دراوێكی 10 سەنتی بە نرخێكی خەیاڵی دەفرۆشرێت

لە مەزادێكدا دراوێكی (10) سەنتی كە مێژووەكەی بۆ زیاتر لە سەدەیەك دەگەڕێتەوە، بە (1.32) ملیۆن دۆلار نرخی بۆ دانرا.

لە هەواڵێكی (سی ‌ئێن ‌ئێن) دا هاتووە، دراوی (10) سەنتی كە مێژووەكەی بۆ ساڵی (1894) دەگەڕێتەوەو لەو سەردەمەدا تەنها (23) دانە خراوەتە بەردەست، بە بڕی (1.32) ملیۆن دۆلار فرۆشرا بە (دێڵ ‌لۆی هانسن) كەوا خاوەنی یانەی (ریەڵ ساڵت لەیك) ەو لە هەمان كاتدا كۆكەرەوەی پارەی كانزانییە.

جێگەی ئاماژەیە ناوبراو هانسن ئاماژەی بەوە كردووە كە لە هەوڵی ئەوە دایە نموونەی هەر دراوێكی كانزاییە كەوا لە ساڵی (1792) ەوە لە ئەمریكا دەركراوە، بخاتە نێو ئەو دراوە كانزاییانەی تا ئێستا كۆیكردۆتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەری تەبا لە ساڵی (2016) دا دراوێكی تری كانزایی كە مێژووەكەی بۆ (125) ساڵ دەگەڕێتەوە، بە (2) ملیۆن دۆلار فرۆشرابوو

 

ب - س

هونەرمەند خالید ڕەشید نوێترین بەرهەمی خۆی بڵاوکردەوە

 

گۆرانی دەنگی ئاسمان نوێترین گۆرانی هونەرمەندی ناسراو خالید ڕەشیدە و لە هۆنراوەی لەتیف هەڵمەت و ئاوازی خالید ڕەشید بەرهەمهاتووە و لە پەڕەی تایبەتی خۆی گۆرانییەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی درووستکردووە بە کردن بە گۆرانی ئەم بەرهەمەی شاعیری ناسراو لەتیف هەڵمەت.

خالید ڕەشید نووسەر و موزیکزان و شوێنەوارناس و گۆرانیبێژێکی کوردە. خاوەنی ٧ ئەلبومی موزیک و گۆرانیە. بۆ یەکەم جار سروودی نەتەوەیی کوردستانی کردە مارشی نیشتیمانی لە پەرلەمانی کوردستان بە یاسا چەسپاندی. خالید ڕەشید لە دایکبووی باشووری کوردستانە لە ناو بنەماڵەیەکی نیشتیمان پەروەردا چاوی بەدنیا ھەڵھێناوە. نووسەری دوو کتێبە بە زمانی سویدی لەسەر شوێنەوارەکانی کوردستان. دەرچووی بەشی شوێنەوارناسییە لە زانکۆی ستۆکھۆڵم لە سوید. دەرچووی پەیمانگای باڵای ھونەرە لە ڤێسترباری سوید. دوکتۆرانامەکەی لەسەر کولتور و شوێنەواری کوردستانە لە زانکۆی سانکتپیتەربورگ لە ڕووسیا. وەرگری ستیپیندیۆمی وەزارەتی فەرھەنگی سویدە ساڵانی ١٩٩٧ و ١٩٩٨.

 

 

ب -س

كۆمپانیای ڤۆڵکس واگن (22) ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی دروست دەکات

کۆمپانیای ڤۆڵک واگن ئاشکرای دەکات پلانێکی (10) ساڵەی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی (22) ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی.

ڤۆڵکس واگن پێشتر رایگەیاندبو دەتوانێت لە (10)ساڵدا نزیکەی (15) ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەم بهێنێت، بەڵام لە نوێترین راگەیاندنی کۆمپانیاکەیدا ئاشکرای کردوە لانیکەم لەو ماوەیەدا نزیکەی (22) ملیۆن ئۆتۆمبێلی لەو جۆرە بەرهەم دەهێنێت و دەیخاتە بازاڕەکانی جیهانەوە.

ئەو کۆمپانیایە کە گەورەترین بەرهەمهێنی ئۆتۆمبێلە لە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی (2016) روبەڕوی تۆمەتی درۆکردن لەگەڵ کڕیاران و کێشە لە سیستمی بزوێنەری دیزڵ بوەوە و دواتر ناچار کرا بە قەرەبوکردنەوە ئەو کەسانەی کە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەیان لە کۆمپانیاکە کڕیوە.

بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵی ئەوروپا سەڕەرای ئەوەی کۆمپانیای ڤۆڵکس واگن روبەڕوی دادگا کراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا دۆسیەی (370) هەزار سکاڵاکار لەو کۆمپانیایە یەکلایی نەکراوەتەوە و سەرنجڕاکێشە سەڕەرای بونی ئەو هەمو دۆسیەیە کۆمپانیاکە بڕیاری داوە (22)ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەم بهێنێت.

 

 

 

ب-ل

عه‌بدوڵا په‌شێو رونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

شاعیری گه‌وره‌ی كوردستان عه‌بدوڵا په‌شێو له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا وه‌كو خۆی ئاماژه‌ی پێده‌كات، بۆیه‌كه‌مجار هه‌واڵی مردنی خۆی به‌ درۆده‌خاته‌وه‌ و ده‌ڵێت، له‌ باشترین دۆخی ته‌ندروستیدایه‌. عه‌بدوڵا په‌شێو، له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌یدا، ده‌ڵێت: "ئەوەی لە دایک بێ دەشمرێ. مردن دادپەروەرترین دادوەرە و شەرم لە کەس ناکا، بەڵام، سوپاس بۆ خوا، تەندروستیم لەوپەڕی باشیدایە و ھیچ نەخۆشیەکیشم نییە". پێشتر له‌ چه‌ند په‌یج و ئه‌كاونتێك به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو ده‌نگۆی مردنی ئه‌و شاعیره‌ ناسراوه‌ بڵاوكرابۆوه‌، به‌ڵام په‌شێو ده‌ڵێت؛ "تا ئێستا، بۆ بەدرۆخستنەوەی " ھەواڵی مردن !"، قسەم بۆ ھیچ " میدیا " و " میدیاکار "ێک نەکردووە، کەسیشم ڕانەسپاردووە بە ناوی من قسە بکا و لایک و کۆمێنت کۆکاتەوە. نە سکرتیرم ھەیە، نە وتەبێژ و " کاربەرێخەر"!". په‌شێو ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات؛ ھیچ ئەکاونتێکم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە، بەڵام، ھەر بۆ داخستنی چەند سایتێکی گێرەشێوێن، لەم ڕۆژانە ماڵۆچکەیەکی خۆم لە فەیسبووک دادەنێم، بۆ ئەوەی چیدی کەس نەتوانێت بە زڕبەرھەم و فشەھەواڵی لاوەکی خۆشەویستان و ئەدەبدۆستان بە لا ڕێدا ببا.

ز.س

کامانەن ئەو خۆراکانەی ئەگەری شێرپەنجە کەمدەکەنەوە؟

پزیشکانی زانکۆی کۆوان لە ئوسترالیا رایدەگەیێنن خواردنی ئەو خۆراکانەی بە دژە ئۆکسێنەکان دەوڵەمەندن مەترسیی تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە کەمدەبێتەوە.

لە توێژینەوەکەدا پزیشکە ئوستراڵییەکان پەیوەندییان دۆزیوەتەوە لەنێوان خواردنی خۆراکە تەندروستەکان و کەمبوونەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە، ئەنجامی توێژینەوەکەشیان لە جۆرناڵی (Nature communications) بڵاوکردووەتەوە. د. نیکۆڵا بۆندۆنۆ، پسپۆڕی خۆراک و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: رۆژانە خواردنی ئەو خۆراکانەی بە فڵاڤۆنۆڵەکان دەوڵەمەندن، مەترسیی چەندین نەخۆشی کەمدەکەنەوە، هەرچەندە میکانیزمەکە بە تەواوی نازانرێت بەڵام توێژینەوەکانی پێشووتر دەریانخستووە ئەو ماددانە دژە ئۆکسێنی بەهێزن و هەوکردن لە جەستەدا کەمدەکەنەوە. لە توێژینەوەکەدا هاتووە خواردنی خۆراکی ناتەندروست، جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحول دەبنەهۆی دروستبوونی هەوکردن لە جەستەدا و سەرەنجام زیانگەیشتن بە لوولەکانی خوێن، بۆیە پزیشکان دەڵێن فڵاڤۆنۆڵەکان دەتوانن ئەو هەوکردنە کەمبکەنەوە و لولەکانی خوێنیش بپارێزن و ئەگەری چەندین جۆری شێرپەنجەش کەمدەکەنەوە. فڵاڤۆنۆڵەکان ماددەی دژە ئۆکسێنن لەنێو چا، سێو، پرتەقاڵ، بلوبێری و برۆکلیدا هەن.

 

 

ز.س