وادەی کردنەوەی هۆڵە وەرزشییەکانی هەولێر

رۆژی چوارەمی جەژن، لەژێر رێنمایی تووندی تەندروستیدا هۆڵە وەرزشییەکانی هەولێر دەکرێنەوە، هەر لایەنێکیش پابەندی رێنماییەکان نەبێت سزا دەدرێت.

تاهیر سابیر، سەرۆکی لیژنەی وەرزش لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند ، دوای ئەوەی قسەیان لەگەڵ فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر کرد، لەسەر ئەوە رێککەوتوون رۆژی 3ـی مانگ کە دەکاتە چوارەم رۆژی جەژن هۆڵە وەرزشییەکانی هەولێر دەکرێنەوە، بەڵام دەبێت هۆڵەکان پابەندی رێنماییەکان بن بەم جۆرە.

1- بەهیچ شێوەیەک رێگە نادرێت وەرزشوانان بەبێ ماسک و دەستکێش و خاوڵی تایبەت بچنە نێو هۆڵەکان.

2- رۆژانە دەبێت ئامێرە وەرزشییەکان بەشێوەی بەردەوام بە ماددەی کحول پاکبکرێنەوە.

3- وەرزشوان بە نۆرە دەتوانن بچنە هۆڵە وەرزشییەکان و لە ماوەی دوو کاژێردا تەنیا رێگە بەبەشداربوونی 20 وەرزشوان دەدرێت.

4- بەهیچ شێوەیەک رێگە نادرێت وەرزشوان دوو کاژێر زیاتر لە هۆڵ بمێنێتەوە.

5- فرۆشتنی ماددە وزەبەخشەکان بەهەموو شێوەیەک قەدەخەیە.

6- لیژنەی وەرزش لە پارێزگای هەولێر بەبەردەوامی سەردانی هۆڵەکان دەکات، هەر هۆڵێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

زیاتر لە چوار مانگە، بەهۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هۆڵە وەرزشییەکان لە هەولێر داخراون، لەو چوار مانگەدا تەنیا 17 رۆژ هۆڵەکان کراوەبوون، بەپێی گوتەی خاوەن هۆڵەکانیش، بەو هۆیەوە زیانێکی ئابووری زۆریان بەرکەوتووە.

 

ز.س

Hits: 15
Category: