زیانەكانی زیاد خواردنی خوێ

بەپێی ئەو رێنماییانەی پسپۆڕانی خۆراک بڵاویدەکەنەوە رۆژانە کەسێکی پێگەیشتوو نابێت زیاتر لە شەش گرام خوێ بخوات، بۆ منداڵان ئەم بڕە کەمتریش دەبێتەوە. پسپۆڕانی خۆراک دەڵێن، ئێستا خەڵکی رێژەییەکی زیاتر خوێ لە خۆراکەکانیاندا هەیە بەو جۆرەی کە لەو بڕە ئاساییە تێپەڕیداوە کە تەندروستە.
ئەم نیشانانە دەریدەخەن کە برێکی زیاتری خوێ لەوەی کە پێویستە دەخۆیت:

هەڵئاوسان
کاتێک رێژەیی خوێ لە جەستەدا زۆردەبێت، جەستە هەوڵدەدات ئاوێکی زیاتر کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگییەکە رابگرێت بەمەش کەسەکە تووشی ئاوسانی پێیەکان و دەورووبەری چاوەکان دەبێت.

تێنویەتی بەردەوام
کاتێک کەسێک بڕێکی زۆری خوێ دەخوات، جەستە داوای شلەمەنی دەکات بۆ ئەوەی ئەو بڕە خوێیە زۆرە لە جەستە دەربکات تاکو ماسولکە و ئەندامەکانی دیکە بتوانن فرمانی ئاسایی خۆیان ئەنجامبدەن، بۆیە باشترە کەسەکە بەردەوام ئاو بخواتەوە، چونکە ئەگەر ئاو نەخواتەوە جەستە ناچاردەبێت شلەی خانەکان بەکاربهێنێت و ئەمەش دەبێتەهۆی وشکبوونەوەی جەستە.

گۆڕانی رەنگی میز
زۆر خواردنی خوێ پەستانێکی زۆر دەخاتە سەر گورچیلەکان، چونکە گورچیلەکان کاتێکی زیاتریان دەوێت بۆ ئەوەی ئەو خوێیە لە جەستەدا دەربکەن، بۆی رەنگی میز دەگۆردرێت و دەبێتە زەردێکی کاڵ، ئەوانەی رێژەییەکی زۆر خوێ لە خۆراکەکاندا داهاتوودا مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی گورچیلە زیاتردەبێت.

ئازاری ماسولکەکان
هاوسەنگ راگرتنی نێوان سۆدیۆم و پۆتاسیۆم ئێجگار گرنگە بۆ گرژبوونی ئاسایی ماسولکەکان، بۆیە کاتێک رێژەیی خوێ لە جەستەدا بەرزدەبێتەوە و زیاتر دەبێت لە پۆتاسیۆم، کەسەکە هەست بە ئازار و شەکەتبوونی ماسولکەکان دەکات.

ك-س

روفاتی مەهاتما گاندی دزرا

لە 150 ساڵەی یادی لەدایكبونیدا بەشێك لە روفاتی مەهاتما گاندی سەركردەی رۆحیی هیندیەكان دزرا و لەسەر قەبرەكەشی نوسراوە "ناپاك".
سەرچاوەكانی هەواڵی هیندستان بڵاویانكردەوە، بەشێك لە روفاتی گاندی لەو شوێنەی لەساڵی 1948ەوە تێیدا نێژراوە، دزراوەو تائێستاش نازانرێت كێ‌ ئەو كارەی كردوە.
رونیشكراوەتەوە، لەسەر ئەو وێنەیەی گاندی، كە لەسەر قەبرەكەی دانراوە، بە بۆیاخی سەوز نوسراوە "ناپاك".
لای خۆیەوە گۆرمیت سینگ سەرۆكی ئەنجومەنی ناوچەی "ریوا"ی هیندستان ئاماژەی بەوەداوە، وا دەردەكەوێت ئەو كەسانەی "ناتهورام گودسی"یان خۆشدەوێت (كە ئەو كەسە بوو گاندی كوشت) ئەو كارەیان ئەنجامداوە، پێویستە ئەو رقلێبونەوەیە بوەستێنرێت و بەزوترین كات تۆمەتباران بدۆزرێنەوە.
بەهۆی پشتگیریكردنی لە یەكگرتویی موسڵمان و هیندۆسیەكان، گاندی لەلای بەشێك لە هیندۆسە توندڕەوەكان بە "ناپاك" لە قەڵەم دەدرێت، سەرەڕای ئەوەی خودی گاندی پابەند بوو بە ئایینی هیندۆسییەوە.
سەرچاوە : نەوا

ب - ل

بۆچی منداڵانی ساوا كاتێك ده‌گرین فرمێسكیان نیه‌؟

منداڵانی تازه‌ له‌دایك بوو به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زۆر ده‌گرین، گریانه‌كه‌شیان هێمایه‌كه‌ بۆ باری ته‌ندروستی و به‌هێزی له‌شیان، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی منداڵانی دیكه‌وه‌ كاتێك ده‌گرین هیچ فرمێسكێك له‌ چاویان نایه‌ته‌ خوار.

فرمێسك گرنگه‌ بۆ پاراستنی چاو و هێشتنه‌وه‌ی شێداری و ته‌ڕی چاو، به‌ڵام منداڵی ساوا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌كاتی گریاندا فرمێسكیان نیه‌ به‌تایبه‌ت له‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی سه‌ره‌تای له‌دایكبوونیاندا هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ منداڵی ساوا كاتێكی زۆری پێویسته‌ بۆ كردنه‌وه‌و گه‌شه‌كردنی كه‌ناڵه‌كانی رشتنی فرمێسك له‌ چاویدا.

چاوی منداڵی ساوا فرمێسك به‌رهه‌مده‌هێنێت بۆ پاراستنی چاو و هێشتنه‌وه‌ی به‌ شێداری به‌ڵام كه‌ناڵه‌كانی هێنده‌ به‌هێز نیه‌ بتوانێت بیكاته‌ دڵۆپه‌ فرمێسك و به‌سه‌ر كوڵمه‌كانیدا بێته‌ خواره‌وه‌.

سێگ تیمبه‌رلاین، پزیشكی منداڵان له‌ كالیفۆرنیا، ده‌ڵێت،"دوای سێ تا چوار هه‌فته‌ له‌ منداڵی ساوادا كه‌ناڵه‌كانی رشتنی فرمێسك گه‌شه‌ ده‌كه‌ن هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ منداڵانی ساوا له‌ سه‌ره‌تای له‌دایكبوونیاندا فرمێسكیان نیه‌".

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ منداڵانی ساوا له‌ دوو هه‌فته‌ی یه‌كه‌مدا هیچ عاره‌قێك ده‌رناده‌ن چونكه‌ ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی به‌رپرسن له‌ ده‌ردانی عاره‌ق له‌ منداڵی ساوادا گه‌شه‌یان نه‌كردووه‌.

له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤدا دوو گلانده‌ رژێن هه‌ن كه‌ به‌رپرسن له‌ ده‌ردانی عاره‌ق، له‌ منداڵی ساوادا هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوو گلانده‌ رژێنه‌كه‌ هه‌ن به‌ڵام عاره‌ق ده‌رناده‌ن.

له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵانی تازه‌ له‌دایكبوو ناتوانن عاره‌ق به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو ده‌ربده‌ن پزیشكان ئامۆژگار باوانیان ده‌كه‌ن له‌ پله‌یه‌كی گه‌رمای هاوسه‌نگدا رایانبگرن و له‌گه‌ڵ هه‌ستكردن به‌ به‌رزی پله‌ی گه‌رمی له‌شی منداڵه‌كانیان و كه‌مبوونه‌وه‌ی چالاكی ده‌ست و پێیه‌كانیان پێویسته‌ به‌ زوویی جلوبه‌رگی زۆر له‌به‌ر منداڵه‌كانیان دابنێن و هه‌وای ژووره‌كایان بگۆڕن، هاوكات رێگه‌ له‌ سه‌رمابوونی منداڵه‌كانیشیان بگرن.

