ریال مەدرید ئەمشەو ئەركی قورسە و بۆ یارییەکی قورستر خۆی ئامادە دەکات

لە دوایین یاری گەڕی 25ـی لالیگادا، ئەمشەو ریال مەدرید لەسەر یاریگەی ئەلفرێدۆ دیستیفانۆ میوانداری ریال سۆسیداد دەکات و یارییەکە کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان دەستپێدەکات.

یارییەکی گرنگە بۆ هەردوو یانە، کە ریال مەدرید دەیەوێت بە بردنەوەی 3 خاڵی ئەم یارییە پلەی دووەمی ریزبەندیی لە بارسێلۆنا وەربگرێتەوە و بە ورەیەکی بەرزیشەوە خۆی بۆ یاری دێربی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدریدی پێشەنگ ئامادەبکات، کە هەفتەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.

یارییەکە بۆ ریال سۆسیدادیش زۆر گرنگە، کە بە کۆکردنەوەی 41 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندیدایە و دەیەوێت بەردەوام بێت لە رکابەریکردن لەسەر کورسییەکی چامپیۆنزلیگ.

زینەدین زیدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید کارنامەی تیپەکەی بۆ رووبەڕووبونەوەی ریال سۆسیداد راگەیاندووە و دڵخۆشە بە چاکبوونەوەی 4 لە یاریزانە پێکراوەکانی، کە بریتین لە هەریەک لە مارسێلۆ، رۆدریگۆ، ڤالڤێردی و ئۆدریۆزۆلا.

بەڵام زیزۆ هێشتا بێبەشە لە تواناکانی کۆمەڵێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی پێکهاتەکەی، بەتایبەتی لە هێڵی بەرگری، کە سێرخیۆ رامۆسی کاپتن و دانی کارفاخال و میلیتاو ناتوانن یاری بکەن، زێدەباری ئیدین هازارد و کەریم بنزیما لە هێڵی هێرشبردن.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە ریال سۆسیدادیش بەمدواییە هاوسەنگی خۆی بەدەستهێناوەتەوە و ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، کە لە دوایین 3 یاری لالیگادا 3 سەرکەوتن و 9 خاڵی بەدەستهێناوە.

ئەم دوو یانەیە پێشتر 147 جار لە لالیگادا رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە و یانەی شاهانە 83 یاری بردووەتەوە و یانەی باسکی تەنیا 26 جار براوە بووە و 38 جاریش هەردوو یانە یەکسان بوونە. مەدریدییەکان 318 گۆڵیان کردووە و باسکییەکانیش 180 جار تۆڕی گۆڵی ریال مەدریدیان هەژاندووە.

 

Z.S

 

Hits: 64
Category: