ڤان دایک دەستی بە راهێنانەکان کردەوە

ڤێرجیل ڤان دایک، بەرگریکاری هۆڵەندی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بەم دواییە دەستی بە ئامادەکارییەکانی کردووەتەوە و هیوادارە کە ئەم وەرزە بتوانیت بگەڕێتەوە.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردووە، دوای ئەوەی ڤان دایک بەرگریکاری هۆڵەندی رێدز لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ئێڤەرتۆن لە ئەژنۆیدا تووشی پێکانێکی قورس بوو، بە ناچاری نەشتەرگەری بۆ کرا و پزیشکەکانی رایانگەیاند ئەو یاریزانە تاوەکو کۆتایی وەرز ناگەڕیتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە چەند رۆژێکە دەستی بە راهێنانە سەرەتاییەکان کردووە و لە ژێر سەرپەرشتی راهینەر و پزیشکەکانی یانەکەی ئامادەکاری دەکات.

یۆرگێن کلۆپ بەرێوەبەری هونەری لیڤەرپوول بە بیستنی ئەم هەواڵە دڵخۆش بووە و گەشبینە بەوەی کە بەرگریکارەکەی سەرەتاکانی ساڵی داهاتوو چاک ببێتەوە و بەشداری یارییەکانی یانەکەی بکاتەوە.

 

بەرشەلۆنە داوای ١٠ملیۆن یۆرۆ لە نەیمار دەکات

 

 

یانەی بەرشەلۆنە داوا لە نەیمار داسێلڤا دەکات ١٠ ملیۆن یۆرۆ بۆ خەزێنەی یانەی کەتەلۆنی بگەڕێنێتەوە .
بەپێی ھەواڵێکی رۆژنامەی سپۆڕتی کەتەلۆنی ، یانەی بەرشەلۆنە ھەڵەیەکی دۆزیووەتەوە لە حیساباتی باجی نەیمار و بڕی پارەکە دەگاتە ١٠ ملیۆن یۆرۆ .
لەھەواڵەکە ھاتووە ، یانەی بەرشەلۆنە بە فەرمی داوای لە نەیمار کردووە ئەو بڕە پارەیە بگەڕێنێتەوە ، ئەگەر نا سکاڵای یاسایی لە دژی تۆمار دەکەن .
پێشتریش نەیمار سکاڵایەکی لە دژی یانەی بەرشەلۆنە بەرزکردبووە و داوای زیاتر لە ٤٣ ملیۆن یۆرۆی دەکرد ، بەڵام ئەم سکاڵایەی دۆڕاند .

رامۆس وەکو باشترین بەرگریکاری مێژوو دیاریی کرا

سێرخیۆ رامۆس، بەرگریکاری ئیسپانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا لە راپرسیەکدا وەکو باشترین بەرگریکاری ناوەڕاستی مێژوو دیاریی کرا.

رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانیا لە ماوەی رابردوو راپرسیەکی بۆ دەست نیشانکردنی باشترین بەرگریکاری ناوەڕاست ئەنجامدا و لە کۆتاییدا سێرخیۆ رامۆس بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدریدی ئەم وڵاتە بە رێژەی ٪74ی دەنگەکانی بەدەست هێنا و لەلایەن بەشداربووانی راپرسیەکە کە نزیکەی 130 هەزار کەس بوون، وەکو باشترین بەرگریکار دیاریی کرا.

پلەی دووەمی ئەم راپرسیە پیکەن باوەر بەرگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەدەست هێنا و هەروەها پلەی سێیەمیش بووە بەشی رۆناڵد کومان بەگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی هۆلەندا و یانەی بارسێلۆنا بەدەستی هێناوە.

ئەمڕۆ داهاتووی رامۆس لەگەڵ ریاڵ مەدرید یەکلایی دەبێتەوە

ئەمرۆ داهاتووی رامۆس لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید بە مانەوە یان رۆیشتن یەکلایی دەبێتەوە.

تا ئێستا ئیدارەی ریاڵ مەدرید و رامۆس رێكنەکەوتوون لەسەر ئەوەی کاپتنە ئیسپانیەکە بەردەوام دەبێت یان دەڕوات.

رامۆس دەیەوێـت بۆ دوو وەرز گرێبەستەکەی درێژ بکرێتەوەو ئیدارەی ریاڵ مەدریدیش تەنها بۆ یەک وەرز بۆندی ئەو یاریزانانە نوێ دەکاتەوە کە تەمەنیان سەر و 30 ساڵە.
بریارە ئەمرۆ پیرێزی سەرۆکی ریاڵ مەدرید گفتوگۆکانی بۆ نوێکردنەوەی رامۆس دەستپێبکات.

رۆژنامەکانی مارکا و ئاس ئاشکرایانکردوە کە ئەمرۆ رۆژێکی مێژووی دەبێت بۆ یانەی ریاڵ مەدرید و داهاتووی باشترین بەرگریکاری جیهانی تیا یەکلایی دەکرێتەوە.

 

"زۆزك"

تیباس سەرۆكی یانەی ریال مەدرید تۆمەتباردەکات

تیباسى سەرۆکى لالیگا پێرێزى سەرۆکى ڕیاڵ مەدرید بە بیرۆکەى درووستکردنى خولى نایابى ئەوروپا تۆمەتباردەکات.

خاڤێر تیباسى سەرۆکى یەکێتى خولى پلە یەکى تۆپى پێى ئیسپانیا فلۆرنتینۆ پێرێزى سەرۆکى یانەى ڕیاڵ مەدرید تۆمەتباردەکات بە هاندانى جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆى سەرۆکى پێشووى یانەى بەرشەلۆنە بۆ درووستکردنى خولێکى نوێ لە ئەوروپادا.

تیباس دژایەتى خولە نوێکە دەکات و دەڵێت "خولى نایابى ئەوروپا خەونى سەرۆکى ڕیاڵ مەدرید بوو، کە هەڵەیەکى گەورەیە، ئەو خولە کارەساتە و زیان بە خولە ناوخۆییەکان دەگەیەنێت".

تیباس ئاشکرایدەکات، پێرێز هانى بارتۆمیۆى داوە بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێ نوێکەدا پێش ئەوەى دەستلەکاربکێشێتەوە و دەشڵێت "ئەو پاڵەوانێتییە سەرکەوتوونابێت، تۆپى پێى پرۆڤیشناڵ پەیوەندیدارنییە بە بڕیارى چوار یان پێنج یان شەش یانەوە، کە ئارەزوو دەکەن بەشدارى لە پێشبڕکێکاندا بکەن بۆ کۆکردنەوەى پارە".