سه‌رچاوه‌ / وێستگه‌

ب - ل

توێژینەوەیەک : دارەکان زمانی خۆیان هەیە و لەگەڵ یەکدی قسە دەکەن

کاتێک دارەکان لە لایەن مێش و مەگەز هێرشیان دەکرێتە سەر و دەکەونە مەترسییەوە، یەکتر لە مەترسییەکە ئاگادار دەکەنەوە.

کاتێك مەگەز دەست دەکات بە خواردنی گەڵا یان گوڵی دارێک، دارەکە بۆنێکی کیمیایی بۆ بەرگری کردن لە خۆی بڵاودەکاتەوە.

زانایان ئەوەیان ئاشکرا کردووە، دارەکان ئەو بۆنە تەنها بۆ بەرگری کردن لە خۆیان بەکارناهێنن، بەڵکو لە رێییەوە دارەکانی دیکەش لە مەترسییەکان ئاگادار دەکەنەوە و بە "گریانی دارەکان" ناوی دەبەن.

دارەکان، کاتێک هێرشیان دەکرێتە سەر، بەگوێرەی جۆری بۆماوەبابەتەکەیان (جینۆتایپ) بۆنی جیاواز بەرهەم دەهێنن، بەڵام ئەم بۆنە لە لایەن دارەکانی دیکە دەناسرێتەوە و دەزانن کە درواسێ دارەکەیان لە مەترسیدایە.

ئاندرێ کێسلەر، پرۆفیسۆر لە زانکۆی کۆرنێل لە نیویۆرکی ئەمەریکا بە ماڵپەری دەیلی مەیلی گوتووە: "ئەمە جۆرە زمانێکە دارەکان لەناو خۆیان بەکاری دەهێنن. ئەو زانیاریانەشی ئەو زمانە دەیگوازێتەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی دوو دارەکە چەند لە رووی جۆرییەتی و مەوداوە لەیەک نزیکن".

دەشڵێت: "مەبەست لەم کارە ئەوەیە، دارەکانی دیکە خۆیان بۆ هێرشەکان ئامادە بکەن و بەرگرییان زیاد بکەن".

سەرچاوە : k24

ب - ل

لە 2050 مەترسیەكی گەورە بۆ سەر مرۆڤایەتی دروستدەبێت

راپۆرتێكی نێودەوڵەتی ئاشكرای كردووە كە بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاكان، لە دوای چەند ساڵێكی دیكە ژیانی هەزاران كەس دەكەوێـتە مەترسیەوە.

لە راپۆرتێكی نوێی نەتەوە یەكگرتووەكاندا تایبەت بە گۆرانكاری ئاووهەوا (IPCC) چەندین زانیاری لەسەر كاریگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زەریاكان لەسەر مرۆڤ ئاشكرا كراوە.

راپۆرتەكە بە هاوبەشی 36 وڵاتی جیهان لەلایەن 104 شارەزای بواری كەشوهەوا ئامادە كراوە و تێیدا هاتووە تا ساڵی 2100 پێشبینی دەكرێت بە هۆی گۆرانكاری ئاووهەوا و توانەوەی بەستەڵەكان، ئاستی ئاوی زەریاكان بەرزبوونەوەیەكی گەورە بە خۆیەوە ببینێ، كە لە نێوان 30 تا 60 سانتیمەتر دەبێت.

ئەم بەرزبوونەوەیەش بە شێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر ژیانی 670 ملیۆن كەس لە ناوچە شاخاوییەكان و 680 ملیۆن كەسی دیكە لە ناوچەكانی كەنار زەریاكان. هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە هەر بە هۆی گۆڕانكاری ئاووهەواوە، ئەو شارانەی كە دەكەونە كەنار زەریاكان لە ساڵی 2050 تووشی كارەساتی گەورەی ژینگەیی دەبن.

ك-س