ئەمڕۆ قۆناخی 32ـی یۆرۆپالیگ کۆتایی دێت

یانەی تۆتێنهام بووە یەکەم یانەی قۆناخی 16ـی یۆرۆپالیگ و ئەمڕۆش 15 یاری لە قۆناخی 32دا دەکرێن.

یانەی تۆتێنهام لە یاری چووندا بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی وۆڵڤسبێرگەری نەمسایی بردبووەوە، لە یاری گەڕانەوەشدا بە چوار گۆڵی بێوەڵام شکستی پێهێنا و بووە یەکەم یانەی قۆناخی 16، گۆڵەکانی تۆتێنهام لەم یارییەدا لە لایەن دێلی ئالی، کارلۆس ڤینسیۆس دوو گۆڵ و گاریس بەیڵەوە تۆمارکران.

ئەمڕۆش یارییەکانی دیکەم ئەم قۆناخە دەکرێن و تێیدا کاژێر 20:55 ئارسیناڵ لە نێو یاریگای خۆیدا بەرامبەر بێنفیکا یاریدەکات، لە یاری چووندا هەردوو یانە بە گۆڵێک یەکسانبوون.

ئەیاکس کە لە یاری یەکەمدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە لیلی بردەوە ئەمجارە لە یاریگای خۆیدا پێشوازی لە یانە فەرەنسییەکە دەکات.

یانەی ڤیاریال لە نێو یاریگای خۆیدا میوانداری رێد بول سالزبورگ دەکات کە لە یاری یەکەمدا بە دوو گۆڵی بێوەڵام لێی بردبووەوە.

گلاسکۆ رێنجەرز لە سکۆتلەندا لەگەڵ رۆیال ئانتوێرپ یاریدەکات، یاری یەکەم بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ لە سوودی گلاسکۆ کۆتاییهاتبوو.

یانەی ماکابی تێل ئێڤیڤی ئیسرائیلیش دەبێتە میوانی شاختار کە لە یاری یەکەمدا بە دوو گۆڵی بێوەڵام پێی دۆڕابوو.

هۆفێنهایمیش لە یاری یەکەمدا بەسێ گۆڵ بۆ هەرلایەک لەگەڵ مۆلدێ یەکسانبوو، ئەمجارەش لە نێو یاریگای خۆیدا میوانداری دەکات.

یانەی ناپۆلیش لە یاری یەکەمدا لە ئەنجامێكی چاوەڕواننەکراو بە دوو گۆڵی بێوەڵام بە گرانادا دۆڕا ئەمجارە لە یاریگای دێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا لەگەڵیدا یاریدەکات، سەرجەم ئەم یارییانە کاژێر 20:55 بە کاتی باشووری کوردستان دەکرێن.

ئەو یارییانەی کاژێر 23:00 دەکرێن، لە نێوان مانچێستەر یونایتد و ریال سۆسیداد دەبێت کە یاری یەکەم یانە ئینگلیزییەکە بە چوار گۆڵی بێوەڵام براوە بوو.

رۆما لە یاری یەکەمدا بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە سپۆرتینگ براگای بردەوە ئەمجارە لە یاریگای خۆیدا یاری لەگەڵ دەکات.

یانەی ئایندهۆڤن میوانداری ئۆڵیمپیاکۆس دەکات، لە یاری چووندا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە چوار گۆڵ پێی دۆڕابوو.

یاری یەکەمی بایەر لیڤەرکوزن و یەنگ بۆیز بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ لە سوودی یانەی دووەم کۆتاییهاتبوو، ئەمجارە یارییەکە لە یاریگای یانە ئەڵمانییەکە دەکرێت.

کلەب برووجیش لە یاریگای خۆیدا لەگەڵ دینامۆکیێڤ یاریدەکات، یاری یەکەمی نێوانیشیان بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهاتووە.

لێستەر سیتیش لە نێو یاریگای خۆیدا لەگەڵ سلاڤیا پراگی چیکی یاریدەکات، لە یاری چووندا هەردوو یانە بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.

دینامۆ زاگریبیش میوانداری کراسنۆداری رووسی دەکات، لە یاری یەکەمدا دینامۆ بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ براوە بووە.

لە دوایین یاریشدا ئەیسی میلان لە سانسیرۆ میوانداری رێد ستار دەکات کە لە یاری یەکەمدا هەردوو یانە بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون.

 

 

z.s

Hits: 72
Category: