چی لە بارەی دڵە كزێ وە دەزانی

دڵەكزێ بریتیە لەو ترشەڵۆكەی گەدە كە لەكاتی هاتنەوەی خواردەمەنی نێو گەدە بۆ سوورێنچك دروستدەبێت، ئەوەش هۆكارە بۆ سوتانەوەی سوورێنچك و بوونی ئازار، لەكاتی ئەو جۆرە كێشەیەدا هەوڵبدە خۆت دوربگریت لەخواردنی‌ ئەم خواردنانە:

1. ئەو میوانەی كە ترشن، چونكە ترشەڵۆكی گەدە زیاد دەكەن.

2. ئەو خواردنانەی كەسوردەكرێتەوەو زیان بە گەدە دەگەیەنن.

3. تەماتەو سیرو پیاز، چونكە ترشیان هەیەو هۆكارن بۆ زیادبوونی كاریگەری نەخۆشیەكە.

4. خواردنەوە كحولیەكان.

5. سەرجەم ئەو خواردن و خواردنەوانەی كافایینیان تێدایە.

6. نەستەلەو هاوشێوەكانی بەهۆی بوونی ماددەی كافایین.

 

ب . ل

ئۆتۆمبێلی باڵندەیی دروست دەكرێت

كۆمپانیاییەكی ئەمریكی لەكۆتایی ئەمساڵ ئۆتۆمبێلی باڵندە دروست دەكات، ئەمەش وەك تاكە ڕێگەیەك بۆ ڕزگاربوون لەقەیرانی ترافیكی شەقامەكان.

كۆمپانیای دروستكاری ئەو ئۆتۆمبێلە ناوی (ئێرباس) ەو لەكۆنفرانسی شاری میونخی ئەڵمانی ئاشكرای كردووە، بۆ كۆتایی ئەمساڵ ئۆتۆمبێلێكی جۆری باڵندە دروست دەكات.

ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو ئۆتۆمبێلە ناوی (Vahana) یەو تاكە كەسییەو جۆری ئۆتۆماتیكەو وەك تاكە ڕێگە داندراوە بۆ ڕزگاربوون لە قەرەباڵغی شەقامەكان.

بەپێی بۆچوونەكان قەرەباڵغی شەقامی شارەكان بەردەوام دەبێت و تەنانەت ئاماژە بەوەشدراوە، تاكو ساڵی (2030) لە (%60) دانیشتوانی جیهان لەشارەكان نیشتەجێ‌ دەبن.

هەر لەم پێناوەدا ئەو كۆمپانیا زەبەلاحانە بیر لەوە دەكەنەوە كە هۆكاری گەیاندنی تری خێرا دروست بكەن و مرۆڤ زووتر بگاتە شوێنی خۆی.

(ڕادین لایاسۆف) بەرپرسی باڵای بەشی ئۆتۆمبێلی باڵندەیی لەم كۆمپانیایە دەڵێت: زۆرینەی تەكنۆلۆژیا پێویستیەكان بۆ دروستكردنی ئەو ئامێرە گواستنەوە وەكوو پاتری، مۆتۆرو بەشە ئۆتۆماتیەكییەكانی فڕۆكەكە تاكو ڕادەیەك تەواو بوونە.

 ب.ل

سوودەكانی سێو بۆ تەندروستی لەش چییە؟

وەك دەگوترێت خواردنی سێوێك لە ڕۆژێكدا بەهۆی پێكهاتە خۆراكییە زۆر دەوڵەمەندەكەی، بە شێوەك بە تەندروستی دەتهێڵێتەوە كە پێویستیت بەوە نەبێت هەرگیز بچیتە لای پزیشك. بەڵام چی وای كردووە سێو ئەوەندە میوەیەكی بێوێنە و تایبەت بێت؟، ئایا سوودە تەندرستییەکانی پێوەستبە سێو چییە.؟

یەكەم/ سێو كۆڵسترۆڵی خراپ كەم دەكاتەوە، توێژەران سەلماندوویانە كە خواردنی سێو ڕێژەی كۆڵسترۆڵی خراپ كەم دەكاتەوە، لە هەمان كاتیشدا كۆڵسترۆڵی باش زیاد دەكات.
دووەم/ ئەگەری تووشبوونت بە نەخۆشی شەكرە كەم دەكاتەوە، توێژینەوەیەك دەری خستووە كە ئەو كەسانەی لە هەفتەیەكدا سێ جار سێو دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شەكرەی جۆری دوو كەمترە وەك لەوانەی سێو ناخۆن.
سێیەم/ خواردنی سێو بەدوورت دەگرێت لە شێرپەنجەی مەمك، توێژینەوەكان زیاتر و زیاتر بۆیان دەسەلمێت كە خواردنی سێو و سەوزەكان دەتوانن ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە كەمتر بكەنەوە.
چوارەم/ قەڵەوی ناهێڵێت، لە یەكێك لە توێژینەوەكان بۆیان دەركەوتووە كە خواردنی سێو دەكرێت دوورمان خاتەوە لە قەڵەوی و ئەو نەخۆشیانەی پێوەندیدارن پێوە.
پێنجەم/ دژی نەخۆشی لەبیرچوونەوە و ئەلزەهایمەرە، توێژەران سەلماندوویانە كە خواردنی سێو خانە دەمارییەكان دەپارێزێت و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر كەم دەكاتەوە.

ب.ل

فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مێژووی بەکار‌هێنانی

فڕۆكەی بێفرۆكەوان، ئەو داهێنانەی كە بەمدواییانە بەشێوەیەك پەرەی پێدراوە كە وەك چەكێك بۆ ڕاپەراندنی ئەركی سەربازی و جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەكان بەكاردەهێنرێت، بەجۆرێك كە وڵاتانی زلهێز و گروپە بچووكە چەكدارە یاخی بووەكانیش پەنای بۆ دەبەن.

چونكە لەو ڕێگەیەوە بەكەمترین تێچوون، ئامانجە سەربازییەكان دەپێكرێن و لێكۆڵیاران و شارەزایانی بواری سەربازیش وەك دەستكەوتێكی مەزن بۆ ئەو بوارە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن.

فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ یەكەمجار لەئینگلتەرا لەساڵی ١٩١٧دا بەكارهێنراو لەساڵی ١٩٢٤یشدا پەرەی پێدرا، لەكاتی جەنگی یەكەمی جیهانیشدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیا و بەریتانیا بەكاریانهێنا و دوای ئەوانیش یەكێتی سۆڤیەتی جاران بەكاریهێنا.

لەكاتی جەنگی دووەمی جیهانی و جەنگی كۆریادا ئەمریكا بۆ مەبەستی مەشقكردن بەكاریهێنا، پاشان بۆ ئاڕاستەكردنی موشەكەكان و ڕێگریی كردن لە فڕۆكەوانە شارەزاكانی بواری سەربازیی لە ئاسماندا بەكارهێنرا.

 هەروەك لەكاتی جەنگی ڤێتانمدا لە ساڵانی ١٩٥٥ بۆ ١٩٧٥ بۆ مەبەستی هەواڵگری بەكارهێنراو لەساڵی ١٩٩٩شدا بۆ یەكەمجار موشەكی لێبەستراو لە هێرشكردنە سەر كۆسۆڤۆدا بەكارهێنرا.

لە ئێستاشدا لەبەر زۆری بایەخەكەی چاوەڕوان دەكرێت كە تا كۆتایی ئەمساڵ نزیكەی ١٠٠ ملیار دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی بەردەوامی دابین بكرێت، زۆرینەی ئەو وڵاتانەشی پەرەی پێدەدەن دەیانەوێت بیگەیەننە ئەو ئاستەی كە بۆ بۆردومان و هەڵگرتنی موشەكی ئەتۆمی بەكاربهێنرێت.

فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان لە ڕووبەرێكی كورت و نزیكدا دەتوانرێت بخرێتە هەوا و لەو ڕووبەرە كەمەشدا بنیشێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش سوود لە شەپۆلی ڕادیۆیی وەردەگیرێت.

هەروەك دەشتوانرێت بەهۆی مانگی دەستكردەوە بۆ ماوەی سەدان كیلۆمەتر لە فڕین بەردەوام بێت.

فرۆكەی بێفڕۆكەوان لە جەنگی سوریا و یەمەنیشدا بەشێوەیەكی بەرچاو بەكارهێنراو لە ئێستاشدا حوسییەكان لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ڕۆژانە هێرش دەكەنە سەر سنورەكانی سعودیە.

ز.س

سوپای فەرەنسا پەنا بۆ چیرۆكی گوماناوی دەبات

سوپای فەرەنسا پەنا بۆ چیرۆكی گوماناوی دەبات

سوپای‌ فەرەنسا تیمێكی‌ دروست كردووە بە ناوی‌ گروپی‌ سور، كە لە نووسەرانی‌ تایبەت بە خەیاڵی‌ زانستی پێكهاتووە‌و ئەركی‌ ئەم نووسەرانەش نووسینی‌ سیناریۆی‌ گریمانەكراوی‌ هەر مەترسییەكە كە لە داهاتوودا روو بدات.

راپۆرتێكی‌ تایبەت بە ئاژانسی‌ داهێنانی‌ بەرگری‌ فەرەنسا لەو بارەیەوە دەڵێ: داوا لەو نووسەرانە دەكرێت خەیاڵی‌ خۆیان بخەنە كار بۆ نووسینی‌ چیرۆكی‌ گریمانەكراوی‌ هەر مەترسییەكی‌ داهاتوو، لەبەر ئەوەی‌ ئەو مەترسیانەی‌ بە خەیاڵی‌ ئەواندا دێت، پسپۆڕانی‌ سەربازی‌ بیریان بۆی‌ ناچێت.

هەر بەپێی‌ ئەو راپۆرتە، پرۆسەكە بە گشتی ‌‌و نووسینەكانیش لەوپەڕی‌ نهێنیدا دەبن ‌و ئامانجی‌ سەرەكی‌ پرۆسەكەش داهێنانە لە بواری‌ بەرگری‌ سەربازی‌ فەرەنسادا.

ژمارەی‌ ئەندامانی‌ تیمی‌ سور كە سەرقاڵی‌ نووسینی‌ سیناریۆكانن چوار تا پێنج كەس دەبن‌ و هەموو توانای‌ خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی‌ بیهێننە پێش چاوی‌ خۆیان كە لە داهاتوودا تیرۆریستان‌ و نەیاران چۆن ‌و بە چ شێوازێك مەترسی‌ دروست دەكەن.

(فلۆرەنس بارلی)‌ وەزیری‌ بەرگری‌ فەرەنساش لەو بارەیەوە وتی‌: فەرەنسا لە بواری‌ داهێنانی‌ سەربازیدا پێشەنگە

ك-س