یۆرۆپالیگ... ئەمشەو 4 یانە بلیتەکانی چوارگۆشەی زێڕین وەردەگرن

 

ئەمشەو هەر چوار یاری گەڕانەوەی قۆناخی 8ـی یۆرۆپالیگ لە یەک کاتدا، کاتژمێر10:00 بەڕێوەدەچن، کە هەموویان پڕ دەبن لە گیانی رکابەری، بەو پێیەی ئەنجامەکانی یارییەکانی چوون، هیچ کامێکیان بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە نەبووە و هەر هەموو تیپەکان بواریان بۆ ئەوە ماوە بلیتی سەرکەوتن لە بەرژەوەندی خۆیاندا یەکلابکەنەوە.

لەوانەیە مانچێستەر یونایتد باشترین هەڵوێستی هەبێت، کە لە یاری چووندا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا، بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە گرانادای ئیسپانی بردووەتەوە و ئەمشەو لەنێو یاریگەی ئۆڵترافۆرددا میوانداری گرانادا دەکات.

شەیتانە سوورەکان بەپشتبەستن بە ئەنجامی باشی یاری یەکەمیان و بەو سەرکەوتنە گەورەیەی لە پرێمەرلیگیشدا بەسەر تۆتێنهامدا بەدەستیانهێنا، ورەبەرزن و بە متمانەیەکی زۆرەوە بەرامبەر ئیسپانییەکان یاری دەکەن، بەڵام بە وریاییش، چونکە سۆلشایەر هەر زوو هۆشداری ئەوەی داوەتە یاریزانەکانی کە نابێت بە ئەنجامی یاریی چون هەڵبخەڵەتێن و پێویستە رێز لە گرانادا بگرن، کە لەبارەیەوە گوتی "ئێمە گرانادامان بەرامبەر بارسێلۆنا و ریال مەدرید بینیوە، دەزانین کە تیپێکی چەند بەهێزن".

ئارسیناڵ، یانە ئینگلیزییەکەی دیکەی ئەم پاڵەوانێتییە، ئەرکی ئاسان نییە و ئەمشەو یاریزانەکانی ئارتێتا دوور لە یاریگەی خۆیان پێویستییان بەوەیە ئاستێکی نموونەیی پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی بلیتی پێشکۆتایی لە قورگی سلاڤیا پراگ دەربێنن، کە لە یاریی چووندا لە لەندەن ئاستێکی بەرزیان پێشکەشکرد و بە گۆڵێک لەگەڵ ئارسیناڵ یەکسانبوون.

مایکل ئارتێتای راهێنەر، پێویستە ئەمشەو یاری وەرز بکات لەپێناو رزگارکردنی داهاتووی خۆی و وەرزی ئارسیناڵ، چونکە ئەگەر دەربکرێن هەم چارەنووسی خۆی دەکەوێتە مەترسییەوە و هەم هیوای ئارسیناڵ بە گەیشتنەوە بە چامپیۆنزلیگ کۆتایی دێت، کە بەردەوام بوون لە یۆرۆپالیگ و بردنەوەی نازناوەکە تاکە رێگەیە بەرەو ئەو ئامانجە، کە لەوەتەی وەرزی 2016 - 2017 نەیتوانیوە یاری لە چامپیۆنزلیگدا بکات.

رۆما و ئایاکس لەسەر یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ لە پایتەختی ئیتالیا، یارییە پڕ لە رکابەرییەکەی ئەمشەو ئەنجام دەدەن، کە سەرەڕای ئەوەی ئیتالییەکان لە هۆڵەندا 2 - 1 لە ئایاکسیان بردووەتەوە، بەڵام پاڵەوانی هۆڵەندا ئەو تیپە نییە کە بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە بدات و بەدڵنیاییەوە یاریزانەکانی هێشتا لەپێناو پێچەوانە کردنەوەی ئەنجامی یاریی چوون تێدەکۆشن و هەوڵدەدەن ئەرکە زەحمەتەکە جێبەجێبکەن و بلیتەکە لە رۆماوە ببەنە ئەمستردام.

لەوانەیە ئەرکی ڤیاڕیالی ئیسپانیش زۆر زەحمەت نەبێت، کاتێک میوانداری دینامۆ زاگریبی کرواتی دەکات، بەو پێیەی لەنێو زاگریبدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لێیبردووەتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو ئەنجامە دڵنیاکەر نییە و کرواتییەکان دەکرێت لەنێو یاریگەی ڤیاڕیالدا ئاستێکی بەرزتر پێشکەش بکەن و کێشە بۆ ئیسپانییەکان دروست بکەن.

 

یارییەکانی ئەمشەو:

مانچێستەر یونایتد - گرانادا
سلاڤیا پراگ - ئارسیناڵ
رۆما - ئایاکس
ڤیاڕیال - دینامۆ زاگریب

 

 

z.s

 

Hits: 41
Category: