ئەگەر غودەی تەمەڵ چارەسەر نەکرێت چی ڕووئەدات؟

هەرکاتێک غودەی تەمەڵ (سستی غودەی دەرەقی) دەستنیشان کرا پێویستە زوو چارەسەر بکرێ ئەگەرنا کۆمەڵێک کێشەی تەندروستی تووشی نەخۆشەکە ئەکات وەکو:
-گەورەبوون و ئاوسانی غودەی دەرەقی لە بەشی پێشەوەی مل لەوانەیە ببێتە هۆی ناڕەحەتی و هەناسەتوندی و گران قوتدانی خواردن، جگە لەوەی لەڕووی شکڵەوە ناشرین ئەبێت
-چارەسەر نەکردنی غودەی تەمەڵ لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبونەوەی چەوری دڵ و چەوری سەرجگەر و گیرانی بۆڕیەکانی دڵ و گرژبونی ماسولکەی دڵ و بەرزبونەوەی زەخت و خاوبوونەوەی لێدانی دڵ و سست بونی دڵ (عجز القلب)
-یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی قەڵەوی بریتیە لە غودەی تەمەڵ و ئەگەر کەسەکە هەوڵی خۆلاوازکردنیش بدات، ناتوانێ تاکو چارەسەری غودەکەی نەکات
-ئەو کەسانەی غودەی تەمەڵیان هەیە لەوانەیە دایمە هەست بە ئاوساوی قاچ و ڕووخسار و سڕبوون و مێرولە کردنی پەلەکان بکەن
-غودەی تەمەڵ لەوانەیە ببێتە هۆی نەزۆکی لە ئافرەتان و پیاوان. ئافرەتانی سکپڕ ئەگەر چارەسەری غودەی تەمەڵەکەیان نەکەن لەوانەیە ببێتەهۆی تێکچونی ئەندامەکانی جەستە و لەدایکبونی پێشوەخت و لەبارچوون
-غودەی تەمەڵ پێویستە چارەسەر بکرێ چونکە ئەبێتە هۆی هەندێ حاڵەت درێژخایەنی وەکو کەم خوێنی و قەبزی و قژەڵوەرین.
-ئەگەر غودەی تەمەڵ چارەسەر وەرنەگرێ لەوانەیه ببێتە هۆی زۆر خەوی و تێکچوونی میزاج و دڵتەنگی و خەمۆکی.
دکتۆر داهات جەمال حەوێزی
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ھەناوی و شەکرە

سوپای ئەمەریکا پەرە بە چاویلکەیەک دەدات کە لەپشت چیاکانەوە مرۆڤ دەبینێت

بەگوێرەی رۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پەرەی بە چاویلکەیەکی نوێی سەربازیداوە کە بەهۆیەوە سەربازەکان دەتوانن پشتی چیا و بەرزو نزمییەکانی ناو شارەکان و پشتی ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان کەسەکان ببینن، هەروەک بەهۆیەوە دەتوانێت لە گۆشە نادیارەکانی دیوارەکانەوە کەسەکان ببینێتەوە تەنانەت لەکاتی تاریکیشدا.

رۆژنامەکە باسی لەوە کردووە کە ئەو چاویلکەیە ناوی "IVAS"ی لێنراوە و لەلایەن خزمەتگوزاری دابەشکردنی زانیارییە بینینە بەرگرییەکانی سەر بە پنتاگۆنەوە پەرەی پێدراوە.

ئەو چاویلکەیە پشت بە زیرەکیی دەستکرد و تەکنەلۆژیای راستیی بەهێزکراو دەبەستێت، بەشێوەیەک ئەو ئاماژە بێتەلانەی کە لە جەستەی کەسەکان و ماددە تەقینەوەکانەوە دەگەڕێتەوە شیدەکاتەوە، جگە لەوەی ئامێری سێنسەری گەرمیی تێدایە کە دەتوانێت شتەکان لەتاریکیدا ببینێت.

لەوبارەیەوە فیلیپ بارتڵ ئەفسەری سوپای ئەمەریکا وتویەتی : ئەو چاویلکەیە شێوازی کارکردنمان بۆ شێوازێکی سەلامەتتر دەگۆڕێت، بەشێوەیەک سەربازەکان بۆ گەڕان بەدوای هەڕەشە گریمانکراوەکان پێویست بەوە ناکات لە ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانیان داببەزن.

بارتڵ باسی لەوەش کردووە کە ئەو تەکنەلۆژیایە وادەکات جموجۆڵەکانی دوژمن و بەرپەرچدانەوەی زۆر بەخێرایی ئەنجام بدرێت، بەوەش ئاستی توانای سەربازەکان لە گۆڕەپانی جەنگدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.

ڤاكسینی دژەكۆرۆنا بۆ قەڵەوەكان بێ سوودە

ڤاكسینی دژە كۆرۆنا كاریگەری باشی نابێت لەسەر ئەو كەسانەی قەڵەون.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی گاردیان، توێژەرانی ئیتاڵی لە كاریگەری ڤاكسینەكانیان كۆڵیوەتەوە لەسەر ئەو كەسانەی وەریانگرتووە.

بەپێی توێژینەوەیەك كە لەسەر كارمەندانی تەندروستی ئیتاڵیا كراوە، دەركەوتووە ئەو كەسانەی قەڵەون بەراورد بە ئەوانەی لاوازن كاریگەری ڤاكسینی دژە كۆرۆنا زۆر كەمە.

پێشبینی دەكرێت ئەو كەسانەی قەڵەون پێویستیان بە ژەمە ڤاكسینی زیاتر بێت بەراورد بە كەسانی ئاسایی، كە دوو ژەم وەردەگرن، لەپێناو گرەنتی كارایی ڤاكسینەكە لەسەریان.

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر چەند توێژینەوەیەك ئاشكرایانكردبوو ئەو كەسانەی كە قەڵەون زیاتر تووشی كۆرۆنا دەبن بە رێژەی 50%.

هاوكات قەڵەوی دەبێتەهۆكاری ئەوەی توشبووانی كۆرۆنا زیاتر پێویستیان بەنەخۆشخانە و چارەسەر هەبێت لە نەخۆشخانە بەراورد بە لاوازەكان بە رێژەی 113%.

ئەو كەسانە زیاتر تووشی نەخۆشییەكانی شەكرە و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و كەمبوونەوەی بەرگری جەستەش دەبنەوە.

پێشتر ئاشكرابوو كە ڤاكسینی دژە ئەنفلۆنزای وەرزی كاریگەری لەسەر قەڵەوەكان كەم بووە.

خواردنی گۆشت ئەگەری توشبونی مرۆڤ بەکۆمەڵێک نەخۆشیی مەترسیدار زیاد دەکات

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانکۆی ئۆکسفۆرد کە ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاویکردۆتەوە دەرکەوتوە، بەگشتیی خواردنی گۆشت بەشێوەیەکی بەردەوام مەترسیی توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ‌و شەکرەو هەوکردنی سییەکان‌و نەخۆشیی مەترسیداری تر زیاددەکات.

پێشتر زانرابوو کە خواردنی گۆشتی سورو دەستکاریکراو مەترسیی توشبون بەشێرپەنجەی ریخۆڵەکان زیاددەکات، بەڵام ئەوە یەکەمجارە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەیەک دەریدەخات کە بەگشتیی خواردنی گۆشت پەیوەستە بەتوشبون بە25 نەخۆشیی تری ناشێرپەنجەیی.

لێکۆڵینەوەکە دەڵێت:"خواردنی گۆشتی سورو گۆشتی دەستکاریکراوو گۆشتی مریشک‌و قەل، ئەگەر هەفتانە لانیکەم سێجار بخورێت، ئەوە مەترسیی توشبون بە25 نەخۆشیی جیاواز زیاد دەکات".

بەپێی ڕۆژنامەکە، ئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە بەڵگەکانی توێژەرانی ترو ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی زیاددەکات کە دەڵێت خواردنی گۆشت بەتایبەت گۆشتی سورو دەستکاریکراو زیان بەتەندروستیی دەگەیەنێت".

لێکۆڵینەوەکە دەڵێت:"خواردنی گۆشتی سورو دەستکاریکراو پەیوەستە بەبەرزبونەوەی مەترسییەکانی توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ‌و هەوکردنی سییەکان‌و نەخۆشییەکانی کۆڵۆن‌و نەخۆشیی شەکرە، هەروەک خواردنی گۆشتی مریشک پەیوەستە بەبەرزبونەوەی مەترسیی توشبون بەنەخۆشییەکانی سورێنچک‌و هەوکردنی گەدەو زراو، هەروەک نەخۆشیی شەکرەش".

کۆمپانیای فۆرد ساڵی 2030 تەنیا ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمدەهێنێت

کۆمپانیای فۆرد،کە یەکێکە لە مارکە بازرگانییە گەورەکانی جیهانی ئۆتۆمبێل رایگەیاندووە کە نیازی هەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ دا بەتەواوەتیی بگۆڕێت بۆ کۆمپانیایەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بۆ ئەو مەبەستەش دەیان ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەو بوارەدا دەکات.

کۆمپانیاکە کە بارەگاکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە کار لەسەر پلانێک دەکەن کە تا ساڵی ٢٠٣٠ بەتەواوەتیی بگۆڕێت بۆ کۆمپانیایەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی یان هایبێرد، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەش فۆرد ملیارێک دۆلار وەبەرهێنان لە کارگەکەی وڵاتی ئەڵمانیایدا دەکات.

باس لەوەشکراوە کە وەبەرهێنانەکەی فۆرد لە کارگەکەی وڵاتی ئەڵمانیا، وادەکات لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بتوانێت ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمبهێنێت.

ئەو هەنگاوەی کۆمپانیا ئەمەریکییەکە لەچوارچێوەی پلانێکدایە بۆ وەبەرهێنانی ٢٩ ملیار دۆلار تا ساڵی ٢٠٢٥ لەپێناو گۆڕینی تەواواوەتیی بەرەو بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و دەستبەرداربوون لە ئۆتۆمبێلی کلاسیکی، کە ئەوەش هاوشێوەی پلانی ژمارەیەک لە کۆمپانیا جیهانییەکانە کە رایانگەیاندووە بەرەو بەرهەمهێنانی کارەبایی هەنگاو دەنێن، بەڵام بەو خێراییەنا کە فۆرد گرتوویەتییەبەر.

پێشتریش ڤۆڵگس ڤاگن بەڵێنیدابوو کە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٥ ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمبهێنێت، هەروەک مێرسیدس نیازی بەرهەمهێنانی ٦ جۆر لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەیە.

karwan