هەواڵێكی خۆش بۆ زێدان

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە مەدریدەوە ئاشکراینکرد، سێرخیۆ رامۆسی کاپتنی یانەی ریال مەدرید ئامادەباشی خۆی بۆ بەشداریکردن لە یاری بۆرووسیا مونشنگلادباخ لە چامپیۆنزلیگدا راگەیاندووە.

لە کاتێکدا کە یانەی ریال مەدرید و زینەدین زیدانی راهێنەری چاوەڕێی یارییەکی یەکلاکەرەوەن لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامپیۆنزلیگ، کە چوارشەممەی داهاتوو رووبەڕووی یانەی بۆرووسیا مونشنگلادباخ دەبێتەوە و پێویستە یارییەکە بباتەوە بۆ ئەوەی بلیتێکی قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە بەدەستبێنێت، هەواڵێکی خۆش گەیشتە زیدانی راهێنەر، ئەویش گەڕانەوەی رامۆسە بۆ مەشقەکانی یانەکەی.
سێرخیۆ رامۆس ماوەیەکە لە ریزەکانی یانەی شاهانە دوورکەوتووەتەوە، دوای ئەوەی لە هەفتەی فیفادا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا تووشی پێکان بوو.

ئەو سەرچاوانە، دەڵێن "رامۆس بە زینەدین زیدانی راهێنەری راگەیاندووە کە ئەو لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە و بە تەواوی ئامادەیە بۆ یاری بۆرووسیا مونشنگلادباخ".

ئەو سەرچاوانە، هەروەها دەڵێن "سەرەڕای ئەوەی ئەم هەواڵە زیدانی دڵخۆشکردووە، بەڵام ئەو دەیەوێت 100٪ لە ئامادەباشیی رامۆس دڵنیابێتەوە، ئینجا یاری پێبکات".

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، رامۆس بۆ یاری سێڤییاش لە لالیگادا ئامادەبوو، دەیتوانی یاری بکات، بەڵام دەستەی هونەریی یانەکە نەیانهێشت سەرکێشی بە رامۆسەوە بکرێت و پێیانباشبوو پشووی پێبدرێت بۆ ئەوەی بۆ یارییە یەکلاکەرەوەکەی بۆرووسیا مونشنگلادباخ بەتەواوی ئامادەبێت.

 

ز.س

 

داهاتووی زێدان بەندە بە سێ یارییەوە

زیدان لە ژێر هەرەشەى دەرکردنە لە پۆستی راهێنەرایەتی ریاڵ مەدرید و ئەنجامی سێ یاریی داهاتووی وەک دوا هەل پێدراوە.

پاش دۆراندنی ریاڵ بەرامبەر شاختار، زیدانی راهێنەری یانە مەلەکییەکە دوپاتیکردەوە کە ئەو واز لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە ناهێنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا راگەیاندنەکان بەدوری نازانن زیدان دەربکرێت ئەگەر یانەکە سەرکەوتوو نەبوو لە گەیشتنی بە قۆناغی شانزەى چامپیۆنز لیگی ئەم وەرزە.

رۆژنامەى مۆندۆ ئاشکرایکردوە، ئەنجامی ریاڵ مەدرید بەرامبەر یانەکانی سیڤیلیە و ئەتلەتیۆمەدرید لەخولی ئیسپانیا و میونشن گلادباخ لە چامپیۆنز لیگ پێوەر دەبن بۆ هێشتنەوەى زیدان لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەدا.

ریاڵ مەدرید ئەم وەرزە لەهەردوو خولی یانە پاڵەوانەکان و چامپیۆنز لیگ ئەنجامی وەک پێویست نییە.

لە چامپیۆنز لیگ لە پێنج یاریی 7 خاڵی کۆکردۆتەوەو لەخولی ئیسپانیاش لە 10 یاریی تەنها پێنج یاریی بردۆتەوە.

دوایین قسەكانی مارادۆنا پێش گیانلەدەستدانی

میدیاکانی ئەرجەنتین چۆنییەتی گیان لەدەستدانی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا ئەفسانەی وڵاتەکەیان و دوایین قسەکانی، کە پێش گیان لەدەستدانی کردوویەتی بڵاوکردەوە.

میدیاکانی ئەرجەنتین لە زاری ئەندامێکی خێزانی مارادۆناوە باسیان لە دوایین ساتەکانی ژیانی ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە کردووە و ئەوە خراوەتەڕوو،  کە لە دوای ئەوەی نانی بەیانی خواردووە هەستی بە ماندوویەتی کردووە و وتوویەتی، "من باش نیم."

ئاماژەیان بەوەشکردووە، دواتر مارادۆنا گەڕاوەتەوە بۆ ژوورەکەی بۆ ئەوەی پشوو بدات، لەو کاتەدا دەستبەجێ خێزانەکەی تەلەفۆنیان بۆ ئۆتۆمبیلی فریاکەوتن کردووە، بەڵام کاتێک تیمی فریاکەوتن گەیشتوون مارادۆنا نەیتوانیوە هەناسە بدات و پزیشکەکان نەیانتوانیوە ژیانی رزگار بکەن.

دوێنێ، میدیاکانی ئەرجەنتین بڵاویانکردەوە، دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتین بە جەڵتەی دڵ لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆی لە نزیک شاری بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین گیانی لەدەستداوە.

ساڵی 1995 گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ بڕیاری دا تۆپێکی ئاڵتون بەتایبەت ببەخشێت بە مارادۆنا، ئەوەش لەپای ئەو بەهرە جیاوازەی کە لەچاو یاریزانەکانی تر هەیبوو.

بەرەبەیانی 30ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1960 ، لەکوخێکی بچوک و لە کۆڵانێکی هەژار نشینی پایتەختی ئەرجەنتین، منداڵێک لەدایک بوو ناونرا مارادۆنا.

بەهرە سروشتییەکەی مارادۆنا هەر لە منداڵییەوە دیار بوو، ئەو هەر شتێک خر بوایە یاریی پێدەکرد و مەهارەی خۆی لەسەر نمایش دەکرد.

هێشتا نەگەیشتبوە 16 ساڵ ، بونی خۆی لە ئەرجەنتینیۆر جۆرنیۆرز سەلماند و خۆی وەک یاریزانێکی گەورەی تۆپی پێ پیشاندا.

مارادۆنا بە پارەیەکی زۆر چوە یانەی بۆکاجۆنیۆرزەوە، بەڵام زۆر لەوێ یاریی نەکرد لەبەرئەوەی بۆکا توشی قەیرانی دارایی بوو، بەرشەلۆنە توانی سود لەو هەلە وەربگرێت و مارادۆنای کڕی.

بەرزی ئاست و جوڵەکانی مارادۆنا بەرگریکارەکانی ناچار کردبوو کە توند و تیژی بەرامبەر بەکار بهێنن، زۆرترین جار توشی لێدان و بەرکەوتن دەبوو، ئەوەش زۆرترین کات لە یاریکردن دوریدەخستەوەو توشی پێکانی دەکرد، سەرباری پێکانەکانی، بەردەوام کێشەی لەگەڵ راهێنەر هەبوو، هەر بۆیە رۆیشتنی لە بەرشەلۆنە بوو بە ناچاری.

ساڵی 1984 بە هەشت ملیۆن دۆلار چوە یانەی ناپۆلی ئیتالییەوە، لەیەکەم رۆژی چونی بۆ ناپۆلی، سەرۆکی ئەوکات پێی وتبوو کە سێ شتم دەوێت، نازناوێکی خولی ئیتاڵیا، بردنەوە لە یۆڤانتۆس، نازناوێکی ئەوروپی.

پاش شەش ساڵ، مارادۆنا هەموو خەونەکانی سەرۆکی ناپۆلی بەدی هێنا، دوو جار بونە پاڵەوانی خولی ئیتالیا، جارێک بونە پالەوانی جامی یەکێتیی ئەوروپا، توانیشیان چەند جارێک لە یۆڤانتۆس ببەنەوە.

پاش ماوەیەکی زێڕین، کاتی رۆیشتنی مارادۆنا هات لە ناپۆلی و گەڕایەوە بۆ ئیسپانیا، بەڵام ئەمجارە چوە یانەی سیڤیلیەوە.

دوای یانزە ساڵ، مارادۆنا گەڕایەوە بۆ بۆکاجۆنیۆرز، لە 30 یاریی بۆ ئەو یانەیە، تەنها حەوت گۆڵی کرد، بڕیاریدا لەوێ بڕوات و پێش رۆیشتنیشی وتی: دەڕۆم لە بۆکا بۆ ئەوەی یانەکە بتوانێت یاریزانێک بکڕێت لە من باشتر بێت و لە 30 یاریدا زیاتر لە حەوت گۆڵ بکات.

