جیهان دوای کۆرۆنا

رێبین هه‌ردی‌

ڕەنگە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ شتێک هێندەی کۆڤیدی ١٩ کاریگەری کوشەندەی لەسەر جیهان بەجێ نەهێڵێت. مەسەلە تەنیا ژمارەی کوژراو و نەخۆشەکانی و بەربڵاوی نیە، مەسەلە تەنیاش ئەو قەیرانە ئابوریانە نیە کە دروستیکردووە و دەیکات و دەشێت دونیا و خەڵکی دوچاری کێشەی گەورە بکات، بەڵکو ئەو دەرئەنجامانەی دروستی دەکات دەشێت هاوچەشنی جەنگە جیهانیەکان کۆی عەقڵی سیاسی دنیا بگۆڕێت و دەستکاری زۆر شت بکات.

لە ئێستاوە دوو ئاراستە دەرکەوتوون: یەکێکیان دژ بە جیهانگیری و ئەوی تریان بە پێچەوانەوە.ئاراستەکانی دژ بە جیهانگیری بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیە دەگێرنەوە بۆ یەکێک لە دەرئەنجامەکانی جیهانگیری و کەوتنی سەروەرری نیشتیمانی و چارەسەریش بە گەرانەوە دەزانن بۆ ئەم سەروەریەوە و سنوردارکردنی سنوری نیشتیمان و توندوتوڵ کردنی دەوڵەتی نەتەوەیی. ئەم بۆچونە پێی وایە جیهانگیری ئابوری ئەو شتەیە کە دوای کۆرۆنا کۆتای پێ دێنێت و ئابوری نیشتیمانی جێگەی دەگرێتەوە.

بێگومان دۆخی باڵادەستی دەوڵەت لە کێشەی کۆڤیدی ١٩ دا زۆرتر دەردەکەوێت. خێرای وەڵامدانەوەی دەوڵەتە داخراوەکان بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشیە و خاوی و تاڕادەیەک لە دەست دەرچوونی کۆنترۆڵی نەخۆشیەکە لە دەوڵەتە دیموکراتیەکاندا گومانێکی زۆری لە دەوری کارایی ئەمجۆرە سیستەمە دروستکردووە. هەندێک تا ئەو رادەیە دەرۆن و دەڵێن دنیای دوای کۆڤیدی ١٩، دنیای کەوتنی ئەمەریکایە وەک بەهێزترین دەوڵەتی دنیا و جێگرتنەوەیەتی بە دەوڵەتی چین. چین لە دوای کۆڤیدی ١٩ جێگەی ئەمەریكا دەگرێتەوە.

کۆڤیدی ١٩ خەڵک و قەناعەتەکانیشی گۆڕی. کەسانێکی زۆر کە بەردەوام دژی گەورەبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت بوون و بەرگریان لە ئازادی زیاتر بۆ کۆمەڵگای مەدەنی دەکرد، لە ڕووداوی کۆڤیدی ١٩دا نەک داوای باڵادەستی دەوڵەت، بگرە داوای سوپاو لەشکر و هێزە ئەمنیەکان دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی بە زۆر لەماڵەکانیان زیندانی و قەرەنتینە بکەن. داوای ڕاگرتنی هاتوچۆ و بەکارهێنانی سوپا و لەشکر دەکەن بۆ ئەوەی هیچ سازشێک بەرامبەر هیچ پێشێلکاریەک نیشان نەدات. خەڵکانێکی زۆر کە تاماوەیەکی زۆر هەستیاریان بە بوونی ئەم هێزانە هەبوو، هەنوکە زیاتر لەجاران داواوی دەور و دەسەڵاتی بۆ دەکەن. ئەم دۆخە لەدوای نەخۆشیەکەشەوە بەردووام دەبێت و دەولەت دەوری ناوەندێتی خۆی و دەزگا ئەمنیەکانیش دەستێوەردانی خۆیان لە ژیانی خەلکیدا درێژە پێدەدەن.

بەڵام ئاراستەی دووهەم پێی وایە کە بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیە چ پەیوەندی بە جیهانگیریەوە نیە و بە دوریشی دەزانن دنیا بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سنورەکانی ناو دەوڵەتی نەتەوەیی. بەڵگەی بەهێزی ئەم ئاراستەیەش ئەوەیە کە بێ بووی جیهانگیریش مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو دەرد و نەخۆشیانەی کە هەمو جیهانیان گرتۆتەوە بە بێ ئەوەی جیهانگیریش هەبووبێ. نمونەش بەو تاعونە مێژوویە دەهێننەوە کە لە ساڵی ١٣٤٧دا سەرتاسەری دنیای گرتەوە و دەگوترێت نزیك لەسەدا شەستی ئەوروپای لەناو بردووە. ئەم ڕەهەندە پێی وایە کۆڤیدی ١٩ دنیا دەگۆرێت بەڵام نەک بە ئاراستەی گەڕانەوە بۆ ناو دەوڵەتی نیشتیمانی، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی لەناوبردنی پاشماوەکانی عەقڵەیەتی دەوڵەتی نەیەوەیی. ئەوەی لەناودەچێت عەقڵیەتی دەوڵەتی نەتەوەیی و سەروەری نیشتیمانیە کە پێیی وایە هەموو دەوڵەتێک تەنیا بەرپرسیارە لە ژیان و ڕێکخستنی دنیای ناو سنوورەکانی خۆی. ئەوەی لە دوای کۆڤیدی ١٩ لەناو دەچێت هەموو ئەو پاشماوانەی عەقلیەتی دەوڵەت نەتەوەیە کە پێیی وایە سنوری سیاسی دەوڵەت ئەو سنوورەیە کە دەبێت بەرپرسیارانی وڵات خۆیان لەبەردەمیدا بەبەرپرسیار بزانن. لە دوای کۆڤیدی ١٩ نەک جیهانگیری ئابوری کۆتای نایەت، بەڵکو جیهانگیریەکی سیاسی دروستدەکات کە وادەکات هەموان لەبەردەم هەموو دنیادا هەست بە بەپرسیاری بکەن. دنیای دوای کۆڤیدی ١٩ بەر ئەو ڕاستیە دەکەوێت کە نەخۆش کەوتنی کەسێک لە دوردەست ترین شوێنی دنیا،شتێک نیە دوور بێت لەو کەسانەی لە جوگرافیای و دەوڵەت و ناوچەی تردا دەژین، بەڵکو نەخۆش کەوتنی یەک کەس واتە ئەگەری توشبوون و نەخۆش کەووتنی هەموو دنیا. کۆڤیدی١٩ لە خەوهەڵسانی ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەیە کە تەنیا خۆیان بە بەرپرس لەبەردەم خەڵکی خۆیاندا دەزانن و هیچ گرنگی و گوێیەک بە شوێنەکانی دی نادەن و بگرە هیچ لاریشیان نیە ئەو هەنگاو و بڕیارانە بدەن کە کاریگەریەکی خراپ یان نگەتیڤی لەسەر شوێنەکانی تری دنیا دەبێت. کۆڤیدی ١٩ بەهەموان دەڵێت چیدی ڕێگەیەک بۆ فەرامۆشکردنی هیچ شوێنێکی دنیا نیە و ئەوەی وابزانێت ئەوەی لە دنیای دووردەستی ڕوودەدات، پەیوەندی بەوەوە نیە، بە هەڵەیەکی گەورەدا ئەچێت. ئەو زیانەی بە شوێنێکی دوردەست دەگات، دواجار دەگەرێتەوە بۆ ناو سنووری ئەو دەوڵەتە نەتەوەییەی وای دەزانی کاریگەری لە سنووری دەسەلاتی ئەو ناکات.

تەنانەت ڕوبەڕووبونەوەی نەخۆشیەکەش ئەوەی زیاتر سەلماند کە دنیا هەمووی پێویستی بەیەکە، پێویستی بە ئاڵوگوڕی ئەزمون و وتوێژ و تەکنیکەکانی ڕوبەڕبونەوەی نەخۆشیەکەیە. بە کورتی کۆڤیدی ١٩ دوا زەربە لە پاشماوەکەنی سەروەری نیشتیمانی و سیاستی دەوڵەت نەتەوەیی ددەات و جیهانگیری ئابوری ئەگوڕێت بۆ جیهانگیریەکی سیاسی سەرتاسەری.

