نزیکترین ڕێگا بۆ بەدەستهێنانی دڵی ئافرەت چییه‌؟

لەگەڵ ئەوەی گاڵتەو گەپ‌و قسەخۆشیی وەک یەکێک لەخەسڵەتەکانی منداڵان هەژماردەکرێت‌و بەشێک لەپێگەیشتوان خۆیانی لێدەپارێزن بەوپێیەی دەترسن لای بەرامبەرەکانیان وەک کەسی ناجدی هەژماربکرێن، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستوە کە ئەو خەسڵەتە کاریگەرییەکی جادویی لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتیی‌و سۆزدارییەکاندا هەیە، بەشێوەیەک پیاوان لەوڕێگایەوە دەتوانن دڵی ئافرەتان بۆخۆیان کەمەندکێش بکەن.

لێکۆڵینەوەکە کە لەلایەن توێژەرە ئەمریکی‌و ئەڵمانییەکانەوە کراوە، دەریخستوە گاڵتەو قسەی خۆش دەبێتە هۆی زیادبونی متمانە لەپەیوەندییە ڕۆمانسی‌و کۆمەڵایەتییەکانداو وادەکات ماوەی پەیوەندییەکە درێژخایەنتربێت.

توێژەرانی زانکۆی "مارتن لۆسەر هالە- ڤیتنبۆرگ"ی ئەڵمانی‌و زانکۆی ویلایەتی پەنسلڤانسیای ئەمریکی لەلێکۆڵینەوەکەیاندا لەبارەی ڕۆڵی گاڵتەو گەپ لەژیانی سۆزداریدا دەڵێن، ئەو بابەتە هەر تەنها بۆ خۆشیی نییە، بەڵکو هاندەرێکی هزریشەو وادەکات کەسەکە جێگای گرنگیپێدان بێت.

لەوبارەیەوە خانمە توێژەر کای براوەر کە یەکێکە لەئامادەکارانی لێکۆڵینەوەکە دەڵێت:"گاڵتەو گەپ کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر پەیوەندییە مرۆیی‌و سۆزدراییەکان هەیە".

براوەر ئەوەشی وتوە، ڕەفتاری گاڵتەئامێزانەی وەک سوپرایزکردن بۆ هاوڕێیەکت‌و گێڕانەوەی هەندێک ئەزمونی هاوبەش لەسەر شێوەی کۆمێدیی، ڕۆڵی دەبێت لەدروستکردنی ئاسوده‌یی‌و درێژکردنەوەی پەیوەندییەکان.

Hits: 66