ساڵی 1997 مارادۆنا پاش 22 ساڵ یاریکردن، بڕیاریدا بەیەکجاری واز لە یاریی تۆپی پێ بهێنێت و 80هەزار هاندەری ئامادەبوو لەناو یاریگا دەستیان کرد بە گریان و بە ملیۆنان کەسیش لەدورەوە دڵتەنگ بوون.

مارادۆنا گەورەترین بیردۆزی هێنایە تۆپی پێوە، بۆ هەموو کەسێکی سەلماند کە مەرج نیە ئەوەی باشترین یاریزان بوو ، باشترین راهێنەریش بێت، مارادۆنا پاش وازهێنانی لە یاریکردن رویکردە کاری راهێنەرایەتی، بەڵام لە هیچ ئەزمونێکی راهێنەرایەتیدا تا ئەوساتەشی گیانی لەدەستدا سەرکەوتوو نەبوە.

 

ز.س

گۆڵچی پێشووی ئینگلتەرا: مارادۆنا لەسەر حسابی ئێمە مێژووی نووسیەوە

 

ئێستانیوز

 

پیتەر شیلتۆن گۆڵچی پێشووی ئینگلتەرا دەڵێت؛ مارادۆنا لەسەر حسابی ئێمە مێژووی خۆی نووسیوەو گەیشت بە بەدەستهێنانی جامی جیهانی 1986ی مەکسیک.

پیتەر شیلتۆن وتوویەتی؛ دیگۆ مارادۆنا هەوڵیدا ئەو دەستە بشارێتەوە کە بووە هۆی گۆڵی بەناوبانگی ” دەستی خودا ” کە یارمەتیدەر بوو بۆ دەرکردنی ئینگلتەرا لە مۆندیالی 1986.

 

مارادۆنا لە تەمەنی 60 ساڵیدا پاش کەمتر لە مانگێک لەساڵیادی لە دایکبوونی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لەشاری بۆینس ئایرس لە ماڵەکەی خۆیدا بە جەڵتەی دڵ، گیانی لەدەستدا.

 

گۆڵەکەی مارادۆنا هۆکار بوو بۆ بردنەوەی هەڵبژاردەکەی بە ئەنجامی 2 – 1 بەسەر ئینگلتەرادا ، کاتێک لەسەرو شیلتۆنەوە دەستی بۆ تۆپەکە برد، گۆڵەکە بەو جۆرە لەو کاتەوە هاندەرانی ئینگلتەرای توڕە کرد و گۆڵچیش هەرگیز لەمارادۆنا خۆش نەبوو، سەرەڕای ئەوەی دانی بەوەدا نا کە مارادۆنا یەکێک بوو لە مەزنەکانی نێو یارییەکە .

 

شیلتۆن ڕایگەیاند؛ مارادۆنا زۆر زیرەک بوو چونکە سەری بەهەمان ئاراستەی دەستی خۆی جوڵاند دەیزانی چی دەکات من پێشبینیم نەدەکرد وا بکات، بەڵام کردی و بەو گۆڵە چووە مێژووەوە.

 

بێستون

 

مان ستی میسی لە پلانەکانی دوور دەخاتەوە

 

یانەی مانشستەر ستی ئینگلیزی بیرۆکەی گرێبەست کردن لەگەڵ لیونێل میسی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە لە پلانەکانی خۆی دوور دەخاتەوە .
بەپێی ھەواڵێکی رۆژنامەی سپۆڕتی ئیسپانی ، بەرپرسانی یانەی مانشستەر ستی بیرۆکەی گرێبەست کردنیان لەگەڵ لیونێل میسی لە پلانەکانی خۆیان لاداوە لەبەر دوو ھۆکار .
لەھەواڵەکە ھاتووە ، ھۆکاری یەکەم میسی تەمەنی گەیشتووتە ٣٣ ساڵ و لە رووی جەستەییەوە ئەو توانایەی جارانی نەماوە یاری بکات و خولی ئینگلیزیش خولێکی بەھێزە لە رووی جەستەییەوە .
لەھەواڵەکە ئاماژە بەوەکراوە ، ھۆکاری دووەم زیاتر داراییە ، ھەرچەندە میسی بە گرێبەستی سەربەست دەتوانێت روو لە یانەی مان ستی بکات ، بەڵام کۆی مووچەی ساڵانەی لەگەڵ خەرجییەکانی نزیکەی ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ دەبێت ، ئەمەش لە بارودۆخی کۆڕۆنا بار قورسیەکی زۆر لە سەر خەزێنەی یانەی مانشستەر ستی دروست دەکات .