بێگومان ئەم تابلۆیە وەک کابوسێک وایە بۆ ئەو سیایسیە کۆنزەرڤاتیڤ و چاوچنۆکانەی بەس بەرپێی خۆیان دەبینن(هاوشێوەی ترامپ و لێکچووەکانی). ئەمجۆرە سیاسیانە ئەم دۆخە ئەقۆزنەوە بۆ ئەوەی پێداگری لە توندکردنی سنوورەکانی خۆیان بکەن و زیاتر خۆیان لە دنیادابڕن. چاوەرێش دەکرێت تەوژمێکی تری راسیسزم بەرێوە بێت کە ئەم سیاسیانە دەبنە تەشەنەکردنی. بەلام ئەوەی راستیە هیچ یەک لەم شتانە رێگەی راستەقینەی کۆتایهاتنی قەیرانی کۆڤیدی ١٩ و نەخۆشیەکانی دی نیە، بەڵکو تاکە رێگە سەیرکردنی دنیایە وەک گەردونێک کە هەموو تیایدا بەرامبەر هەموو بەشێکی بەرپرسیارین. مەسەلە تەنیا نەخۆشی تەندروستی نیە، بەلکو هەموو جۆرە نەخۆشیەکانی تر چ سیاسی و چ ئابوری وەک کۆڤیدی ١٩ کەمتازۆر کاریگەری لەهەموو جیهان دەکات. دنیای دوای کۆڤیدی ١٩ دنیایەکە کە دەبێت لە خەونی خۆشی ئەوە خەبەری بێتەوە کە ئەوەی لە دوردەست ڕوودەدات، هیچ پەیوەندی بەوەوە نیە. لەبەرئەوەش ئەوەی دەبێ روبدات، نەک پتەوبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی و گەڕانەوە نیە بۆسەروەری نیشتیمانی، بەڵکو کۆتای پێهاتنێتی بۆ عەقڵیەتێکی گەردوونی کە بەرپرسانە تەماشای هەوو ڕووداو و بەسەرهاتەکانی دنیا دەکات.

کۆڕۆنا(کۆڤید 19) لە نێوان پەتایەکی سروشتی و شەڕێکی بایۆلۆجیدا

ململانێی نێوان مرۆڤەکان دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی نێوان چینەکان تا جیاوازی چینایەتی زیاتر بێت ململانێکانیش زیاتر دەبن و شێوە و شێوازی بەربەرەکانێی زیاتر بەخۆوە دەبینێت. سیستەمی سەرمایەداری هەردەم بەدوای بازاڕ و قازانجدا دەگەرێ، هەتا ئەگەر لەسەر لاشەی مرۆڤەکانیش بێ بەلایەوە گرنگ نیە، بەڵکو ئاستی قازانجەکە بەلایەوە گرنگترینە.
لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا(کۆڤید 19) وەک دەزانین سەرەتا لە ووڵاتی چین بڵاوبۆوە دواتر چەندین ووڵاتی تری گرتەوە ئێستا لە زۆربەی ووڵاتانی گۆی زەوی بڵاو بۆتەوە، ئەوەی کە تێبینی دەکرێ بڵاوبوونەوەیەکی زۆر خێرایە و زیانەکانیشی زۆر مەترسیدارە، بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە هێشتا جێگای گوومانە.
پزیشکان بە گشتی و پسپۆڕانی تایبەت بەڤایرۆسەکان واتە(ڤیرۆلۆگی) لە ڕووی پیشەییەوە دەڕواننە بابەتەکە و لەو باوەڕەدانین کە مرۆڤ دەستی هەبێت لە دروستکردنی ئەو ڤایرۆسە یا ووڵاتێکی وەک ئەمەریکا دەستی هەبێت لە بەرهەمهێنانی ئەو ڤایرۆسە و بڵاوکردنەوەیدا. بەدەر لە بابەتە پزیشکیەکە لە ڕووی سیاسیەوە دەبینین سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد تڕەمپ پێداگرە لەسەر ئەوەی کە ناوی ڤایرۆسی کۆڕۆنا(کۆڤید 19) بگۆڕێ و بیکاتە(ڤایرۆسی چینی) ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوونە بە ململانێی نێوان ئەو دوو ووڵاتە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا پێداگری ئەمەریکا دژ بە چین لەم کاتەدا بە واتای لە دایکبوونی جەمسەرێکی ترە بەرامبەر بە ئەمەریکا کە ڕەنگە ئەو جەمسەرە تازەیە لە ڕوانگەی ئەمەریکا ووڵاتی چین بێت؟ یا ئەمەریکا هەست بە خۆی دەکات لە قۆناغی کۆتایی سەرکردایەتی کردنی سیستەمی سەرمایەداریدایە.
دەرکەوتنی چین وەک زلهێزیکی ئابووری و چاوەڕێش دەکرێ لە داهاتوودا ووڵاتی هندستان بەهەمان ڕێچکەی چین ببێتە زلهێزێکی تری ئابووری لە جیهان تەرازووەکە لە ئاستی جیهان دەگۆڕێ و تاک جەمسەری کۆتایی پێدێ و فرە جەمسەری پێکدێت، ئەوەش بێگوومان پێگەی سیاسی و ئابووری ئەمەریکا لاواز دەکات. لەبەرئەوەی ئەمەریکا زوو هەستی بەو ڕاستیە کردووە، بۆیە دژایەتی چین دەکات. ئەو گریمانەیە وایکردووە مرۆڤ بە گومانەوە بڕوانێتە ڤایرۆسی کۆڕۆنا(کۆڤید 19) کە تەنگی بە مرۆڤایەتی هەڵچنیووە.
پرسیارێکی تر کە لای مرۆڤ دروست دەبێت سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئەویش ئەوەیە ووڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا کە پیشەنگن لە دروستکردنی تەکنەلۆجیای تەندروستی و خاوەن سیستەمی تەندروستی زۆر پێشکەوتوون بەتایبەتی ئەڵمانیا دواتر بەریتانیا و فەڕەنسا و تا دەگاتە ئەمەریکا، هۆکار چیە سەرەتا زۆر بەسادەیی مامەڵەیان لەگەڵ ڤایرۆسی کڕۆنا کرد؟ لە توانایاندایە بچنە سەر مانگ و مانگی دەستکرد دروستبکەن خاوەنی باشترین پیشەسازی ئەلیکتڕۆنی و پیشەسازی قورسن، لە کاتێکدا بە ملیارەها دۆلار تەرخان دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڕۆنا و قەرەبووکردنەوەی ‌هاووڵاتیانی ووڵاتەکانیان، چۆن دەبێ ژمارەیەکی کەم لە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد لە نەخۆشخانەکانیاندا هەبێت، یا ماسک و پێداویستی تر لە نەخۆشخانەکانیاندا نەبێت یا زۆر کەم بێت کە لە خودی ئەو ووڵاتانە دروست دەکرێت و بەرهەمدەهێندرێت و هەناردەی ووڵاتانی تریش دەکرا؟ لەوەش سەیرتر لە ووڵاتی(سوید) حکومەت پێیوابوو ئەگەر گەنجەکان تووشی کۆڕۆنا ببن ئەوا بەرگری لەشیان بەهێز دەبێت، ئەو بۆچوونە وەکو ئەوە وایە ووڵاتێک پێشوازی لە ڤایرۆسەکە بکات!!
ووڵاتی ئیتاڵیا بەتەنیا توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نیە، یارمەتی پێوویستی لە ووڵاتانی ئەندام لە یەکیەتی ئەوروپا و ناتۆ پێنەگەیشت، بەڵکو ووڵاتی چین فریای کەوت ئەوەش پێگەی چین زیاتر بەهێز دەکات، چین یارمەتی گەیاندە ووڵاتانی تریش لەوانە فەڕەنسا و بەلجیکا و ئێران و عیڕاق و هەرێمی کوردستان.
لێرەدا ئەوەی ڕوودەدا ئەگەر نەتوانین حوکمی لەسەر بدەین کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا شەڕێکی مایکڕۆبایۆلۆجیە لەلایەن سیستەمی سەرمایەداری جیهانی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەرپا کراوە لە پێناو داڕمانی ئابووری ووڵاتێکی وەک چین، بەڵام دەتوانین بڵێین ئاماژەیەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ لاوازبوونی ئەمەریکا و سیستەمی سەرمایەداری، بەرەو کۆتایی چوونی تاک جەمسەرییە لە جیهان، باجەکەش خەڵکی چەوساوە دەیدات و دەبێتە قوربانی.

 

نووسینی: فوئاد زیندانی

 

 

ب - ل

 

کەرەنتینە؛ کتێب و بیرکردنەوە 

سەروەت تۆفیق

مرۆڤ هەر لەگەڵ دروستبوونی ئەوەی بۆ دەرکەوتووە؛ کە کارێکی قورس و گرانە بە تەنیا بژی و بەرکەوتنی نەبێ لەگەڵ خەڵک؛ تا بیروڕا بگۆڕنەوە و کات ببەنە سەر و گەشت بکەن؛ لە یەکترییەوە فێری شتی نوێ ببن؛ لەلایەکی ترەوە ئەم بەرکەوتنانە زۆرجار بەبێ باجی قورسیش تێنەپەیڕون و شەڕ و دەنگەدەنگ و تەنانەت ماڵ وێرانیشی بە دوای خۆیدا هێناوە. ئەوەش روونە کە لە بەرئەنجامی بەریەک کەوتنی شارستانیانە و کێبڕکێی ئەقڵ و بیروڕا وایکرد جیهان لە پێشکەوتن و داهێنانەکانی بەردەوام بێ و ژیان بگاتە ئەم ئاستە گەشەکردووە.

ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و کەرەنتینەکردنی گشتی، هەم جۆرێکە لە تاقیکردنەوەی ئیرادەی ئینسانەکان، هەم دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە بیرکردنەوە و کردارەکانیاندا بکەن، لە باشەوە بۆ باشتر و تەرکیز خستنە سەر خۆمان و لە جیاتی خەڵکی تر، چونکە خۆبەشت زانین ئەوەیە تەرکیزت لەسەر لە خەڵکیتر بێ و خۆشت پڕبیت لە کەموکوڕی و بەجێماوی ئەقڵی کۆن بی،  بۆیە ئەم کاتەی کە لەبەردەستی هەمووانە لەوانەیە دووبارەبوونەوەی لە مێژوودا زەحمەت بێ.

چەندە ناخۆشە ئازادی سنورداربێ و جوڵە و بینینی خەڵک کەمتربێ، ئەوەندە ناخۆشترە کە شتێکی نوێ فێر نەبووبێتین و لانیکەم گۆڕانکارییەکی کەمیش بێ لە بیرکردنەوەماندا رووی نەدابێ، بۆیە کە هەمووان لە کەشتییەکداین هەم گرنگە واز لە رق و کینە بهێنین؛ کە کەس نازانێ ئەو سەری دەریاکە کوێیە و دەگەینە کەنار؛ یان نا، هەم گرنگە بپرسین لە خۆمان کە دەمانەوێ چۆن ئەو کاتە زۆرەی کە هەیە و خەڵکیش بێزاربوونی خۆیان لە بەرامبەری دەردەبڕن؛ چی بکەین تا راستەوخۆ بۆ سودی خۆمان و ناڕاستەوخۆش بۆ سودی گشتی بەکاری بهێنین.

پێش هەموو شت باشترە ئینسان لەوە تێ بگات؛ هیچ کات ئینسانێکی کامڵ و خاوەن بیروباوەڕی بەهێز و تەندروست و کەسایەتی گەورە لە رووی بیرکردنەوەوە لەناو فەوزا و ژاوەژاودا پێ ناگات؛ پێش بگات بۆ مەودایەکی کورتە؛ چونکە بیرکردنەوەکە کورت بووە، لەبەرئەوەی لە فەوزادا ئینسان کاتی ئەوەی نابێ بیربکاتەوە و راست و چەپی خۆی ببینێ و مێشکی لەو بازنە بچوکەی کە بۆخۆی کێشاویەتی دەخولێتەوە؛ ئەم خولاندنەوە بەردەوامە بوار بە هیچ کەس نادات بیرکردنەوەو ئەزمونێکی نوێ و وانەیەکی باش فێربێ و فراوانتر بیر بکاتەوە. تا هیچ نەبێ لە ساڵانی رابردووی تەمەنمان نەچین.

سەرنج بدەن جگە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان هیچ مرۆڤێک بە چاوی مناڵییەوە لە ئاستی پێگەیشتن نابیندرێ؛ ئەوەش هۆکارەکەی لەوانەیە ئەوەبێ کە زۆرینەی خەڵک لە کۆمەڵگەی دواکەوتوودا درەنگ گەورە دەبێ. بۆیە لە جیاتی قسەی زۆر باشترە گوێبگرین لە خەڵکانی خوێنەوەر و پێگەیشتوو کە دەزانن کۆمەڵگە چۆن ئاڕاستەی بیرکردنەوەی باشە بکەن، نەک پێچەوانەکەی. یاخود لە لاپەڕەی کتێبەکان و تەماشاکردنی فیلم و دراماکانەوە فێربین کە رێگەیەکی زۆر گونجاو راستە بۆ تێگەیشتن و پێگەیشتنمان. قسەی کتێب هەزاران جار، لە ریز کردنی وشە بێمانا و لاوازەکان باشترە کە هیچی لێوە فێرنەبی.

لەلایەکی ترەوە ئەوانەی کە هەمیشە پێیانوایە کێشەو گرفت و خەمیان هەیە، ژیان ئاویان لێ ناداتەوە و بەدبەپخت بە قەولی خۆیان، پێویستە لە هەموو کەس بەهێزتر و خۆڕاگرتربن، لەوانەیە ئەو نەهامەتی و بێزارییە بزانیت ئاڕاستەی بکەی، مژدە هێنەری هزری پێ بێ، چونکە پێویستە هەستێک؛ یاخود ناڕەحەتیەکی راستەقینەت هەبێت تا هزر لە دایك بێت، واتە ئەو ئیرادە باشەی کە هەتە خۆشتبووێ و کاری باشە لەگەڵ بیرکردنەوەکانتدا بکە؛ تا توانای پەلکێش کردنی چواردەوری خۆتت هەبێ. ئاخر هزر لە سەرەتاوە ئەنجامەكانی زامن نییە، بەڵکو ئەو کاریگەریانەی کە لەسەر ئینسانەکە دروست دەبێ دواتر بەرهەمێکی دەبێ.

لەوانەیە ئەگەر (نیتچە) نەخۆش نەبوایە، بیریارێكی لێ دەرنەچوایە، ئەو لە شتێكی كەم بوو، بۆئەوەی ببێت بە بیریار ئەویش شۆک و هیوا و نائومێدیەکی گەورە بوو، چونکە ئەوکاتەی ئینسان لەو نائومێدیە خۆڕاگر دەبێ سەرباری ئازار و ناڕەحەتیەکانی دەتوانێت بۆ باشەو لە پێناو باشە؛ تەندروست و هێمن بیر بکاتەوە، مومکین نییە جیاواز و بە تواناتر و کاریگەرتر دەرنەکەوێ، رێک وەک ئەو نێوان دوو بەردە دەبێ؛ کە هەتمەن گوڵی لێ دەڕوێ.

دەگونجێ ئێمە نەبینە هیچ کام لەوانەی کە هەبوون. بەڵام دەکرێ مرۆڤێکی دوبارە نەبین، مرۆڤی دوبارە بە سیفەتی ئەوەی هەمیشە قسەی خەڵک دەڵێتەوە؛ بێ ئەوەی خۆی بیربکاتەوە یەکسەر بڕوا دەکات، رقی لە هەموو شتێکە و دانی خێر بەکەسدا نانێت؛ بێ ئەوەی خۆی زیادەیەکی پێ بێ؛ نەک هەر بۆ خۆی؛ بەڵکو بۆ چواردەور و کۆمەڵگە و ژیان بە گشتی، دوبارەیە واتە لە هەموو خراپەکانی خەڵک شت فێر دەبێ؛ بێ ئەوەی باشییەکانیان ببینێ و سودێکی لێوەربگرێ، دوبارەیە واتە لە بێ کەڵکەکانە بۆ کۆمەڵگە، بەکورتی تەنها لە خۆی ناچێ، بۆ ئەوەی ئەم دوبارەییە لە ناو بەرین پێویستە بخوێنینەوە و بیربکەینەوە تا فێربین و دەربڕینەکان بەرزبکەینەوە؛ چونکە دەربڕین زمانی بیرکردنەوەیە.

بۆیە ئەم کاتەی کە ئێستا هەمانە لە کەرەنتینەدا بابیکەینە ناسنامەی گۆڕانکاری باش لە بیرکردنەوە و کردارە هەڵەکانمان راست بکەینەوە و دڵی هەموو ئەوانە بدەینە کە لێمان زویربووین، واتە رێگە و دەرفەتێکە بۆ بنیاتنانی خودی خۆمان و پێداچونەوەیەک بێ بە لایەنە باش و خراپەکانی خۆماندا لە رێگەی بیرکردنەوە پۆزەتیڤەکان. دواتر قازانجی یەکەم لەم بیرکردنەوەیە خۆمان دەبین؛ دووەم کۆمەڵگە .

زینی وەرتێ، سەرەتایی کێشەیەکی نوێ

دەمێکە هەندێک ناوچە لە کوردستان بە ناوجەی هەستیار ناسراون، ئەگەڕ بە درووستی مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت، لەوانەیە لەو شوێنانە کارەساتی گەورە بکەێتەوە.

