نیوزلەندا بەیەکجارەکی کۆتایی بە جگەرەکێشان دەهێنێت

بەگوێرەی رۆژنامەی"گاردیان"ی بەریتانی. حکوومەتی نیوزلەندا کۆمەڵێک پلان و پێشنیازی ئاشکراکردووە کەبەپێی ئەوە هەوڵ دەدرێت تاوەکو ساڵی ٢٠٢٥ لەو وڵاتە کۆتایی بە کێشانی جگەرە و بەرهەمەکانی تووتن بهێنرێت.

بەپێی ئەو پلانەی حکوومەتی نیوزلەندا دایناوە، تەمەنی ڕێگەپێدان بۆ کێشانی جگەرە بەرزدەکرێتەوە، بەشێوەیەک فرۆشتنی جگەرە و بەرهەمەکانی تووتن بەو کەسانە قەدەغەدەکرێت کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٤ لەدایکبوون.

جگە لەوەی ئەوە بەسەر کۆمپانیاکادا دەسەپێنرێت کە بڕێکی کەم لە نیکۆتین لەناو بەرهەمەکانی تووتندا هەبێت و بواری فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی بەرتەسک دەکرێتەوە و شوێن و جێگاکانی فرۆشتنی جگەرە کەمدەکرێنەوە و کەمترین نرخیش بۆ جگەرە دیاری دەکرێت.

سەبارەت بەو پلانەی حکوومەتی نیوزلەندا لەبواری بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان دایناوە، دوکتۆرە عائیشە ڤیراڵ یاریدەدەری وەزیری تەندروستیی رایگەیاندوە: ئێمە پێویستمان بە سیاسەتێکی تازە هەیە، ساڵانە نزیکەی ٤٥٠٠ نیوزلەندی بەهۆی بەرهەمەکانی تووتنەوە دەمرن، ئەمەش وامانلێدەکات هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئامانجێک بدەین کەبەپێی ئەوە تاساڵی ٢٠٢٥ وڵاتەکەمان جگەرەکێشی تێدانەمێنێت.

ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوە تەندوروستییەکانی جیهان پێشوازیان لەو پلانەی حکوومەتی نیوزلەند کردووە، بەشێوەیەک لوسی ئیلوود سەرۆکی جێبەجێکردنی کۆمەڵەی شێرپەنجە لەبەیاننامەیەکدا وتویەتی: پێشنیازەکە زۆر ناوازەیە و کاریگەرییەکانی یارمەتی هاوڵاتیان دەدات دەستبەرداری جگەرەکێشان ببن، جگەرە لەخراپترین بەرهەمە بەکاربەرییەکانە لەمێژودا، بۆیە دەبێت وردە وردە دەستبەرداری ببین.

لای خۆیەوە چادان تاتۆلۆ مامۆستای بەشی تەندروستی گشتی لەزانکۆی تەکنەلۆجیاو ئۆکلاند ئەوپلانەی حکومەتی بە " خاڵی وەرچەرخان " وەسفکردووە و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەگەر سەرچاوەی پێویست و کەسانی گونجاو لەبەردەستدا بێت ، دەتوانرێت ئەو ئامانجە بەدیبهێنرێت .

شارەزایان دەڵێن پلانی حکومەتی نیوزلەندا بۆ کۆتاییهێنان بە جگەرەکێشان کۆمەڵێک ئاستەنگی دێتەپێش، لەدیارترینیان مایپووچبوونی خاوەنی فرۆشگا بچووکەکانی تووتن و ئەگەری سەرهەڵدانی بازاڕی رەش بۆ ساغکردنەوەی ئەو بەرهەمە.

Hits: 48