لاپۆرتا بووە سەرۆکی بارسێلۆنا و هێشتنەوەی مێسی پێشەنگی کارەکانی دەبێت

هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی بەشەلۆنە دواجار، متمانەی دایەوە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی پێشووی یانەکەیان و جارێکی دیکە ئەو کەسایەتییە دوای 11 ساڵ دوورکەوتنەوە جارێکی دیکە دەبێتەوە سەرۆکی یانەکە.

درەنگانێکى شەوى رابردوو بە کاتى هەرێمى کوردستان، ئەنجامى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى یانەى بەرشەلۆنەى ئیسپانى راگەیەنرا، کە تێیدا خوان لاپۆرتا سەرۆکى پێشوترى بلوگرانا جارێکى تر متمانەى بەدەست هێنایەوە و هەڵبژاردنەکەى بردەوە. بەپێى ئەنجامەکان، لاپۆرتا (54.2%)ى دەنگەکانى بەدەستهێناوە و ڤیکتۆر فۆنتى رکابەریشى (29.99%)ى دەنگەکانى بردووە، هەرچى تۆنى فریشیایە توانیویەتى تەنها (8.58%)ى دەنگەکان بباتەوە.

لاپۆرتا ئەزموونێکی دوور و درێژی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا هەیە، پاڵپشتییەکی گەورەی لەنێو خەڵکی کەتەلۆنیا و ئەندامانی یانەی بارسێلۆنا هەیە، وەک سەرۆکی بارسێلۆنا پێشتر 12 نازناوی بردووەتەوە، 2 چامپیۆنزلیگ، 4 لالیگا، جارێک جامی شا، 3 جامی سوپەری ئیسپانیا، جارێک جامی سوپەری ئەوروپا و جارێکیش مۆندیالی یانەکانی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە.

لاپۆرتا دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەگەڵ تیمەکەی بە ماسکێکی پرتەقاڵییە کە ژمارە 14ـی لەسەربوو، وەک رێزێک بۆ رۆحی یۆهان کرۆیف، ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا و داهێنەری تیکی تاکا هاتە بەردەم کامێرە و میدیاکان و بۆ یەکەمجار وەک سەرۆکی نوێی بارسێلۆنا قسەیکرد.

خوان لاپۆرتا گوتاری سەرکەوتنی پێشکێشکرد و گوتی " ئەمڕۆ 20 ساڵ ئەوە تێدەپەڕێت کە کوڕێک بە ناوی مێسی لە تیپی 12 بۆ 13 ساڵانی تیپەکەدا دەرکەوت، بینینی باشترین یاریزانی جیهان بە یاوەریی کوڕەکەی لە دەنگداندا نموونەیەکی بۆ ئەوەی ئێمەی دەیڵێین.

لاپۆرتا دەڵێت " لیۆ بارسێلۆنای خۆشدەوێت، باشترین یاریزانی جیهان بارسێلۆنای خۆشدەوێت، هیوادارم یارمەتیمانبدات بۆ مانەوە لە بارسێلۆنا، ئێمە ئەمەمان دەوێت".

خوان لەبارەی مێسییەوە زیاتر گوتی " پەیوەندی بە مێسی دەکەم بۆ ئەوەی متمانەی پێبکەم لە یانەکەدا بمێنێتەوە، ئەو یاریزانێکە بۆ پارە یاریی ناکات و دەیەوێت نازناوی زیاتر بباتەوە، بەتایبەتیش خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، بۆ ئەوەش دەستەوارەی نوێ و پرۆژەی وەرزشی خۆمی دەخەمە بەردەم کە ئەمەمان پێویستە، بەشداریکردنی ئەویش لە هەڵبژاردنەکاندا پێشانی دەدات کەو ئەو چەندە بارسێلۆنای خۆشدەوێت".

سەرۆکی نوێی بارسێلۆنا رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردە گرنگترین هەڵبژاردنی بارسێلۆنا بوو، سەرەڕای پەتای کۆرۆنا، سوپاسی تایبەتم بۆ هەموو ئەندامانی یانەکە، یاریزانان بە تیپی پیاوان و خانمانەوە، پیرۆزباییتان لێدەکەم و سوپاس بۆ پاڵپشتیتان، ئێمە یانەیەکی گەورەمان هەیە و هەڵبژاردنەکان وەک جەژنێک وابوو بۆ هەموو بارسێلۆنا.

لاپۆرتا گوتی " دڵخۆشم بەم شێوازەی هەڵبژاردن، ڤیکتۆر فۆنت و ئەنتۆنی فرێچا کاری باشیان کرد، ئێمە هەموومان یەک خانەوادەین و ئەوان شایستەی چەپڵەیەکی بەهێزن، دەبێت هەموومان پێکەوە کار بۆ ئەوە بکەین کە بۆ یانەکە خێری تێدایە و ئەوان رکابەری من نین".

ئەو زیاتر دەڵێت " کاتێک دەگەڕێمەوە ماڵەوە یەکەم کارم ئەوەدەبێت، هەموو خانەوادەکەم لە باوەش دەگرم، من بە خەڵکی بەهێز و خاوەن ئەزموون و تایبەتمەند لە بوارە جیاوازەکان دەوردراوم، هەست بە بەرپرسیارەتییەکی گەورە دەکەم بۆ ئامانجەکانی یانەکە بەدیبهێنن، بەتایبەت دەزانم خانەوادەی بارسێلۆنا لە بارودۆخێکی خراپدایە و زەحمەتیی زۆری لە ماوەی رابردوودا بینیووە".

لاپۆرتا یۆهان کرۆیفی لە کاتی قسەکردنیدا لەبیر نەکرد و گوتی " سوپاسگوزاری زۆرم بۆ یۆهان کرۆیف هەیە، ئێمە هەموومان شوێنکەوتووی ئەوین، بۆ هەمیشە لەگەڵمان دەمێنێتەوە".

بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، جۆردی کرۆیف، کوڕی یۆهان کرۆیف، ئەستێرەی کۆچکردووی تۆپی پێی هۆڵەندا و یانەی بارسێلۆنا، لە ئیدارەی نوێی خوان لاپۆرتادا پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە وەردەگرێت و ماتیۆ ئالیمانیش دەبێتە دانوستکاری یانەکە.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی دەڵێت " ڤیکتۆر ڤالدێز، دەگەڕێتەوە یانەی بارسێلۆنا و پۆستی راهێنەرایەتی گۆڵپارێزانی یانەکە وەردەگرێت".

بەپێی ئەنجامەکان، لاپۆرتا (54.2%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و ڤیکتۆر فۆنتی رکابەریشی (29.99%)ی دەنگەکانی بردووە، هەرچی تۆنی فریشیایە توانیویەتی تەنها (8.58%)ی دەنگەکان بباتەوە.

بەوەش خوان لاپۆرتا تا ساڵی (2026)، لەسەر کورسی سەرۆکایەتی بەردەوام دەبێت.

 

 

 

z.s

Hits: 62
Category: