وەرزشکردن لە دووگیانیدا

وەرزشکردن رێگەیەکی دروستە بۆ تەندروستبوون و چالاکمانەوە، بێگودانە رەگەز، تەمەن و دۆخی تەندروستی سوودی ئێجگار زۆری هەن بۆ جەستە و دەروونی مرۆڤ.

دەستەی پزیشکانی پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون لە کەنەدا نوێترین رێنماییەکانیان لەبارەی وەرزشکردن لە دووگیانیدا بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، وەرزشکردن لەماوەی دووگیانیدا یارمەتی تەندروستهێشتنەوەی کۆرپە و دایکەکە دەدات، بەڵام بە مەرجێک خانمەکە هیج گرفتێکی نەبێت کە بەهۆیەوە رێگە نەدرێت وەرزشبکات.

پزیشکە پسپۆڕەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێن، ئەو خانمانەی هیچ گرفتێکی تەندروستییان نییە لەماوەی دووگیانیدا، دەبێت لایەنی کەم هەفتانە 150 خولەک وەرزشبکەن، بۆ ئەوەی هەم خۆی و کۆرپەکەی تەندروست بن هەمیش لە پاشهاتەکانی دووگیانی دووربن.
سەبارەت بە جۆری وەرزشەکەش پزیشکان رێنماییدەدەن سەرباری ئەنجامدانی وەرزشی کاردیۆ بایەخ بە یۆگاش بدەن.

سوودەکانی وەرزشکردن لەماوەی دووگیانیدا بریتین لە:
•تەندروست مانەوەی کۆرپە
•مەترسیی بەرزەپەستانی خوێن کەمدەکاتەوە
•ئاستی شەکری خوێن رێکدەخات
•ئاسانکردنی پرۆسەی منداڵبوونی سروشتی
•رێکخستنی کێشی جەستە
•ئەگەری خەمۆکی کەمدەکاتەوە

لە رێنمایینامەکەی پزیشکانی پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون هاتووە، ئەنجامدانی وەرزش نابێتەهۆی لەبارچوون، مردنی کۆرپە لە منداڵداندا، لەدایکبوونی پێشوەختە یان لە دایکبوونی کۆرپە بە کێشێکی کەم.

ئەو گروپەی خانمان کە دەبێت لە ژێر راوێژی پزیشکیدا وەرزشبکەن بریتین، لەوانەی بە درێژایی ژیانیان چالاکی جەستەیی ئەوتۆیان ئەنجامنەداوە، شەکرەی پەیوەست بە دووگیانییان هەیە یان هاوکۆڵکەی بارستایی جەستەیان لە 25 زیاترە.

ك-س

Hits: 56