زینی وەرتێ، ئەو باسکەیە کە سنووری جوگرافیای ناحیەی وەرتێ ، تاقانە ناحیەکەی قەزایی رواندز، لە سنووری قەزای رانیە جیادەکاتەوە، ناحیەی وەرتێ کە شەڕی ناوخۆ دانیشتوانەکەی بەسەر ( رانیە لە دیوێک و سۆران و رواندز لە دیوەکەی دیکە) دابەشکردووە، لە هەر پێشهاتێک و گرژیەکی نێوان پارتی و یەکێتی، ئەو سنوورەی نێوانیان لە زینی وەرتێ تۆخ دەکرێتەوە، سەرنجام دەبێت خەڵکەکەی باجی ئەو ناکۆکیانە بدەن.
گوندی وەرتێ، جگە لەوەی لە سەرجەم شۆڕشەکانی گەلی کوردستان وەک ناوچەی ئازادکراو، شوێنی بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بووە، دانیشتوانەکەشی زۆربەی زۆری لە شۆڕشەکان پێشمەرگە بوونە، و وەک هەر ناوچەیەکی کوردستان زۆرترین شەهیدیان لە پێناوی رزگاری گەلەکەیان داوە، بەتایبەت لە شەڕی تیرۆرستانی داعش.
خەلکی وەرتێ وێڕای ئەوەی لە شەڕی ناوخۆ بەسەر یەکێتی و پارتی دابەشبوونە، بەڵام بەوە ناسراون کە خەڵکێکی یەکگرتوون و ناوچەکەی خۆیان خۆشدەوێت، بۆیە هەمیشە کێشەکانیان کێشەی ئەوانی دیکەیە، و ئاگری شەڕی خەڵکی دیکەیە کە ماڵی وەرتیان دەسوتێنێت.
چەند رۆژێکە بە بیانووی رێوشوێنەکانی رێگری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، زینی وەرتێ جارێکی دیکە بۆتە شوێنی ناکۆکی هێزەکان، ئیدارەی ناوچەکە رێگری لە خەڵکی وەرتێی دانیشتووی سنووری رانیە دەکات بگەڕێنەوە سەر ڕەز و باغەکانیان، کار گەیشتە ئەوەی هێزێکی پێشمەرگە ببردرێتە ئەو شوێنە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، دەمێکە مەبەستیەتی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەو شوێنە ئاوەدان بکاتەوە، یەکێتی لەو هەنگاوەی پارتی بە گومانە، هەروەها پێداگیری دەکات کە ئەو هێزەی دەچێتە ئەو سەنگەرانە دەبێت لە هێزە هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بێت.
جیا لە پارتی و یەکێتی، کارەکتەری سێیەم کە بەو هەنگاوەی هێزی پێشمەرگە هەستیارە، بریتیە لە هێزەکانی (PKK)ە . ئەوان پێیان وایە چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ رێگریە لە بوونی گەریلاکانی PKK لەو ناوچەیە، و سەرتایی گەمارۆدانی بارەگاکانی PKK یە، لە قەندیل و ناوچە سنووریەکان، بە قازانجی ئەجێندای تورکیا کە دەمێکە تورکیا نەخشەی بۆ دەکێشێت.
لە ئێستا بە بوونی سێ هێزی چەکداری جیاواز لە زینی وەرتێ ، کە هەریەکەیان خاوەنی ئەجێندای تایبەتی خۆیەتی، و هیچ یەک لەو هێزانە متمانەی بەوی دیکە ناکات، پێشبینی دەکرێت ئەو ناوچەیە بکرێتە خاڵی تەقینەوەی ناکۆکیەکان، بە تایبەت ئەگەر بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانە نەکرێت.
ترسی کۆڕۆنا لە هەموو جیهان کێشە سیاسەکانی وەلاناوە، هەمووان غەمیان بۆتە غەمی زاڵبوون بەسەر مەترسیەکانی ئەو ڤایرۆسە، بەڵام ئێمەی کورد وا نین، ناکۆکیەکان هەمیشە لەناوی ماڵی کوردی بوونی هەیە، لەوەش خرابتر خەونی داگیرکەرانە کە هەمیشە دەیانەوێت ماڵی کورد بێ کێشە نەبێت، و کوردستان بکرێتە مەیدانی شەڕێک کە ئەوان ئاگرەکەی خۆش دەکەن.

 

(  هیوا سەید سەلیم  )

 

 

 

 

 

کۆرۆنا و مرۆڤ..!

