە بووە:

 

1 - رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی 58.5%ـی دەنگەکان

2 - كريستيانۆ رۆناڵدۆ 37.8%ـی دەنگەکان

3 - لیۆنێل مێسی 3.6%ـی دەنگەکان.

 

بردنەوەی خەڵاتەکە لەلایەن لیڤاندۆڤێسکییەوە پێشبینی بۆ کراوە، بەو پێیەی کاروانی ئەمساڵی زۆر باشتر بووە لە کاروانی مێسی و رۆناڵدۆ، لەسەر ئاستی تاک و بە کۆمەڵیش.

لە وەرزی رابردوودا، رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکەیدا نازناوی جام و خولی وڵاتەکەی و چامپیۆنزلیگ بەدەستهێناوە لەگەڵ جامی سۆپەری ئەوروپا، هەروەها نازناوی گۆڵکاری بوندێسلیگا و چامپیۆنزلیگیشی بردووەتەوە.

 

 

ز.س

 

کاتی تیروپشکی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ

رکابەرییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا کۆتایهات، ئەو یانانەی گەیشتنە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ ناسنامەیان دەرکەوت.

لە قۆناخی داهاتووی گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین پاڵەوانێتیی تۆپی پێ لەسەر ئاستی یانەکانی جیهان، چوار یانەی ئیسپانی، چوار یانەی ئەڵمانی، سێ یانەی ئینگلیزی، سێ یانەی ئیتالی، یانەیەکی فەرەنسی، یانەیەکی پۆرتوگالی دەبیندرێن کە ئەمانەن.

ئەو یانانەی بە یەکەم سەرکەوتوون، بایرن میونشن - ریال مەدرید - مان سیتی، لیڤەرپوول - چێڵسی - دۆرتموند - یوڤێنتوس - پاریس سانجێرمان.

ئەو یانانەی بە دووەم گەیشتنە قۆناخی شازدە، ئاتلێتیکۆ مەدرید - مۆنشنگلادباخ - پۆرتۆ - ئاتالانتا - سێڤییا - لازیۆ - بارسێلۆنا - لایپزیگ

تیروپشکی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە شاری نیۆنی سویسرا رادەکێشرێت، کاژێر 14:00 بەکاتی هەولێر رێورەسمی راکێشانی تیروپشکەکە دەستپێدەکات.

لەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکەدا، نابێت یانەکانی دوو وڵات بەریەک بکەون، هەروەها ئەو یانانەی لە کۆمەڵەی یەکدی گەیشتوونەتە قۆناخی داهاتوو بەریەک ناکەون.

ئەوەی لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزەدا دەبیندرێت، یانەیەکی نوێیە کە یانەی بۆرووسیا مۆنشنگلادباخە و یەکەمجارە لە مێژوویدا دەگاتە ئەم قۆناخە، جگە لەوەش لە دوای 2014-2015 یەکەمجارە 4 یانەی ئەڵمانی دەگەنە قۆناخی شازدە.

یارییەکانی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ لە 16-17-23-24ـی شوباتی 2021 بەڕێوەدەچن، یارییەکانی گەڕانەوە لە 9-10-16-17ـی ئاداری 2021 دەکرێن.

رۆژی 19ـی ئاداری 2021 تیروپشکی یارییەکانی قۆناخی هەشت، پێشکۆتایی و یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا رادەکێشرێت.

 

ز.س