لوقمان حەوێز

ئەگەر کۆرۆنا بەئاگا بووایە و هەستی هەبووایە هەرگیز مرۆڤی نەدەکردە خانەخوێ بۆ خۆی، ئەو نازانێت بونەوەرێکی هەڵبژاردوە لەنێو شیردەرەکان زۆر لەخۆی ترسناکترە..!

ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی سێ مانگە لەوەتەی لەنێو مرۆڤەکان بڵاوبۆتەوە 3 بۆ 4 هەزار مرۆڤی کوشتووە، بەڵام هەموو ڕۆژێک لایەنی کەم 700 بۆ 800 مرۆڤ لەلایەن مرۆڤی ترەوە تەنیا بەچەک دەکوژرێن لە سەرانسەری جیهان، دڵنیام کۆرۆنا دوای ماوەیەکی کەم کۆنتڕۆڵ دەکرێت، بەڵام بەداخەوە کوشتنی مرۆڤەکان لەلایەن خۆیانەوە هەر بەردەوام دەبێت..!

کۆرۆنا دەیەها ملیۆن ساڵە پێش مرۆڤیش هەر هەبووە لەسەر زەوی، سروشت ڕێگەی پێداوە لەنێو خانە و لەشی هەندێک لە شیردەر و باڵندەکاندا بژییت، تەنیا زیانی بەو کۆمەڵە زیندەوەرە گەیاندووە کە خانەخوێی ڤایرۆسەکە بوون و هیچ زیانێکی بۆ ژینگە نەبووە، بەدەر لەو چەند جۆرە شیردەر و باڵندەیەش بەگژ زیندەوەرەکانی تردا نەچۆتەوە، بەڵام مرۆڤ تەنیا نزیکەی دووسەد هەزار ساڵە لەسەر هەسارەی زەوی هەیە، تەنیا لەو چەند سەد ساڵەی ڕابردووش تاوەکو ئێستا 46% ی هەموو دارستانە سروشتیەکانی سەر ڕووی زەوی تەخت کردووە، ئەمەش واتە بڕینی ملیارەها درەخت، مرۆڤ دەیەها هەزار ئاوێتەی ژەهراوی داهێناوە و بەشێکی زۆریش لەو ئاوێتانە هەوا و ئاو خاکی زۆربەی ڕووبەرەکانیان پیس کردووە، لەڕێگەی بەکارهێنان و سوتاندنی بڕێکی ئێجگار زۆریش لە دژە ژینگەترین جۆری وزە کە نەوت و گاز و خەڵوزی بەردینە گۆڕانکاری ترسناکی لەنێو سیستەمی ژینگەیی دروستکردووە، پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەش و هەوا بەشێکن لەو گۆڕانکاریانە، مرۆڤ پتر لە نیوەی ژمارەی هەموو شیردەرە کێویەکانی لە سروشت لەناوبردوە، ڕێژەیەکی بەرچاوی لە باڵندەکان و گیاندارە ئاویەکانیشی کەمکردۆتەوە، زۆر جۆریشی لەوانە بەتەواوی لەناوبردووە..!

کۆرۆنا تەنیا 3% ی ئەو مرۆڤانە دەکوژێت کە دەچێتە نێو لەشیانەوە، کۆرۆنا نەبۆتە و نابێتە هۆی لەناوبردنی هیچ جۆرێک لە زیندەوەر (جۆر نەوەک ژمارە)، جگە لەوەی لەوانەیە زووتر بنبڕ بکرێت بەڵام ئەگەر مایەوە لەوانەیە تا ئەو پەڕی ساڵێکی تر ڤاکسینێک بدۆزرێتەوە لاوازی بکات و لەناوی ببات لەنێو مرۆڤەکان، هەرچی مرۆڤە بەهۆی وێرانکردنی ژینگە و چالاکیە لەڕادە بەدەرەکانی دەیەها ساڵە دەستی کردووە بە لەناوبردنی بەکۆمەڵی زیندەوەران لەسەر هەسارەی زەوی، تا کۆتایی ئەم سەدەیە لەوانەیە جۆرەکانی ئەو زیندەوەرانەی لەسەر دەستی مرۆڤ بۆ هەتا هەتایە لەناو دەچن بگاتە پتر لە یەک ملیۆن جۆر، ئەمەش دەکاتە لایەنی کەم 15% ی هەموو ژیان لەسەر هەسارەی زەوی..!

ئێستا خۆتان بڕیار بدەن، کامیان ترسناکترن بۆ ژیان..؟ کۆرۆنا یان مرۆڤ..؟